شەھرستانی لە بەڵێنێکی خۆی پەشیمان دەبێتەوە
__2015_11_11_h16m10s47__LB.jpg)
كهركووك -KDP.info- بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی عێراق دەڵێت، (حوسێن شەھرستان) بەڵێنی دابوو کە هەر کاندیدێک بۆ سەرۆکی زانکۆی کەرکووک دیاری بکەین پێی ڕازی دەبێت، بەڵام دوای دیاریکردنی کاندیدەکە پاشگەز بووەوە لە بەڵێنەکەی.
بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی عێراق (د. سەلام خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا کابرایەکی شیعە بە وەکالەت کراوەتە سەرۆکی زانکۆی کەرکوک ووەزیری خوێندنی باڵا (حوسێن شەھرستانی) دەیەوێت کەسێکی شیعە ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆیە بە کاندیدی دیکە ڕازی نابێت."
(د. سەلام خۆشناو) گوتیشی، لەسەر قسەی حوسێن شەھرستانی چوومە کەرکووک و ماوەی نزیکەی چوار مانگ لەوێ مامەوە بۆ ئەوەی کاندیدێک بۆ سەرۆکی زانکۆی کەرکووک دیاری بکرێت و، لەو ماوەیە توانیم ھەموو لایەک ڕازی بکەم وکاندیدێک دیاری بکەین، چونکە (شەھرستانی) بەڵێنی دابوو کاندیدێک دیاری بکەین پێی ڕازی دەبێت، بەڵام دوای ئەوەی گەڕامەوە بەغدا لە بەڵێنەکەی باشگەز بووەتەوە بەو بیانووە ئێستا کاتی چاکسازییە و، جارێ وەختی ئەو پرسە نییە.
بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی عێراق ڕوونیشی کردەوە، کە لە بەڵێنەکەی پاشگەز بووەتەوە و ڕازی نییە بەو کاندیدەی ھەمووان لەسەری ڕێک کەوتووین، ھەموو لایەنەکانم ئاگادار کردووەتەوە و، ئێستا لایەنەکان لە کەرکووک پێویستە بڕیاری خۆیان بدەن چی بکەن.
بڵند ئیبراھیم




