پلانەکەی ڕووسیا بۆ ئاشتی لە سووریا ئاشکرابوو

سووریا-KDP.info- بەپێی ڕاپۆرتێکی (بیبیسی) پلانی ڕووسیا بۆ ئاشتی لە سووریا خۆی لە ڕەشنوسە پرۆژەییەکدا دەبینێتەوە و، ئێستا لەناو باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئەو دۆکیومێنتە پلانە دێت و دەچێت.
بەگوێرەی پلانەکە کە (ئەسۆشێتدپرێس) باسیکردو، دەبێت سووریا لەماوەی (١٨ مانگدا) قۆناغەکانی دانان و داڕشتنی دەستورێکی نوێ دەبێت تەواوبن و ئینجا دواتر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
لە ڕەشنوسە پرۆژەکەدا هاتوە گروپە دیاریکراوەکان و سەرەکیەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریالە پرۆسێسەکانی ئاشتی و، هەروەها گفتوگۆکاندا بەشداری پێدەکرێن و، هیچ باسێکیشی تێدانیە ئاخۆ (بەشار ئەسەد) دەبێت کاندیدبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە، هەروەها ئەوەیشی تێدایە کە قۆناغەکانی پلانی ئاشتی لەلایەن سەرۆکی سووریاوە بەڕیوەدەبرێن.
لە پلانەکەدا هاتوە پرۆسێسەکانی ئاشتی لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە لایەنەکان لەسەری ڕێکدەکەون، هەروەها ئەو کەسەی بە سەرۆکی داهاتووی سووریا هەڵدەبژێرێت دەسەڵاتەکانی فەرمانداری هێزەکانی سوپا و، کۆنتڕۆڵی خزمەتگوزارییە تایبەتیەکان و، سیاسەتی دەرەوەیشی دەبن.
بۆ دەستپێکی کارکردن لەسەر ئەو پرۆژەییە، داوا لە (ستیڤان دیمستۆرا) نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سووریادا کراوە کە دەست به قۆناغەکانی ڕێکەوتنی سیاسی و ئاشتی لە سووریادا بکاتەوە.
شیاوی باسە، ئەو ڕەشنوسە پلانەی ڕووسیا بۆ ئاشتی لە سووریادا خۆی لە هەشت خاڵدا دەبینێتەوە و بە نەخشە ڕێگای تێپەڕاینی دۆخی ئێستای سووریا دادەنرێت.
ئاشکراکردنی ئەو ڕەشنوسە پلانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی شەممەی دادێت گەڕێکی دیکەی دانیشتنەکان بۆ قسە کردن لەسەر دۆخی سووریا بەڕێوە بچن، کە تیایدا نزیکەی (٢٠) وڵاتی جیهان بەشداری تێدادەکەن و ئامانجی سەرەکیش لەو دانیشتنە گەیشتنە بە ڕێكکەوتن لەسەر ئاگربەست لەنێوان حکوومەتەکەی (بەشار ئەسەد) و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا. لەو کۆبونەوەیەیشدا تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سووریایی نە لەحکوومەت و نە لە ئۆپۆزسیۆن بانگهێشت نەکراون.
و/ خالید ئەحمەد




