٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ورەی داعشەکانی ناو شنگال ڕووخاوە

سەرچاوە: KDP.info

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، هاتنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت هانی داین گەرموگوڕتر خەبات بکەین و، توانایەكی دیكەی دایە ئێزدییەكان و، كوڵی دڵی دامرکاندنەوە و برینیانی ساڕێژ کردەوە.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ڕەوشی پێشمەرگە زۆر باشە و، بەردەوام لە پێشڕەویدانە، ئێستا لە ناو شنگال و، لە بەرزاییە ستراتیژییەكانی ئەو شارەدا، پێشمەرگە جێگر كراوە و، چاوەڕوانی فەرمانە، هەر کە فەرمانیان پێ بكرێت، ئەو بەشەیش ماوە ئازادی دەكەن و، ژیانی بە بەر دێتەوە."
شەشۆ، گوتیشی، لە ناوشنگال ورەی داعش ڕووخاوە و هیچ جموجۆڵێكیان نەماوە و، ڕێژەیەكی كەمیان لەناو شنگالدا ماون، ئەوانی دیكە هەموویان بەرەو تەلەعفەر و سووریا هەڵاتوونە و، ناوچەكەیان بە تەواوەتی خاپوور كردووە و، كەلوپەلی هاووڵاتیانیان دزیوە."
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاشكراشی كرد، سنوونی و ئەو ناوچانەی ئازاد كراون، لە دەستی پێشمەرگەدایە و، ناوچەكە بە تەواوەتی ئارام بووەتەوە و، بەردەوام خەڵكی ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە و، زۆربەی فەرمانگەكان دەستیان بە دەوامی ئاسایی كردووەتەوە؛ تا ئێستا نزیكەی 25هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."
قاسم گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆر كەم لە هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكەدا هەن و، ئەویش هەر بۆ تێكدادانی ناو ڕێزی كورد، لەوێن ئەگەرنا هیچ جموجۆڵێكیان نییە و، تەنیا لە ڕاگەیاندنەكانی خۆیان باسی خۆیان دەكەن و، خەڵك دەترسێنن، ئەگەرنا هیچی دیكە ناكەن و، لە شوێنی خۆیان پێشڕەوییان نەكردووە."
(قاسم شۆشۆ) ئەوەشی گوت: "هاتنی سەرۆكی هەرێم (مەسعود بارزانی) و سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) بۆ سەر چیای شنگال هێز و، توانایەكی دیكەی دایە خەڵكی شنگال و ئێزدییەكان، بووە مایەی سەربڵندی و سەرفرازیی خەڵكی ئێزدی، هاتنی ئەوان كوڵی دڵی ئێزدییەكانی دامرکاندەوە و، برینەکانیانی ساڕێژ کردەوە."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار