فازڵ میرانی: دەبێ هەندێك لە سیاسەتوانانی عێراق، واز لە ئەقڵییەتی ئاگر و ئاسن بێنن

لە نوێترین دیمانەی ڕاشكاودا، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، جەختی كردەوە كە كورد هاوبەشی سەرەكیی دەوڵەتی عێراقە و بەشداری راستەقینە بووە لە دروستبوونی عێراقی نوێ و هەمیشە بڕوای بە دیالۆگ و چارەكردنی گرفتەكان هەیە، ئەویش بە پشتبەستن بە بڕگەگانی دەستوور، كە زۆرینەی خەڵكی عێراق دەنگی لەسەر داوە و هەرگیز ترسی لە پڕچەككردنی سوپای عێراق نییە، بەڵكوو ترسی لەو ئەقڵییەتە هەیە، كە لای هەندێ لە دەستەڵاتدارانی عێراق هەیە و تەواوكەری ئەو سیاسەتەی پێشووە، كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەم سەردەمە و بانگەشەی ئازادی و كرانەوەدا ناگونجێت.
فازڵ میرانی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقییە ئەوەیشی راگەیاند كە باسكردن لە خەونی سەربەخۆیی، مافی هەموو گەلانە، كە خەبات بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی ئاسوودە دەكەن و كوردیش یەكێكە لەو نەتەوانەی قوربانیی گەورەی داوە، هەمیشەیش ڕەچاوی بارودۆخەكە دەكات، لەبەر ئەوەی بە قسەی ئەو، هەموو گەلانی عێراق پێشتر بوونەتە قوربانیی سیاسەتی تاكڕۆیانە، بۆیە بە هیوایەكی دیكە دەڕواننە ئاییندە، كە عێراق بەراستی ببێتە وڵاتی چەسپاندنی دیموكراسییەت، كە نەخشەڕێگەی پاشەڕۆژە.
پێودانگی نیشتمانی
فازڵ میرانی ڕاشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە و ئاماژەی دا: نامانەوێ كار لەسەر كار و كاردانەوە بكەین، بەڵكوو ئەوە دەخوازین كە پێودانگی نیشتمانیی هەبێت، لەو ڕوانگەوە، نابێ لێكترازان لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا ڕوو بدات، چونكە گەلانی عێراق، قوربانیی ڕابردوون، لەوانەیش نەتەوەی كورد كە هەمیشە قوربانیی سیاسەتی ڕابردووە، بۆیە لە دنیای ئەمڕۆدا، دەبێ سیاسەتێك ڕەچاو بكرێت كە ئێمە تەواوكەری یەكتر بین، هەمیشە بە لاوازی تەماشای ڕۆڵی ئێمە نەكرێت. كە ئەمەیش بە دیدی میرانی هەڵەیەكی ستراتیژییە.
سیاسەتی خۆسەپاندن
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ڕوونیشی كردەوە: ئێمە بەشێكین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە گیرۆدەی سیاسەتی خۆسەپاندن بووەتەوە لە ڕابردوودا، عێراقییەكانیش هەتا لە كۆماری نوێ، نەنیانتوانیوە لە سیاسەتی رابردوو بوێرانی خۆیان ڕزگار بكەن، لە سیاسەتی تاكڕۆیی و خۆسەپاندن ڕێك پێچەوانەیە لەگەڵ قبووڵكردنی بەرانبەر و بڕوابوون بە سەربەخۆیی مرۆڤایەتی.
لەو ڕوانگەیشەوە بە دیدی ئەو سیاسەتمەدارە، دیموكراسییەت بنەمایە بۆ مرۆڤایەتی كە دەستەڵاتدارانی عێراق، لە ئاستی بیركردنەوەی خۆیاندا، هەتا دوای رووخانی ڕژێم نەیانتوانیوە خۆیان بە دوور بگرن لەو بیركردنەوەیە، تەنانەت ئەو حكوومەتانەی لە دوای ساڵی 1958 دروست بوون، هەر بەردەوام بوون لە سیاسەتی ئاگر و ئاسن، كە هەوڵدان بووە بۆ سەركوتكردنی گەلان، بەڵام ئێستا قۆناغەكە وا دەخوازێت كە پێویستە خۆیان لە هێز دوور بكەنەوە، لە جیاتی ئەوە، پێویستە چەمكی دیموكراسییەت بچەسپێنن، بە پشتبەستن بە دەستوور، كە زۆربەی عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوە، وێڕای هەر كەموكورتییەك، كە لە بڕگەكانیدا هاتووە، ئەم سیاسەتە وای كردووە، كە جۆرێك لە ناسەقامگیری لە متمانە دروست بێت.
