مه‌كته‌بی سیاسی (پ.د.ك) یۆبیلی زێڕینی دامه‌زراندنی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆز ده‌كات
به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان
سڵاو و ستایشی بێپایانمان بۆ ئێوه و هه‌موو مامۆستایانی كوردستان
به بۆنه‌ی یۆبیلی زێڕینی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌تانه‌وه پڕ به دڵ پیرۆزبایی گه‌رمتان لێده‌كه‌ین و له‌ڕێی ئێوه‌شه‌وه پیرۆزبایی له مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌ین كه ئه‌مڕۆ یادی ئه‌و ساته‌وه‌خته مێژووییه ده‌كه‌نه‌وه كه به‌ر له 50 ساڵ هاوپیشه‌كانیان له هه‌لومه‌رجێكی یه‌كجار جیاوازدا بڕیاری دامه‌زراندنی رێكخراوێكی مه‌ده‌نی پیشه‌ییان دا تا له ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نیدا بێ بۆ داكۆكی كردن له مافه‌كانی مامۆستایانی كوردستان.
یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسی و پیشه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه وێڕای گوزارشت كردنی له مه‌ده‌نییه‌تی خه‌باتی پیشه‌یی هه‌روه‌ها رۆڵێكی گرنگ و كاریگه‌ری له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانیدا هه‌بوو، مامۆستایان ته‌نیا فێركارنه‌بوون، به‌ڵكو پێشمه‌رگه و خه‌باتگێڕ و هۆشیاركه‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بوون به بنه‌ماكانی ره‌وایه‌تی دۆزی گه‌له‌كه‌مان و دروشمه‌كانی خه‌باتی رزگاریخوازی و چاندنی تۆوی مقاوه‌مه‌ت و به‌رخودان و ئازادیخوازی له دڵ و ده‌روونی نه‌وه له‌دوای نه‌وه‌ی ئه‌م كوردستانه، ئه‌وان هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ت و نیازانه‌ی رژێمه فاشییه‌كان بوون كه ده‌یانویست رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستان له زانست و زانین بێبه‌ش بن و هه‌ر به دواكه‌وتوویی و نه‌خوێنده‌واری بمێننه‌وه، له كاروانی خه‌باتی په‌روه‌رده‌كاری و پێشمه‌رگایه‌تییه‌دا مامۆستایانی كوردستان چه‌ندین قوربانییان داوه و تاهه‌تایه ناو و شانازی شه‌هیدانیان وه‌كوو ئه‌ستێره به ئاسمانی كوردستانه‌وه گه‌شاوه‌ن و له‌بیر ناكرێن.
له‌دوای راپه‌ڕینی 1991ـه‌وه مامۆستایانی كوردستان بوونه ئه‌و رووناكییه‌ی نه‌یانهێشت تاریكی نه‌زانین و دواكه‌وتوویی باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا بكێشێ، دیسانه‌وه دلێرانه رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خته بوونه‌وه و سه‌ری به‌رزیان بۆ مووچه دانه‌نه‌واند و ره‌وڕه‌وه‌ی زانست و خوێندنیان به‌روپێشه‌وه پاڵدا و به‌وه‌یش رۆڵی یه‌كجار گرنگ و كاریگه‌ریان گێڕا له دامه‌زراندنی به‌رده‌كانی بناغه‌ی بونیاتنانی وڵات و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی و كولتووری.
یه‌كێتی مامۆستایان شان به‌شانی خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ داكۆكی كردن له مافه پیشه‌ییه ره‌واكانی مامۆستایان و كاركردن بۆ به‌دیهێنانیان، هه‌روه‌ها ئه‌ركی مێژوویی ئه‌وه‌شی له ئه‌ستۆیه كه به‌شدارێكی شێلگیر و رۆشنفیكر و ئاینده‌بین بێ له پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و گۆڕینی سستمی خوێندن و پرۆگرام و كه‌ره‌سته و ئامڕازه‌كانی فێركردن به جۆرێك كه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه جیهانییانه هه‌نگاوبنێ كه له‌م بواره گرنگدا هاتوونه‌نه‌ته دی. به‌وه‌یش رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێ له دروستبوونی نه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی ساز و ئاماده كه ده‌توانێ كوردستان ئازاد و ئاوه‌دان و پڕ به‌رهه‌م بكات.
یۆبیلی زێڕینی دامه‌زراندنی یه‌كێتی مامۆستایانتان پیرۆز بێ
سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌تان داده‌نه‌وێنین .
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
14/5/2012


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

