ناوەندی دیموکراسی جیھانی داوا دەکات پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە ئەندامی
بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی گەلی ئیسپانیا ئەلبێرتۆ رویز داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات ببێتە ئەندام لە ناوەندی دیموکراسی جیھانی (ئای دی سی) و دەشڵێت: واقیعی ھەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە لەوەی لە دەرەوە باسی لێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە ھۆتێل رۆژ لە ھاوینەھەواری مەسیف سەلاحەدین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سازیدا بوو، ئەلبێرتۆ رویز تیشکی خستە سەر مەبەستی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئاماژەیدا سەردانەکەی لەسەر داوەتنامەیەکی بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێمن ھەورامی بووە و خۆشحاڵیشە لە نزیکە واقیعی ھەرێمی کوردستان دەبینێ.
ھەروەھا سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتووانە وەسفکرد و گووتی: وەک دەیبینم واقیعی ھەرێمی کوردستان بەمشێویە نییە کە لە دەرەوە باسی دەکرێت، بگرە واقیعێکە کە دیموکراسیەت تێیدا زیاتر بەرەوپێش دەچێت، بە دڵنیاییەوە ئێمەش پشتیوانی ئەم دیموکراسییەتە دەکەین.
رویز تیشکی خستە سەر ئەو ماوەیەی ھاتۆتە ھەرێم ھەم لەگەڵ حکوومەت و ھەم لەگەڵ حزب چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە، بەو مەبەستەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئیسپانیا و ھەرێم پتەوتر بێت.
بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی گەلی ئیسپانیا کە لە ھەمانکاتدا رێکخەری گشتی ناوەندی دیموکراسی جیھانی (ئای دی سی) یە، گووتی: مەبەستێکی دیکەی سەردانەکەم بۆ ھەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە داواکاری بە ئەندامبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوەندی ئای دی سی کە پتر لە ٥٠ ساڵە بوونی ھەیە و تاوەکوو ئێستا لە ٨٠ وڵات لە سەرتاسەری جیھاندا ئەندام و نوێنەرمان ھەیە.
زیاتر روونیکردەوە، لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتدا پارتە ئەندامەکانی ئەم ناوەندە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و لە کۆی ٢٧ پارتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ٢٣ بۆ ٢٤ پارت ئێستا لە دەسەڵاتدان و پێیان دەوترێت پارتی گەلی ئەوروپایی.
ئەلبێرتۆ رویز گووتیشی: ئێستاش ھاتووین و چاوەڕێین پارتی دیموکراتی کوردستانیش ببێتە ئەندام ناوەندی دیموکراسی جیھانی.
ھەروەھا ئاماژەیدا، ئەگەر ھاتوو پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە ئەندام لەم رێکخراوە، ئەوا سەرۆکی پارتی دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ تەواوی سەرۆکی ئەو وڵاتانە پەیوەندیی بگرێت کە پارتەکانیان ئەندامن لەم ناوەندەو لە دەسەڵاتدان، ئەوانیش پشتیوانی لە ھەموو پرۆژەکانیدا بکەن.


__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)

