٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لەبارەی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییه‌وه‌.. (سەركەوتن و دیموكراسی و سەربەخۆیی)

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربان، چەند ڕاستییەكی وەبیر لایەنە سیاسییەكان هێنایەوە. ئەو ڕاستیانەی كە بەهۆی شەڕی ڕاگەیاندن و هاتوهاواری لایەنەكان لە خەڵكی كوردستان دەشاردرایەوە. بە هەموو پێوەرێك كوردستان لە قۆناغێكی ئینتیقاڵیدایە. دروستبوونی ئەو قۆناغەیش هۆكارەكەی تەنیا خودی كوردستان نییە، بەڵكو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و شەڕی داعش و سیاسەتە هەڵەكانی بەغدا ئەم دۆخەی هێناوەتە كایەوە.
یەكەم: كە بارزانی لە پەیامەكەیدا شەڕی داعش بە ئەولەوییەتی خۆی دەزانێ، مەبەستی ئەوەیە، كە شەڕی داعش پێویستە یەكلایی ببێتەوە و ئەو یەكلاییبوونەوەیش، دەبێ لە بەرژەوەندیی كوردستان بێت. سەركەوتنی كوردستان لەم شەڕە، واتای دیاریكردنی سنوورەكانی كوردستان دەدات. ئەوەیش گرفتی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كۆتایی دەهێنێت و، هەنگاوێكی گرینگە بەرەو سەربەخۆیی كوردستان.
دووەم: ئەولەویەتی تری سەرۆك بارزانی، كاركردن بۆ سەربەخۆییە. سەربەخۆیی، پەیوەندی بە هیچ حزبێكەوە نییە. مافێكی ڕەوای هەموو خەڵكی كوردستان و دەرفەتی ئەم هەنگاوە زۆر لەبارە. كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزێ و تۆكمەتر ببێت پێویستی بە سەربەخۆییە. سەربەخۆیی سەركەوتنی هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان و تێكڕای حزبەكانە. ئەگەر حزبەكانیش ئەو ئامادەییه‌یان نەبێ ببنە بەشێك لەم شانازییە، ئەوە زەروورەتی دۆخەكە ئەوە دەخوازێت، یارمەتیدەری پڕۆسەكە بن. ئێستا كوردستان نە هەرێمە و نە دەوڵەت، هیچ جۆرە پەیوەندییەك، كوردستان و عێراق بەیەكەوە نابەستێتەوە. بەغدا تەواو پشتی كردووه‌تە كوردستان و، لە شەڕی داعشدا یارمەتیی پێشمەرگەی نەداوە. هاوكاریی كوردستانی نەكردووە بۆ حەواندنەوەی سێ ملیۆن ئاوارە و، بودجەكەیشی بڕیوە. بۆیە دەبێ پێداچوونەوە بەم پەیوەندییە نابەجێیە بكرێت كە كوردستان بە بەشێك لە عێراق دەزانێ. باشترین وەڵامیش بۆ سەد ساڵ قوربانیدانی گەلی كوردستان، ڕزگاربوونە لە زنجیری عێراق و گەڕاندنەوەی بڕیاری چارەنووسە بۆ كوردستانیان.
سێیەم: بوونی جیاوازیی بیروڕا لەسەر سیستەمی سیاسی و دەستەڵاتەكان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك، بابەتێكی ئاساییە و نیشانەی زیندوویەتیی كوردستانە. بەڵام ئەم ناكۆكییە بە كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی و یەكترشكاندن و شەڕەجنێو و وەرگرتنی ئیمتیازات و چاوچنۆكی، چارەسەر نابێت. هه‌ڵبه‌ت ئەوە كاری خەڵكی یاسازان و خەمخۆرە، كە لە دەستووردا چارەسەری بكەن و، پاشان خەڵك بڕیاری لەسەر بدات. بەپێی هەموو عورفە دەستووری و یاساییەكان، ئەمەیە ڕێگە دروستەكە.
چوارەم: لە پەیامی بارزانیدا ئەوە زۆر ڕوونە، كە بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی دەیانەویست كێشەی وڵات بە كورسی ببەستنەوە، گرفتی سەرەكی ناكۆكییە لەسەر سیستەم و سەربەخۆیی. سەرۆك بارزانی بە حزبەكانی گوت، كە دەبێ وزەیان بۆ شتی گرینگتر بەكار بهێنن. میللەتێك سەد ساڵ قوربانی بەخشیبێت، هیچ كات بەرەو دیكتاتۆرییەت هەنگاو نانێت و، نابێ لە سەربەخۆیی و دیموكراسی كەمتر، بە هیچی تر ڕازی بێت.
پێنجەم: پەیامەكەی سەرۆك بارزانی نەخشە ڕێگەیەكی گونجاوە و، ئەگەر حزبەكان نیازپاك بن، ئەوا دەكرێ لە یەككاتدا سەربەخۆیی و سیستەمی دیموكراسی مسۆگەر بكرێن و، شەڕی داعشیش لە بەرژەوەندیی كوردستان و سەروەرییەكەی ببەینەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار