د. که‌مال که‌رکوکی له‌دانیشتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکه‌کانی به‌ده‌په: ته‌نیا رێگای چاره‌سه‌ر بۆ دۆزی میلله‌تی کورد رێگای ئاشتی و دیالۆگه

دوای کۆتاییهاتنی کۆنگره‌ی نائاسایی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (به‌ده‌په)، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی د.که‌مال که‌رکوکی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه گشتیه‌کان و به ئه‌ندامیه‌تی ئه‌حمه‌د کانی و شیرین ئامێدی و عه‌بدولخالق باپیری ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان، سه‌ردانی ناوه‌ندی به‌ده‌په‌یان له شاری ئه‌سته‌نبۆل کرد، له‌لایه‌ن سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و گوڵتان کشناک هاوسه‌رۆکانی به‌ده‌په و ئه‌حمه‌د تورک هاوسه‌رۆکی جڤاتا دیموکراتیک و ئایسه‌ل توغلوک پێشوازیان لێ‌کرا.
له دانیشتنێکدا د.که‌مال که‌رکوکی پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌که‌ی له هاوسه‌رۆکه‌کانی به‌ده‌په کرد و دواتر له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه پرسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاوتوێ کرا، سه‌رۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان راگه‌یاند: تاکه رێگا بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی میلله‌تی کورد ئاشتی و دیموکراتیه.
له‌به‌رامبه‌ریشدا لایه‌نی به‌ده‌په ئاماژه‌یان به‌وه‌دا که ئه‌وان رێز و احترامێکی مه‌زن بۆ هه‌ڵوێستی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان داده‌نێن.
دوای دانیشتنه‌که‌ش، گوڵتان کشناک و سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکێن به‌ده‌په، خوانێکیان بۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رجه‌م شانده به‌شداره‌کانی کۆنگره‌که‌یان و میوانانی بیانی و دیپلۆماتکاران رێکخست.
د.که‌مال که‌رکوکی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه گشتیه‌کان له خوانه‌که‌دا وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و تیشکی خسته سه‌ر ره‌وشی گه‌لی کورد و وتی: له‌سه‌رده‌می رژێمی سه‌دامدا هیچ کاتێک کورد له‌گه‌ڵ شه‌ڕ نه‌بووه، هه‌میشه هه‌وڵی بۆ پێکهێنانی سیستمێکی دیموکراتی بۆ عێراق و کوردستان داوه، گه‌ر رژێمی سه‌دام کوردی مه‌جبوور نه‌کردبایه، کورد هیچ کاتێک ده‌ستی بۆ چه‌ک نه‌ده‌برد، هیچ جارێکیش رێگای چه‌کمان وه‌ک رێگای چاره‌سه‌ری نه‌بینیوه.
که‌رکوکی وتیشی: دواتریش بۆ هه‌موو دنیا ده‌رکه‌وت، که کورد هیچ کاتێک وه‌ک پره‌نسیپ شه‌ڕ و توندوتیژی هه‌ڵنه‌بژاردووه و هه‌رده‌م لایه‌نگیری دیالۆگ و ئاشتی بووه.
د.که‌مال که‌رکوکی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، که له‌سایه‌ی سه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته ئاشتیخوازیه‌ی بارزانی نه‌مر، ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراتی و سیستمێکی فیدرالی پێشکه‌وتوو له کوردستانی عێراق هاتۆته دی، له ئه‌نجامی پێکهێنانی هه‌رێمێکی دیموکراتی و ئه‌زموونی سیستمی فیدرالی له کوردستانی عێراق، بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیاش روون بووه‌وه که کورد میلله‌تێکی ئاشتیخوازن، هه‌ر به‌وهۆیه‌ش په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا و باشووری کوردستان رۆژ دوای رۆژ به‌ره‌و پێشتر ده‌چن.
هه‌روه‌ها گوتی: وه‌کو کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان، هه‌موو برایی یه‌کین، کێشه‌ی ئێمه یه‌که، به‌ڵام ده‌بێ بزانین که رێگای چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، ته‌نیا رێگای ئاشتی و دیالۆگه، پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشتگیری له‌م رێگا چاره‌یه ده‌کات، بۆیه له باکوری کوردستانیش برا کورده‌کانمان پێویسته بۆ چاره‌سه‌ری کێشه و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی خۆیان رێگای ئاشتی و دیالۆگ بگرنه به‌ر، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هه‌رده‌م به رێگای ئاشتی و دیالۆگ پشتگیری له مافی برا کورده‌کانی ده‌کان له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

