٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

د. كەمال كەركووكی: پێویستە هەموومان رێز لە ئیرادەی میللەت بگرین

سەرچاوە: Hewler

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان د. كەمال كەركووكی دەڵێت كە ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، ئاوەدانی و پێشكەوتنی لە هەرێمی كوردستاندا هێنایە دی و وای كرد كە هەرێم لەسەر ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و جیهانیدا پێگە و رێزی خۆی هەبێت.

پرسی دەستووری هەرێم
د. كەمال كەركووكی لەبارەی ئەو هەوڵ و قسە و دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان دەكەن، ئاشكرای كرد كە بۆ ئەوەی لەسەر پرسی گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان بگەینە حەقیقەت، هەندێك روونكردنەوە پێویستە لەسەر رێكارە یاساییەكانی دەرچوواندنی یاسا و دانانی یاسا لە پەرلەمان روونی بكەینەوە، كە هەر پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا و پەسەند كرا، دەنێردرێت بۆ سەرۆكی ئەو وڵاتە یان ئەو هەرێمە بۆ دەرچوواندنی یان بۆ گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، لەو ماوەیەی پەرلەمان پەسەندی دەكات تا سەرۆكی ئەو وڵاتە بە نسبەت دەوڵەت یان سەرۆكی هەرێم بە نسبەت هەرێم ئەو پڕۆژە پەسەند دەكات یان دەیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان. واتە پێش ئەوەی سەرۆكی ئەو وڵاتە یا سەرۆكی ئەو هەرێمە پڕۆژەیاساكە ئیمزا بكات یان بیگەڕێنێتەوە پەرلەمان، لە نێوان ئەو ماوەیەدا هیچ رێگەیەكی یاسایی یان عورفێكی پەرلەمانی نییە ئەو پڕۆژەیاسایە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان.

جگە لەوەی هیچ كەس و لایەن و دامەزراوەیەكی یاسایی بە یاسا رێگەی پێ نەدراوە بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆژەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ دووبارە بڕیاردان لەسەری لە لایەن پەرلەمانتارانەوە، ئەگەر پڕۆژەكە لە ماوەیەكی قیاسی كە بە یاسا دیاری كراوە سەرۆكی وڵات یان هەرێم ئیمزای نەكات، ئەوا پڕۆژەكە ئۆتۆماتیكی دەبێتە یاسا، ئەمەیش بنەمای مەبادیئی یاسادانانە لە پەرلەمان، بۆیە ناكرێت ئەم بنەمایە پێشێل بكرێت.

سەبارەت بە دەستوور كە بە دایكی یاساكان ناو دەبرێت و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، نابێت بە رێگەیەكی نایاسایی پڕۆژەی دەستوور ئامادە بكرێت، چونكە ئەگەر ئەمە بكرێت، دەبێتە سابیقەیەكی خەتەرناك بۆ بنەماكانی یاسادانان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دەبێت بە رێگەیەكی یاسایی و دروست پڕۆژەی دەستوور ئامادە بكرێت و پێویستە تیشكێك بخەینە سەر چۆنیەتیی ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە بە چ شێوەیەك ئامادە كراوە.

1- ماوەی 7 ساڵ كار كرا تا پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادە بكرێت.

2- لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستوور لە 19 بەڕێز پێك هاتبوو، كە نوێنەرایەتیی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان و گشت پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی هەرێمی كوردستان و پسپۆڕانی دەستووری تێدا بوو.

3- رەشنووسی دەستوور خرایە پێش پسپۆرانی ئەورووپی و ئەمەریكی بۆ پێداچوونەوە و دەربڕینی را و بۆچوونیان دەربارەی گشت ماددەكانی.

4- لە رێگەی میدیاكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان پڕۆژەی دەستوور بڵاو كرایەوە بۆ دەربڕینی بیر و بۆچوونی هاووڵاتیان و ئەكادیمییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و گشت لایەنە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەكان.

