ڕێزگرتن له ئیرادهی گهلی كوردستان داواكاری ههمووانه
كەريم قادر
ئيدي بەسە هێندە كورد بە كەمتەرخەم دامەنێن، گوايە نەيتوانيووە عەرەب و ئەوانيديكە لە كێشەي رەواي خۆي بگەيەنێ، چونكە خەتاكە لەوانە نەك لە كورد خۆي، ئەوان لە ئاست مەينەتي خەڵكي ديكە گوێيان كەڕە، چاويان كوێرە و هەستيان كولە، چ ماوە كورد نەيكرد بێت بۆ تێگەياندن و رازيبووني ئەوان، بەڵام ئەوان هەر بە خەنجەري ژەهراوي ئێمە وەسف دەكەن، وەك بڵێي هەقي بابي ئەوانمان لە كن بێت، نەك ئەوان هەقي ئێمەيان زەوت كردبێت، ئەوان(هەڵبەت هەموويان نا) بۆ تامخۆشكردنيش باس لەوە ناكەن، كە كورد لە چوارچێوەي ئايني ئيسلامدا بەشدارييەكي كاراي لە ئاوەداني ئەوەي پێي دەگوترێ شارستاني عەرەب دا كردووە.
لەم جيهانەدا كەم خاك هەيە هێندەي خاكي كوردستان بە پيت و فەڕ و دڵگير بێت، كەم نەتەوەش هەيە هێندەي كورد خۆي بە براي نەتەوەكاني ديكەي ناوچەكە دانابێت و هەرگيز شەڕي نەتەوەكاني ديكەي نە كردبێت و خۆي بە هاووڵاتي ئەو وڵاتانەوە نەزاني بێت، كە بێ ويستي خۆي بەسەرياندا دابەشكراوە، لە هەمانكاتدا هيچ نەتەوەيەك هێندەي كورد لەسەر دەستي ئەو "برايانەي" مەينەتي بەسەردا نەهاتووە.
هەر بۆ زياتر روونكردنەوە نموونەيەك دەهێنمەوە، كە دواي شاڵاوە بەدناوەكاني ئەنفال بەعس بەسەر كوردي داهێنا ( پاش ئەوەي رژێمي گۆڕ بە گۆڕي سەدام هەموو شتێكي بە بەرژەوەندي خۆي تەواو كرد"كە كاتي بوو"، لە رێگەي وەزارەتي بەرگرييەوە لێبوردنێكي 24 سەعاتي بۆ هەموو ئەو كوردانە دەركرد، كە بە حسابي ئەو لە كاري نيشتماني ياخي ببوون"فيراريان كردبوو" ، من و هەزاران كەسي ديكە بە پەلەپروزێ خۆمان گەياندە مونەزەمەكاني بەعس، چونكە هەڕەشەي ئەوەي لەگەڵدا بوو ئەوەي لە دواي ئەو ماوەيە بگيرێ يەكسەر گوللە باران دەكرێ. بە هەرحال تەسليم بووينەوە و كتابمان وەرگرت بۆ تەجنيد تا ئەويش بە نۆرەي خۆي رەواني ئەو شوێنەمان بكات، كە بۆمان دانرابوو، بە چەند پاسێك"ئەو كات پێيان دەگوت مەنشەئە" ئێمەيان بردە مەعەسكەري هەولێر، لەوێش بە درێژايي چەند مەترێك كۆمەڵێك ئينزباتيان ريز كردبوو، دەبوو يەك لە دواي يەك لە پاسەكە دابەزين، بەڵام هەر پێت لەسەر زەوي دادەنا كێبلي ئينزبات و جەستەي تۆ بەرانگژي يەكدي دەبوونەوە، تا نيوەي شەو لەوێ ماينەوە، دواتر ئێمەيان بەرەو باشوور برد تا خۆمان لە مەعەسكەري ديوانە بينيەوە، بۆ ماوەي دوو هەفتە لەوێ ماينەوە، پاشان ئيجازەيەكي دوو رۆژيان پێداين. لە رێگەي گەڕانەوەماندا بۆ نانخواردن دابەزين، حەشامەتێكي زۆرمان لێ خڕ بۆوە، تومەز راگەياندنەكاني بەعس رايانگەياند بوو ئەوانە هەموويان موتەمەڕيدن. پيرە عەرەبێكي شڕ و وڕم لێ نزيكبۆوە و بە زماني خۆيان پێي گوتم: چەند خوا هەيە؟ منيش بێ وەستان گوتم: يەك خوا هەيە. كابراي عەرەب گوتي: نا تۆ هەڵەي.منيش گوتم: بۆ؟ گوتي لە ئێراق دوو خوا هەيە، ئەوەي لە بەغدايە ئەويش خوايە، بۆ نايپەرستن تا لێتان خۆش بێت. گوتم: مامە گيان ئێمە يەك خوا دەپەرستين، ئێمە پێشمەرگە نين، پێشمەرگە لە چياكان شەڕي مان و نەمان دەكەن، ئێمە تەنها فيرار بووين و نەمان ويستووە ببينە سوتەمەني شەڕي نێوان دوو نەتەوە. عەرەبي شڕو وڕ، كە گوێي لەم وەڵامەم بوو هەردوو دەستي بەرەو ئاسمان بەرز كردەوە و لە تەشكي خۆيدا و رۆيشتە رێگەي خۆي.
