ئەركە قورسەكانی نێچیرڤان بارزانی دەستی پێكرد

كەنعان بەهادین
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی سیاسی پێشڕەو و پێشەنگی هەرێمی كوردستان، ئێستا لە ڕێگەی جێگری ئەم پارتە كە نێچیرڤان بارزانییە خەریكن حكومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێك بێنن . چونكە ئەمجارەیان هەموو پێكهاتە كوردییەكان بڕیاریان دا لە حكومەتی بنكە فراواندا بەشدار بن، بۆیە ئەگەر درەنگ ئەم حكومەت دروست بێت ئەوا ئاساییە، چونكە قۆناغێكی تری تازەی ئەم هەرێمەیە كە هەموو لایەك پێكەوە شەریكی حكومەتێك بن و بڕیاریش بدەن كار بۆ ئاوەدانی ئەم هەرێمە بكەن .
لێرەدا ئەركی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی بنكە فراوان قورس دەبێت، چونكە ئەمجارە لاسەنگی هێز لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان بەلای بزووتنەوەی گۆڕانەوە قورسە، یەكێتی وەك هێزی سێیەم لەمەودوا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و پارتیش وەك هاوپەیمانی یەكێتی ئەوەی زوو ڕاگەیاند كە سەردەمی فیفتی بە فیفتی بەسەر چوو و یەكێتیش ووردە ووردە ئەمە هەزم دەكات . بۆیە سەرۆك حكومەتی داهاتوو ئەمجارە دەبێت بیر لەوە بكاتەوە زۆر كاریگەرانە هێز و بوونی حكومەت لە ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان نمایش بكات، چونكە ئەو دەڤەرە لە ڕووی پێشكەوتنی ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانی بە پێی پێویست نیە .
جگە لەوەش ئەركە قورسەكەی نێچیرڤان بارزانی لەوەش بەدی دەكرێ، ئەجارە حزبە ئیسلامییەكانیش لە نێو حكومەت بەشدارن، بێگومان ئەوانیش بیرۆكەو ئەجێندای تایبەتیان هەیە بۆ كار كردن .
جیا لەوەش نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆك حكومەت ئەمجارە بە شێوەیەكی حەتمی ڕووبەڕووی بەغدا بۆتەوە، چونكە كاتی دواخستنی گرفتەكان لەگەڵ عێراق بەسەرچوو و ئەم ئەركە گەورەیەش كەوتە سەر شانی نێچیرڤان بارزانی .
خاڵێكی تریش كە بۆ جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی كابینەی داهاتوو، قەیرانەكانی نێوخۆیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمارە لە توركیا، كە وەك هاوپەیمانێكی تازەی ئیقلیمی، توركیا كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر ئەركە قورسەكەی نێچیرڤان بارزانی .
خاڵێكی تریش مەسەلەی یەكلایی بوونەوەی قەیرانی سوریایە كە بۆ هەرێم و ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و ئەركێكی قورسیشە بۆ سەر ئەدای كاری دەوڵەتداری نێچیرڤان بارزانی و حكوومەتەكەی، بەتایبەت هەڕەشەی تیرۆر ( رێكخراوی داعش و ئەلقاعیدە ) بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چاوكراوەیی و ئاگادار بوونەوەی پێویستە .
بۆیە بەڕای من پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان و یەكگرتوو لەم قۆناغە پێویست بوو، ڕێزگرتن لە قورسی ئەم قۆناغە هەستی پێكرا لەلایەن گشت پێكهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، وا پێویستیش دەكات ئەم شێوە كاركردنە تۆكمەتر بكرێت لە پێناو ئاوەدانی زێتری هەرێمی كوردستان .




