جیهانێكی تازه

کەریم قادر
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌گوترا وڵا‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تیی جیهان ده‌كات و چۆنی بوێ وای لێده‌خوڕێ، ئێستا ئه‌مه‌ریكا له سایه‌ی په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی "ئاگره‌سووره له‌خۆم دووره" ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌ماوه و وه‌كو پێویسته، خۆی له قه‌ره‌ی كێشه‌ی ناوچه‌كانی جیهان نادات.
ئه‌م خۆدوورگرتنه، له كاتێكدا جیهان له سایه‌ی رووخانی رژێمه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه تیرۆریسته‌كان و هه‌ڵكشان و داشكانی نرخی نه‌وت له گۆڕانكارییه‌كی خێرادایه، له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه گله‌یی هێناوه‌ته سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پێیانوایه ئه‌مه‌ریكا به پیاده‌كردنی ئه‌و سیاسه‌ته له هه‌ندێ باردا بووەته پاشكۆ و ته‌سلیمی ئه‌مری واقیع بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا و ئۆكرانیا روو ده‌دات.
ره‌نگه ئه‌م هه‌سته، به‌تایبه‌تی دوای ئاشنابوون به كاره وه‌حشیگه‌رییه‌كانی داعش و ملهوڕیی رووسیا و سیاسه‌تی ئێران بۆ زاڵكردنی هه‌ژموونی به‌سه‌ر سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه بوونه‌ته هۆكارێكی گرینگی ناسه‌قامگیری، پاڵنه‌رێكی به‌هێز بێت بۆئه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا (2016)، كۆمارییه‌كان ببەنه‌وه كۆشكی سپی، كه له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه جیهانیه‌كاندا به‌رپرسانه‌تر مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. له ئێستایشه‌وه كۆمارییه‌كان به ره‌خنه‌گرتن له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی باراك ئۆباما به خۆكێشانه‌وه له "هێڵی سوور"، خۆیان بۆ ئه‌وه ئاماده ده‌كه‌ن.
جێب بووش كوڕی سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، كه خۆی كاندید كردووه تا ببێته پاڵێواری كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، له هه‌ڵمه‌تێكیدا رایگه‌یاند "له سایه‌ی ئه‌م ئیداره‌یه ئێمه متمانه‌ی دۆسته‌كانمان له ده‌ست داوه".
بووش بۆ به‌ده‌ستهێناوه‌ی ئه‌و متمانه له ده‌ستچووه و بۆ گێڕانه‌وه‌ی رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ركردایه‌تیی جیهاندا، كه وه‌ك جاران هه‌م كاریگه‌ری و هه‌م جێپه‌نجه‌ی به‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌كانەوە هه‌بێت، به تیمێكی 20 كه‌سیی شاره‌زا "هه‌ڵۆكان" له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هه‌واڵگرییه‌وه، كه هه‌موویان له ئیداره‌ی باوك و براكه‌یه‌وه رۆڵی گرینگ‌یان له نه‌خشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ چۆنیه‌تیی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی جیهاندا هه‌بووه، مه‌یدانی گرتووه. وه‌ك رایگه‌یاندووه: "ئامانجی ئه‌و له خۆكاندیدكردنیدا كاركردنه بۆ گێڕانه‌وه‌ی شكۆی ئه‌مه‌ریكا، چونكه به‌لای ئه‌وه‌وه سه‌ركردایه‌تیی جیهان له هه‌موو مه‌سه‌له‌كانی دیكه پێویستتره، كه له سایه‌ی ئه‌م ئیداره‌یه چیدیكه ئه‌مه‌ریكا توانای تۆقاندنی دوژمنه‌كانی نه‌ماوه و ده‌ستی نه‌یارانی شكۆی ئه‌مه‌ریكای كردووەته‌وه گورز له دۆسته‌كان بده‌ن. به بۆچوونی ئه‌و سه‌قامگیری و ره‌فاهیه‌تی ئه‌مه‌ریكا به پشتیوانیكردن له دۆستانمان و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و پره‌نسیپانه به‌نده، كه ئه‌مه‌ریكا كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، نه‌ك پشت لێكردنیان. واته ئاسایش و گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌سته به بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له شوێنه دووره‌كان، نه‌ك رازیكردنی نه‌یاره‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی دۆسته‌كان، كه ئێستا له سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ست پێده‌كرێ."
به‌پێی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته بێت، ئه‌گه‌ر كۆمارییه‌كان بگه‌نه‌وه كۆشكی سپی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گۆڕانی گه‌وره به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ و، به به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌بات ده‌كه‌ن و قوربانی بۆ سه‌قامگیریی جیهان ده‌ده‌ن، دەکەوێتەوە. واته له سایه‌ی ئه‌و شه‌پۆله خێرا و كاریگه‌رانه، پێشبینی له دایكبوونی جیهانێكی تازه ده‌كرێت، كه هه‌رگیز له‌م جیهانه‌ی ئێستا ناچێت.




