حکوومەتی بنکەفراوان، بۆ هەڵنەوەشێتەوە؟

جهبار قادر
لە بنەڕەتدا پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لەسەر بنەمای حكوومەتی بنكەفراوان، لێكدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرا، قورس بوو باوەڕ بەوە بهێنیت كە حكوومەتێك بتوانێت پرۆسەی سیاسی و خزمەتگوزاری و چاكسازیی بەم بەرفراوانییە بە سەركەوتوویی و پێكەوەییەوە بەڕێوە ببات، بۆیە هەر لە سەرەتاوە لێكدانەوە جیاوازەكان لەسەر ئەو باوەڕە بوون ناتواندرێت بنەمای سازان و پێكەوەكاركردن بە شێوەی بنكەفراوانی لەم چوارچێوەیەدا پرۆسەیەكی سەركەوتوو و ئارام و بەردەوام ببیندرێت، هەر لەسەرەتای كاركردنیشەوە ئاماژەكان بە ڕوونی دەبیندران، چونكە نمایشی كەسی و حزبی بۆ پرۆسەی چاكسازی دەبیندرا، لەكاتێكدا بنەماكانی كارنامەی حكوومەت بریتی بوون لە چاكسازیی و خزمەتگوزاری زیاتر و حكوومەتێكی شەفافتر.
بۆ حكوومەتی بنكەفراوان؟
بە دیدگابینیی سەركردایەتیی پارتی، ئامانجی دروستكردنی حكوومەتی بنكەفراوان بریتی بوو لە سەقامگیریی سیاسی و پێكەوەكاركردن و جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیی ناوخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی تەحدییاتی دەرەكی و هەرێمی، بەڵام پرسیارە هەرە گەورەكە ئەوەیە ئایا ڕوئیای بەشێك لە سەركردایەتیی حزبە سیاسییەكانی دیكە هەمان ئەو بنەمایانەی هەبوو؟. بەم دیدگابینیانەوە تەماشای دروستكردنی حكوومەتی بنكەفراوانیان دەكرد؟ كێبڕكێ سیاسییەكان بەم باوەڕەوە دەیانەویست بەشدار و كاریگەر بن؟ گومانی تێدا نییە ئەگەر پارتی باوەڕی بە پرۆسەی چاكسازیی ئیداریی و دارایی نەبووایە، بڕیاری ئەوەی نەدەدا كە پۆستی وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە بداتە گۆڕان، كۆی فایلەكانی دارایی و پێشمەرگە تەسلیمی ئەوان نەدەكرد و پشتگیری و هاوكارییەكی سەرسەختی سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی نەدەبوو؟ ئاخر قورسە باوەڕ بەوە بكەی حزبێك كە ماوەیەكی دریژ لە دەستەڵاتدا بووبێت بە كێبڕكێیە توندەكانی بڵێی، وەرە با پێكەوە پرۆسەی چاكسازی سهر بخەین و لایەنێك بكاتە شەریك كە پێشتر هەموو شتێكی ئەوی بە چاویلكەیەكی تاریكییەوە بینیوە و خوێندنەوەیەكی نادروستی بۆكردووە. بۆیە زۆر ڕوونە كە پارتی باوەڕی بە بنەماكانی پرۆسەی پێكەوەكاركردن و سازان و چاكسازی هەبووە، بۆیە هەنگاوەكانی بریتی بوون لە دروستكردنی حكوومەتی بنكەفراوان، لەسەر ڕەگەزەكانی پرۆسەی چاكسازی و پێكەوەكاركردن و پاراستنی هەرێم و شەفافیەتی زیاتر لە ناو دامودەستگەكانی حكوومەتدا بوو. لە بنەڕەتدا دروستكردنی حكوومەتی بنكەفراوان پرۆسەیەكی بێوەی و سەركەوتوو نەبووە، چونكە زیاتر بەشێك لە ئەحزابی سیاسی بنەماكانی لەسەر وروژاندنی خەڵك بنیات ناوە، ئەم حكوومەتە بنكهفراوانە نەك هەر نەیتوانیوە داخوازییەكانی خەڵك بێنیتە دی و پرۆسەی چاكسازی بنیات بنێت، بەڵكو زیاتر بۆ بەشێكیان نمایشێكی كەسی و حزبی بووە، نمایشێك لە چاكسازیی و كارە باشەكان منم و لە كەمیی خزمەتگووزاری و دواكەوتنی مووچە و گەندەڵییەكاندا ئەوا ئەون و من بەشدار و ئاگادار نیم. بۆیە باشترین حاڵەت كە دەرئەنجامەكەی دیاریشە هەڵوەشاندنی حكوومەتی بنكەفراوانە و بنیاتنانی حكوومەتێكی زۆرینەیە، كە هاوبەشەكانی باوەڕیان بە پێكەوەكاركردن و یەكترقبووڵكردن و ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازیی ئیداری و دارایی بێت، واتە لە باش و خراپەكاندا پێكەوەین و بەشدارین، چونكە گومانی تێدا نییە ئەم حكوومەتە پێویستی بە چاكسازییەكی ڕیشەیی هەیە كە ڕەگەزەكانی لەسەر شەفافیەت داڕێژرابێت. ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم نەگەنە سازان و ڕێز لە ئیرادە و بەرژوەندییە نیشتیمانیی و نەتەوەییەكان نەگرن، ئەوا باشترین چارە ئەوەیە كە بتوانین لە ڕێگای ڕێكارە یاسایی و لۆژیكییەكانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكرێت، ئەویش دوو ڕێگایە: یەكەم: حكوومەتی بنكەفراوان هەڵبشێوێندرێتەوە و جارێكی دیكە ڕێككەوتنەكان لەسەر بنەمای زرۆینە دروست بكرێنەوە و ئۆپۆزسیۆنێكیش بۆ چاودێری و گوشار لەسەر حكوومەتی زۆرینە هەشبێت پرۆسەیەكی ئاسایی و پەسەندكراوە. دوووەم: هەڵبژاردنی پێشوەختەیە. ئەگەرچی پێناچێت لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بگەنە سازان، چونكە ئیزدواجییەتێكی ڕوون لە ڕوئیا و لێدوانی چەند بەرپرسێكی ناو چەند حزبێكی سیاسییدا دەبیندرێت، ناشكرێت باوەڕمان بەوە هەبێت كە بە زۆرینەیەكی شلۆقی ناو پەرلەمان پرسێكی گرینگی وەكو سەرۆكایەتیی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، بۆیە باشترین دەرفەت هەنگاونانە بۆ دروستكردنی حكوومەتی زۆرینە یان هەڵبژاردنی پێشوەختەیە. هەموومان بەرپرسین لە بەردەوامبوونی سەقامگیربوونی سیاسی و دەروونی و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیان و پاراستنی ئەم هەرێمە، بۆیە گرینگە لایەنە سیاسییەكان و میدیایش لەسەر ئەم بنەمایە كار بكەن و بەپرسیارانە و لۆژیكیانە كار لەسەر ئەم بنەمایانەدا بكەن.