هاوسەنگی
میرانی پێی وایە كە وێڕای هەموو ئەو ناكۆیانە، سووربوونێك هەیە لای ئەوانەی كە قوربانییان بۆ بنیاتنانی عێراق داوە، چونكە وەك گوتی: ڕەنگە لە بیركردنەوەدا جیاواز بین، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێ لەسەر پرەنسیبی یەكترقبووڵكردن كار بكەین. كورد، حزب نییە، بەڵكوو نەتەوەی دووەمی عێراقە، كە هاوبەشە لە عێراقدا، بۆیە دەبێ لە شێوازی بیركردنەوەی پێشوو ڕزگار بین، خۆمان لەو خاڵە نەرێنیانە بەدوور بگرین، كە ڕابردوو دروستی كردن، لەمەیشدا دەبێ لە چوارچێوەی دەستووردا پێگەی كورد تەواو دیار بكرێت، چونكە سیاسەتی خواروخێچ، خزمەتی ئەم قۆناغە ناكات، بەشێكی زۆری هەڵەكان، ئۆباڵی دەخرێتە سەر دەوڵەتی یاسا.
خەونی سەربەخۆیی
لەبارەی پرسی سەربەخۆییەوە، فازڵ میرانی وای بۆ دەچێت كە پرسی سەربەخۆیی خەونی هەموو میللەتێكی بەشخوراوە، كە كوردیش یەكێكە لەو میللەتانەی مافی خۆیەتی ئەو خەونەی هەبێت، بەڵام سەركردایەتیی كورد ڕەچاوی بارودۆخەكە دەكات.
لێرەوە، دەبێ كەڵك لە پێگەی عێراق وەربگیرێت لە ڕووی ئابووری و لایەنەكانی دیكەوە، چونكە دەمانەوێ لە چوارچێوەی عێراقدا پابەند بین بە دەستوور. هاوكات دامەزاروێك بۆ پیادەكردنی دیموكراسییەت هەبێت.
لە عێراقدا گرفتێك هەیە، بۆ تێنەگەییشتن لە چەمكی گۆڕانكارییەكانی جیهانی ئەمڕۆ، خەڵك هەیە وای بۆ دەچێت كە ئێمە تەواو باسی جیابوونەوە دەكەین، جێگەی داخە كە هەندێك لە سیاسەتوانانی عێراق ئێستایشی لەگەڵدا بێت بە عەقڵییەتی ڕابردوو كار دەكەن، كە ئەم عەقڵییەتە، لەگەڵ دنیای ئەمڕۆدا كۆك نییە. بەڵام لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كەركووك ئەوەی ڕوون كردەوە كە لە زمانی داوود ئۆغلوـوە هاتووە، ڤیزای هاتنی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە توركیا وەرگرتووە، لە ئەنجامی پێكهێنانی لێژنەیەكیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە كراوە، كە لەمەولا شتەكان ڕێك بخرێن و ئەم مەسەلەیە ڕووبەڕوویی بخرێتە بەردەم توركیا.
نابێ هەڵە بە هەڵە چارەسەر بكرێت، لە هەموو حاڵەتێكدا یاسا پێشێل بكرێت، كە هەموو كایەكانی ژیان ڕێك دەخات.
