نیشتمانی چیا و فرمێسكی جانا هیباسكۆڤا

زكری مووسا
كە سەرۆك بارزانی لەسەر چیای شنگال سەركەوتنی ڕاگەیاند، بۆ یەكەم جار و دوای چوار مانگ زەردەخەنە و شادی، كەوتە سەر ڕوخساری كوردانی ئێزدی. ئێزدییەكان بەهۆی ئەو كارەساتە ویژدانهەژێنەی بەسەریاندا هاتبوو، وا بەنێو بێهیواییدا ڕۆچووبوون كەس باوەڕی نەدەكرد جارێكی دی هیوا بکەوێتەوە دڵی ئەو خەڵكەی و، ڕەنگی ژیانیان لێ بنیشێتەوە؛ ئەو خەڵکەی خاك و پیرۆزییەكانیان لێ زەوت كرابوو.
وتەكەی سەرۆك لەسەر لووتكەی چیا، لەگەڵ ئەوەی شادی و ئومێد و، بەخۆداپەرموون و، بڕوابەخۆبوونی بردە نێو ماڵی كوردان، چاوی باڵێۆزەکەی عێراقی یەكیەتیی ئەورووپایشی پڕ کرد لە فرمێسك؛ کە باڵیۆز لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپادا سەردانی سەرۆكی هەرێمی كرد، وای بە بارزانی ڕاگەیاند: "ئەو كاتەی وتەكەی تۆم لەسەر چیای شنگال بینی، خۆمم پێڕانەگیرا و گریام." فرمێسكەكەی ئەو خاتوونە دیپلۆماتكارە فرمێسكی بەزەیی نەبوو، فرمێسكی بینینی تراژیدیا نەبوو. فرمێسكی شادی بوو بۆ گەڕانەوەی هێز و ئومێد و ژیانی ئەو گەلەی كە بە درێژایی مێژوو بە تەنیا بەرگریی لە مانەوەی خۆی دەكرد.
خاتوو (جانا هیباسكۆڤا) باش دەیزانی گەییشتنی سەرۆكی هەرێم بۆ سەر چیای شنگال چەندە مانادارە و، ژیانی گەلی كورد و، شەڕی دژی داعش چۆن دەباتە نێو قۆناغێكی یەكلاییكەرەوە و نوێوە. ئەو دەیزانی ئەوەی سەرۆكی گەیاندە سەر چیا پێكۆڵی و ماندوویەتینەناسی و هەوڵی گەڕاندنەوەی ماف بوو. سەرۆك ویستی بە جیهانیان بڵێ كە گەلی كورد لە بەرانبەر هیچ ئەهریمەنێك ناشكێ، ئەگەرچی بەهێز و پڕچەك و دڕیش بێت. ویستی بە هەموو لایەك بڵێت، پێشمەرگەیە هێزی ڕەسەن كە دەیان ساڵە بەرگری لە گەلەكەی دەكات و، ئێستایش هەر پێشمەرگەیە پاسەوانی گەلەكەیەتی.
سەرۆك دواجار گەییشتە سەر چیا بۆ ئەوەی بە خەڵكی ناوچەكە بڵێت داعش ئەو ئوستوورەیە نییە تێك نەشكێت؛ بەڵكو خورافەیە و سەرئەنجام لەناو دەچێت و، وردوخاش دەبێت. سەرۆك نەوەستا هەتا خۆی و پێشمەرگەكانی گەییشتنە سەر چیا بۆ ئەوەی جەخت لەوە بكاتەوە كە گەلی كورد پارێزەری پێكەوەژیانە، لەناو گەلی كورددا دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نییە و، كوردستان بەهەشتی ئایین و بیروڕاكانە. سەرۆك و پێشمەرگە سەرئەنجام گەییشتنە لووتكەی چیا بۆ ئەوەی بە دڕندە و زاڵمان بڵێن دەبێ باجی تاوانەكانیان بدەن. ئەو گەییشتنە مێژوویە بردنەوەی نیشتمانی چیا بوو، بردنەوەی ڕووناكی و بەهاكان بوو لە تاریكی و نەزانی.
ئەو پەیامە گەییشتە گوێی جیهانیان و، خاتوو (جانا هیباسكۆڤا)ی گریاند؛ كوردستانیانی شاد كرد و، جیهانیشی سەرسام.