5- نزیكەی 5 هەزار تێبینی گەییشتە دەست لیژنەی پێداچوونەوە، تێبینییەكانیان پۆلێن كرد و بەهەند وەرگیران و دووبارە رەشنووسەكە ئامادە كرایەوە.

6- دواتر رەشنووسی دەستوور خراپە پێش گشت لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی ناو هەرێمی كوردستان چ ئەوانەی بەشدارن لە پەرلەمان چ ئەوانەی لە دەرەوەی پەرلەمانن كە 36 لایەن بوون، لە كۆتاییدا هەمووان بە كۆی دەنگ موافەقەیان لەسەر كرد و پڕۆژەكەیان بەرز نرخاند.

7- پڕۆژەكە درایە پەرلەمان لە دانیشتنێكی فەرمیی پەرلەمان كە گشت ماددەكانی خوێنرایەوە وەكوو پاكێجێك خرایە پێش پەرلەمانتاران، لەو دانیشتنەدا كە 97 پەرلەمانتار ئامادەی بوون، 96 ئەندام پەرلەمان رەزامەندییان دا بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بدرێتە ریفراندۆم، لەو كاتیش نوێنەرایەتیی گشت لایەنە سیاسییەكان و ئایینەكان و نەتەوەكان و عەلمانییەكان و ئیسلامییەكانیش لەسەری هاوڕا بوون.

8- ئینجا یەك ملیۆن دانە لە پڕۆژەی دەستوور چاپ كرا، بە زمانی كوردی و عەرەبی و توركمانی و سریانی دابەش كرا بەسەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەوەی پاش خوێندنەوەیان لە كاتی ریفراندۆم بۆچوونی خۆیان بە ئازادانە لەسەر دەستوورەكە بدەن، لە پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی.

ئەو پڕۆژەیەی دەستووری هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە ئامادە كراوە كە باسمان كرد.
پاش ئەوەی پەرلەمان پەسندی كرد كە بدرێتە ریفراندۆم، ئێستا ئەو پڕۆژەیە موڵكی میللەتە و هیی گشت تاكێكی ئەم گەلەیە، بۆ هیچ كەس و لایەنێك و دامەزراوەیەك نییە، ئەو مافە لە میللەت زەوت بكات، ئەگەر ئەو مافە لە میللەت وەربگرێتەوە لە لایەن چەند حزبێك، ئەوا تەعەدایە لە میللەت دەكرێت و دژە لەگەڵ یاسا و بنەماكانی پڕۆسەی دیموكراسی.

بۆیە پێویستە هەموومان رێز لە ئیرادەی میللەت بگرین، دڵنیا بین كە میللەت بڕیاری دروست دەدات، جا لەبەر بەرژەوەندیی ئەم حزب و یان ئەو حزب نابێت پشت لە میللەت بكەین و مافەكانی لێ زەوت بكەین، بەڵكوو پێویستە بەیەكەوە بڵێین فەرموو ئەی گەلی كوردستان ئەمەمان ئامادە كردووە بە ئازادی و لە كەشوهەوایەكی ئازاددا رای تەواوی خۆتان بە دڵی خۆتان دەربارەی دەرببڕن، ئێمەیش رێز لە ئیرادەی ئێوەی رێزدار دەگرین، ئەمە رێگەی یاسا و دیموكراسی و عەدالەتە و بەو شێوەیە دروستە، هەروەها ئەگەر هەر ئیلتزام نەكرێت بە یاسا و تەجرووبەی دیموكراسی و بنەماكانی كاری پەرلەمانی لە ژێر فشاری چەند لایەنێكی سیاسی و بۆ هەر هۆكارێك بێت پڕۆژەكە بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەوا تەعەدایەكە لە پەرلەمان دەكرێت، چونكە لەو حاڵەتەدا كاری نایاسایی بەزۆر بەسەر پەرلەماندا دەسەپێنرێت، ئەمەیش دەبێتە سابیقەیەكی خەتەرناك لە مێژووی پەرلەمانی كوردستان و تێكدانی بنەمای یاسادانان، چونكە لە داهاتوودا هەرچەند كەس و لایەنێك یاسایەكی بەدڵ نەبێت، هەوڵ دەدات بەپێچەوانەی رێكارە یاساییەكان، بیگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان، بۆیە جارێكی تر تەئكید دەكەمەوە كە گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمانی كوردستان زوڵمە لە میللەت و تەعەدایە لە پەرلەمانی كوردستان و هەیبەتی پەرلەمانی پێ لەكەدار دەكرێت.

