لەبارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە

عەبدولڕەزاق عەلی
وەك هەر هەنگاوێكی سیاسی، دەرچوونی یاسایەكی زەرووری بۆ دەوڵەتداریی كوردستان و ژیانی هاووڵاتیانی، دەرچوونی یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی كوردستان، ناڕەزایی بەشێكی ئۆپۆزسیۆن و میدیا سێبەرەكەی ئۆپۆزسیۆنی لێكەوتەوە. ئەڵبەت، ناڕەزایی و بگرە شاڵاو و پلارەكانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و میدیا سێبەرەكەیان لە سێ ئاستدا بوون:
یەكەمیان ئاراستەی هەردوو حزبی گەورەی نێو دەسەڵات: پارتی و یەكێتی بوو. دووەم: ئاراستەی شەخسی مەسرور بارزانی دەكرێ كە ڕاوێژكاری ئەو ئەو ئەنجوومەنە هەرە گرینگەی كوردستانە. سێیەمیش وەك پیشە، بگرە خووی هەمیشەییان، ئاراستەی پارتییە. هەرسێ ئاستەكەش لێكدانەوە هەڵدەگرن.
هەرچی ئاستی یەكەمە، لەوەتەی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا چەكەرەی كردووە و لە هەڵبژاردنەكانی 2009دا هەراش بوو، سەری زمان و بنی زمانی: كوردستان دوو ئیدارەیە. پارتی و یەكێتی ناهێڵن سلێمانی و هەولێر یەك بگرنەوە. چۆن دەبێ لە كوردستاندا هەموو شتێك دووانە بێ؟ ئاسایشی ئێرە و ئەوێ ئاگایان لێكتر نییە. پاراستن و زانیاری دوو دەزگەی حزبین و كار بۆ بەرژەوەندی و بەفەرمانی حزبەكانیان كاردەكەن...ئیتر لەم جۆرە قسە و پرسانە، كە ئەگەر ڕاستت دەوێ، سەرەڕای ئەوەی ئەو دەزگانە، ڕۆڵی زۆر گرینگ و یەكلایكەرەوەیان لە پاراستنی ئەمنییەتی كوردستان و سەر و ماڵی هاووڵاتیانیدا گێڕاوە، بەڵام زۆربەی قسەكانی ئۆپۆزسیۆن ڕاست و پرسیارەكان ڕەوا بوون، وەلێ داخ و دەردەكە لەوێدایە، كاتێ پارتی و یەكێتی، بەقسەی ئەوان دەكەن و بەكردار وەڵامی پرسیارەكانیان دەدەنەوە، كاتێك دەزگەیەكی نیشتیمانی وەك ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی كوردستان، بەپێی یاسایەكی پەرلەمانی و بەپێكهاتەیەكی نیشتیمانیانە و بوودجەیەكی ئاشكرا و زانراوەوە دادەمەزرێ، كاتێك مۆتەكەی دوو ئیدارەیی یەخەی ئەمنییەتی كوردستان بەردەدا، كاتێك ئاسایشی سەرلەبەری كوردستان یەكدەخرێتەوە، كاتێك هەوڵ دەدرێ دەزگەكە دەوڵەتی و نیشتیمانی بێ نەك حزبی، كاتێك دەزگە ئەمنییەكان دەخرێنە بن چەترێكی یاسایی نیشتیمانییەوە تا تەنسیق و هاریكاریان هەبێ و كەلێنی نێوانیان نەبێتە كەلێنێكی ئەمنی و ببەزێنرێ، ئا لەم كاتانەدا، ئۆپۆزسیۆن ناڕازییە و هاواری لێ هەڵدەستێ و پەرلەمان جێدێڵێ!!
دەزانم ڕازیبوونی ئۆپۆزسیۆن، ئامانجێكە هەرگیز نایەتە دی، بۆیە ئەم قسانەم بۆ ڕازیكردنی وان نییە، بۆ ئاشكراكردنی دەست و نیازیانە، تا ئەوەندە پشت بەو وەهمە نەبەستن كە خەڵكی كوردستان كەمزەینن و بیانەوێ لە هەر پرسێكدا بۆ بەرژەوەندیی حزبیانەی خۆیان ئەو خەڵكە لەخشتە بەرن و چۆنیان بۆ بلوێ هەڵیانسوڕێنن.
كورت و كرمانجی: پارتی و یەكێتی لە مەوزوعی ئاسایشدا، دروست ئەوەیان كرد كە ئۆپۆزسیۆن داوای دەكرد، ئەدی خێرە ئێستێ وا سەخڵەت بوون و خۆیان و میدیا سێبەرەكەیان لە سلێمانی، پلار نەما نەیهاوێژن، زوڵم نەما لە یاساكە و ئەنجوومەنەكە و پارتی و یەكێتی و كەسێتی كاك مەسروری نەكەن؟