نەوت و سیاسەت
سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز، میرانی ئەوەی ڕوون كردەوە، كە جۆرێك لە هەڵە و ناتەواوی لە سیاسەتی نەوتی عێراقدا، لە ئارادایە. هەروەها لە مەسەلەی دەستوور، كە هەندێ جیاوازیی دروست كردووە. ڕەشنووسی بڕگەی 111 و 112 ئەو بنەمایەی داناوە، ئێمە لە كوردستاندا لەگەڵ زیادكردنی هەناردەی نەوتین لە پێناو بەردەوامبوونی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكاندا، كە لە قازانجی هاووڵاتیانی عێراقدایە، بەڵام ناكرێ ئەم مەسەلەیە لەسەر ئێمە بكرێت بە كارتێكی فشار، هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان، بە كەمتر لە 17%. لە مافی ئێمە، بەرانبەر بەو مەسەلەیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پڕۆسەی سەرژمێری، كە ئێمە بووین بە قوربانیی سەرژمێرییەكانی ڕابردوو، بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، بە شێوەیەكی زانستی مافەكانمان دیاری دەكات، دەبێ حكوومەتی عێراق پشتیوانی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بكات بەرانبەر بەو پێشكەوتنەی لەو بوارەدا دەستەبەر كراوە.
پرسی چاكسازی
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پڕۆژەی چاكسازیی هاوپەیمانیی نیشیمانی، میرانی ڕایگەیاند كە تا ئێستا تەنیا قسە بووە و هیچ شتێك لەو بوارە بە شێوەیەكی كردەیی نەخراوەتە ڕوو، گرنگ ئەوەیە كە ئێمە پێچەوانەی هیچ پڕۆژەیەكی چاكسازیی نین، گلەیی ئێمە لەوەدایە كە نابێ لەسەر عەقڵییەتی تاكڕۆیی بەردەوام بن.
سەبارەت بە مەسەلەی كڕینی چەكیش، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ڕوونی كردەوە: ئێمە هەرگیز دژی كڕینی چەك نین، بەڵام وەك سەرۆك بارزانی زیاتر لە جارێك جەختی كردووەتەوە، كە نابێ ئەو چەكە دژی گەلانی عێراق بەكار بێت، چونكە سوپای عێراق، دەبێ سوپای هەموومان بێت. چەككڕین، نامانترسێنێت و لەو بارەوە یادەوەریی تاڵمان هەیە، لە ماڵوێرانی و ئەنفالی كورد. نەتەوەی كوردیش، پێویستی بە فیكری سیاسی هەیە لە عێراقدا. بۆیە ئەو پڕوپاگەندانەی ڕەت كردەوە، كە گوایە كورد 300 تانكی كڕیوە، كە ئەمە بە دیدی ئەو، پڕوپاگەندەیەكی بەتاڵە.
دەرگەی دیالۆگ كراوەیە
میرانی پتر لە جارێك باسی لە بایەخی دروستبوونی دیالۆگی نیشتمانی كرد، تەنانەت ئەوەی ڕوون كردەوە، كە پتر لە جارێك ئێمە ئاماژەمان داوە كە كورد لەگەڵ دیالۆگدایە، كورد قوربانیی داوە بۆ بنیاتنانی عێراق، تەنانەت سەرۆك بارزانی لە هەموو ڕۆژە سەختەكاندا دۆستی سەرۆكوەزیران بوو، بۆیە دەرگەی ماڵی كورد بۆ دیالۆگ كراوەیە، لەو ڕوانگەیەیشەوە ناكرێ مەسەلەكان بخرێنە چوارچێوەی ناكۆكیی شەخسییەوە، چونكە ئەمە لە ڕاستییەوە دوورە.
بەرقەراربوونی ئاساییش
لەمەڕ باری ئاساییش و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئەو عەرەبانەی روو لە كوردستان دەكەن، دوای هێنانەوەی چەندین بەڵگە، ڕایگەیاند كە ئەمڕۆ كوردستان ڕووە و سەقامگیری دەڕوات و مەسەلەی ئەمنییەتی كوردستان، لە سەرووی ئەركەكانەوەیە، بۆیە تۆكمەكردنی بازگەكان، تەنیا لە چوارچێوەی ئەوەوە سەر هەڵدەدات، كە ڕێگە لە تیرۆر بگیرێت و كوردستان بتوانێ ئارامی و سەقامگیریی بۆ هەموو ئەوانە دروست بكات كە ڕوو لە كوردستان دەكەن، ئەمەیش مانای دروستبوونی كەشوهەوای دڵنیاییە و نابێ بە پێچەوانەوە لەم مەسەلەیە بڕوانن.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

