له كۆچی گهنجان دهكۆڵنهوه
__2015_11_11_h18m35s55__LB.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی پێك هێنا بۆ کۆڵینەوە لە كۆچی هاووڵاتیانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی تری پێك هێنا سەبارەت بە کۆڵینەوە لە كۆچی هاووڵاتیانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات. بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی دەرەوە، ناوخۆ، پەروەردە و، كۆچوكۆچبەران، هەرچوارەکەیان و، نوێنەری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆ لەو ماوەیەدا ئێمەش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا لیژنەیەكمان پێك هێنا و، هۆكاری كۆچی گەنجانمان دەستنیشان كرد بۆ حكوومەت. بەڵام پێكهێنانی ئەم لیژنانە سوودی نییە و دەرەنجامێكی وایشی نابێت چونكە هۆكاری كۆچی گەنجان دیارە. پێویستە هەوڵ بدرێ هۆكاری كۆچی گەنجان كەم بكرێتەوە و نەهێڵدرێت. كێشەكە ئەوەیە عێراق ستراتیژییەکی دیاریكراوی نییە."
(جاف) دەیشڵێت: "گەنج بۆیە كۆچ دەكات چونكە دانەمەزرێندراوە و ئەم ململانێ سیاسیەیی ئەمڕۆی عێراق كاریگەرییەكی زۆر نەرێنیی تێ كردوون و، نەتواندراوە ئەمن و، ئاسایشێكی پێویستی بۆ دابین بكرێت، بۆیە گەنجان وڵات بەجێ دەهێڵن. هۆكارەكان دیاریكراوە، بەڵام چارەسەرێك نییە بۆ ئەم كێشانە، چونكە ئەگەر باسی دامەزراندن بكەین دەڵێن حكوومەت لە قەیرانی داراییدایە و ناتوانێ خەڵك دابمەزرێنێت. بۆ مەسەلەی ئەمن و ئاسایشیش دەبێ خاكی عێراق لە داعش پاك بكرێتەوە و ڕێگە لەو هەڕەشانە بگیرێت كە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، ئەوەش هەر زۆر ئەستەمە. ململانێی هێزە سیاسیەكانیش زۆر خەڵكی بێزار كردووە و دەروونی شڵەژاندوون."
لەبارەی كۆچی گەنجانی كوردستانیشەوە گوتی: "هۆكاری كۆچی گەنجان لە هەرێمی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ عێراق، چونكە خۆ ئێمە بەغدا لە 2014وە بوودجەی بۆ نەناردووین كە بوودجەش نەبوو ناتواندرێ خەڵكی دابمەزرێندرێت بۆیە ئەم قەیرانە هۆكارێكی سەرەكییە لە هەرێم. ئەم هاشوهووشەی میدیا حزبییەكانیش بە تەواوەتی كاری کردووەتە سەر گەنجان و خەڵكی زۆر هیلاك كردووە."
ئێستا خەڵکی عێراقی بە تایبەتی گەنجان لەبەر ئەو ڕەوشە خراپەی ئاسایش و سیاسەت و ئابووری کۆچ دەکەن.
سەرباز واحید