لە گێڕانەوەي ئەو بەسەر هاتەدا، كە لەوەتەي خاكەكەي ئێمە بێ پرس بە ئێراقەوە لكێندراوە هەر كەسێك و خانەوادەيەكي ئەم بەشە سەدان چيڕۆكي لەوە تاڵتري هەيە، ئەگەر ئەوان لەو هەموو زوڵمەي لێمانكراوە تێنەگەيشتبن ؟ كەواتە كەمتەرخەميەكە لەو عەقليەتەيە، كە دەسەڵات بە خوا تێدەگات و لە منيشي دەوێ زاڵم بپەرستم.
ئەگەر ژمارەي ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەي لە خاكي باشوور ، كە زۆربەيان منداڵ و ئافرەت و پياوي كوردن نەتوانێ ئەوان تێبگەيەنێ سەد كۆنفراس و هەزاران كەناڵي راگەياندنيش هەبێت نە گوێي لێدەگرن نە تەماشاي دەكەن نە هەستيان دەجولێنێ، چونكە بڕياريان پێ كراوە گوێيان لە ئاهوناڵەي كەس نەبێت. بە مانايەكي ديكە دەسەڵات چيان پێ بڵێ، ئەو دەكەن، ئەگەر وا نييە، خۆ ئەوانەي خۆيان لەسەر شيعە حساب دەكەن، دەبوايە بەر ئەمري فتواي هەردوو مەزن موحسين حەكيم و محەمەد باقر سەدر بوونايە، كە رژاني خوێني كورديان حەرامكرد، بەڵام ئەوەتە ئەوان چاويان لە گەيشتني فڕۆكەي ئێف 16 يە.
بۆيە ئەو گللەييانەي لێرە و لەوێ لە چەند سياسەتمەدار و رۆشنبيرێكي بەناو ديموكراتخوازي عەرەب دەبيستم، گوايە كەمتەرخەميەكە لە راگەياندني كورديە و نەيتوانييە شەقامي عەرەبي يا توركي يا فارسي لە مەينەتيەكاني خۆي بگەيەنێ، لە قسەيەكي بەتاڵ بۆ كورد و پڕكردني گەدەي خۆيان بەولاوە هيچي ديكەي لێ شين نابێت، چونكە زۆرێك لەوانەي ئەمڕۆ لە بەغدا لە دەسەڵاتن يا بەرپرسن ماوەيەكي زۆر لە چياكاني كوردستان بە ناوي ئۆپۆزيسيۆني بەعس لەسەر سكي رەنجبەراني لادێكاني كوردستان ژياون، بەڵام لە وشەي (نان و ئاو) كە پێويستي رۆژانەي خۆيان بووە زياتر فێري يەك وشەي كوردي نەبوونە. ئەوانە ئەگەر بە قەد زەڕڕەيەك باوەڕيان بە دۆزي كوردە و بۆ دۆزەكەي تێدەكۆشن خۆ هەر هيچ نەبێت پێويست بوو خۆيان فێري زماني ئەو رەنجبەرانە بكردبوايە تا بزانن ويست و داواكارييەكانيان چييە؟
بە ديوێكي ديكە ئەو نەوەيەي ئێستاي كوردستان بەو بانگەوازە درۆزنانە فريوناخوات، كە ماليكي لە چاوپێكەوتنەكەيدا لەگەڵ تەلەفزيۆني ئێن ئار تي دا رايگەياند، گوايە ئەو لە خەمي گەلي كوردە و هيواي ژيانێكي خۆشتري بۆ دەخوازێ!!!چونكە با دڵنيا بێت ئەمڕۆ لە كوردستان كەسێك نادۆزێتەوە گوێ بۆ ئەو پەيامەي رادێرێ، بە پێچەوانەوە هەموو بە يەك دەنگ داواي لێدەكەن رێز لە ئيرادەي گەلي كوردستان و ئەو تايبەتمەندييە بگرێ، كە دەستوور بە هەرێمي كوردستاني داوە. هەر ئەمەش داواكاري تێكڕاي گەلي كوردستانە بە ناوچە دابڕێندراوەكانيشەوە.




