پرسی قۆناغی چارەسەری دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا

ئانكارا-KDP.info- پرسی قۆناغی چارەسەری لە ساڵی 2007ـدا لەسەر دەستی پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" لەناو توركیا بۆ چارەكردنی كێشەی كورد و، بەدێهێنانی ئاشتی خرایە بەر باس. ئەندازیاری ئەو پرسە سەرۆككۆماری ئێستای توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) بوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیاوە، ئەو پرسە پەكی كەوتووە.
دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی نافەرمیی هەڵبژاردنی 1ـی نۆڤەمبەر و سەركەوتنی ئاكەپە، كە توانی 317 كورسیی پەرلەمانی بە دەست بهێنێت، ئەو پرسە لەناو مێدیاكاران و سیاسەتمەدارانی توركیا و دەرەوەی توركیا خراوەتەوە بەر باس و، داوا دەكەن دووبارە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكەنەوە.
بەڵام ئەمجارەیان ئاكەپە دەیەوێت بە شێوازێكی دیكە ئەو پرسە بهێنێتەوە بەر باس، كە دەركردنی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"ـیە لەسەر مێزی گفتوگۆ، ئەوان نایانەوێت هەدەپە ببێتە لایەنی چارەكردنی ئەو پرسە. ئەمەیش دوای ئەوەی هەدەپە لە هەڵبژاردندا یەك ملیۆن دەنگی لە كەمی دا و 21 كورسیی پەرلەمانی لە دەست دا.
(عومەر چەلیك) گوتەبێژی ئاكەپە لە بارەی پرسی قۆناغی چارەسەری بۆچوونێكی جیاوازی پارتییەكەیان دەخاتە روو و، پێی وایە مەحاڵ نییە كە دووبارە ئەو پرسە بهێنرێتەوە بەر باس، بەڵام نابێت گفتوگۆ لەو بارەیەوە لەگەڵ هەدەپەدا بكرێت.
(چەلیك) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئانكارا، لە بارەی ئەو پرسەوە ئاماژە دەدات كە، مەرجی ئاكەپە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەدەپەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی قۆناغی چارەسەری بكەن، زۆر روونە و دەبێت قەندیل بە فەرمی چەك دابنێت و توركیایش جێ بهێڵێت. هەروەها دەبێت هەدەپەیش بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەوان رابگەیێنێت و بیسەلمێنێت كە لایەنگیری لە تیرۆر ناكات، كە مەبەستی لە تیرۆر پەكەكەیە.
لە لایەكی دیكەوە راوێژكاری فەخریی سەرۆكوەزیرانی توركیا (مەحجوبیان) لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی توركیا، لە بارەی پرسی قۆناغی چارەسەرییەوە بۆچوونێكی جیاوازی هەیە. ئەو پێی وایە كە لەمەودوا حكوومەت بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هەدەپەدا كۆ نابێتەوە لەسەر پرسی قۆناغی چارەسەری، چونكە لەم هەڵبژاردنەدا بۆی دەركەوت كە خەڵكی كورد هەدەپە بە نوێنەری خۆیان نازانن و روویان لە ئاكەپە كردەوە، بۆیە رەنگە ئەمجارەیان هەدەپە بچێتە دەرەوەی گفتوگۆكەوە.
(مەحجوبیان) پێی وایە كە، پرسی قۆناغی چارەسەری دەهێنرێتەوە بەرباس، بەڵام ئەمجارەیان خەڵكی كورد لەسەر ئەو پرسە دەدوێنن و چارەسەری كێشەكان راستەوخۆ لەگەڵ خەڵكدا دەكرێت، نەك هەدەپە.
(عوسمان بایدەمیر) پەرلەمانتاری هەدەپە لەسەر شاری شانلی ئورفا، لە كاتی قسەكردنی بۆ خەڵكی ئەو شارە و، سوپاسكردنی بەوەی دەنگیان پێ داوە، رووی قسەی لە ئاكەپە كرد و ئاماژەی دا كە، پێویستە پرسی قۆناغی چارەسەری دووبارە بهێنرێتەوە بەر باس و، هەدەپەیش رۆڵی سەرەكی تێدا بگێڕێت.
(بایدەمیر) گوتی، خەڵك دەنگی بە ئاكەپە داوە بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت، نەك دووبارە شەڕ هەڵبگیرسێتەوە، بۆیە گرینگە ئاكەپە نەهێڵێت پۆلیس و گەریلا و سەرباز شەهید ببن.
كارزان گلی