بۆ هەمواركردنی دەستووریش رێگەی ئاسایی و یاسایی هەیە، ئەویش ماددەیەكی روون هەیە لە پڕۆژەكە دانراوە، كە پڕۆژەكە بووە دەستوور دەتوانرێت یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یان سەرۆكی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران داوا بكەن لە پەرلەمان و ئینجار بە موافەقەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەكرێت، ئەو ماددە و بڕگانەی داوای هەمواركردنەوەی دەكرێت، هەموار بكرێتەوە و دووبارە بدرێتەوە ریفراندۆم و گەلی كوردستان پەسەندی بكات یانیش نەیكات.

رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان
پ.د.ك و ی.ن.ك
سەبارەت بە رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەم رێككەوتنە كە لە نێوان هەر دوولایەنی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ئەنجام درا، سوودێكی یەكجار زۆری هەبووە بۆ گشت كوردستان و بۆ یەكە یەكەی هاووڵاتیانی دڵسۆزی هەرێمی كوردستان و گشت رێكخراو و لایەنە سیاسییەكان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتیی دیموكراتی كوردستانیش، چونكە ئەم رێككەوتننامەیە گرژیی ناو كوردستان و زرووفی ناهەموار و شەڕی ناوخۆی نەهێشت، هەر بەم رێككەوتنەیش هەر دوو لا توانییان لە كاتی نووسینی دەستوور بەشێك لە مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا جێگیر بكەن و لە دەستووری عێراق بە ماددەی روون دان بە فیدراڵیی هەرێمی كوردستاندا بنرێت و ماف بداتە هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت و مافی یاسادانانی هەبێ و پەرلەمانی كوردستانیش بەردەوام بێت و یاسای گرنگ و بەسوود بۆ هەرێمی كوردستان دەربكات و دان بە گشت یاسا و بڕیارەكانی پێشوودا بنرێت كە لە پەرلەمانی كوردستان دەری چوواندووە، هەروەها بەو هۆیەوە ئەو ئاوەدانی و پێشكەوتنە لە هەرێمی كوردستاندا بێتە دی و هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و جیهانیدا پێگە و رێزی خۆی هەبێت، بۆیە ناكرێت سوودی ئەم رێككەوتنە رەچاو نەكرێت.

ئێستایش هەدوو لا پارتی و یەكێتی، پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكەدا دەكەن و خاڵ بە خاڵ دیراسەی دەكەن و دەیخەنە ژێر میكرۆسكۆب كە لە بەرژەوەندیی هەموو تاكێكی هەرێمی كوردستاندا بێت. هەموو پارتێكی سیاسییش لە كۆنگرەی خۆی پێداچوونەوە بە پێڕۆ و پڕۆگرامی خۆیدا دەكات، ئەم رێككەوتننامەیەیش پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و شتێكی زۆر ئاساییشە، ئەوەی لە نێو رێككەوتننامەكەدا جێبەجێ كرابێت لادەدرێت، ئەوەی بە گرنگیش بزانرێت دەمێنێتەوە، ئەوەیشی بۆ ئەم قۆناغەی گەلی كوردستان پێویست بێت، دەخرێتە نێو رێككەوتننامەكەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار