٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

1ی شوبات، ڕۆژی 101 شەهید

سەرچاوە: KDP.info

كەنعان بەهادین

ئێوارەی جەژنی قوربان بوو، شار جمەی دەهات، خەڵك پڕژابوونە بازاڕەكانی شار، خەریك بوون شیرنەمەنیان بۆ جەژن دەكڕی، بیریان لای ئەوە بوو، گەردن ئازایی لەو هاوەڵانەیان بكەن كە دڵیان ئێشاوە، بە پەلە بوون تا تارمایی شەو لاچێت و جەژن خۆی ئیعلان بكات .

 بەڵام نەیانزانی ئەو شەوە، جنۆكەو شەیتانەكان خەریك بوون شار بكەنە قوربانی، لەبری قوربانی كردنی خەڵك بۆ خوا .

ئەوان خەریك بوون بۆن و بەرامی گووڵ و ڕەنگە بنەوشەییەكان بگۆڕن بۆ بۆنی خوێن و گەوزاندنی جەستە بۆندارەكان لەنێو یەكترو بیانسوتێنن .

 ئاااای چەندە ڕق هەڵگرو كین لە دڵ بوون، ئەزانن بۆ؟ چونكە خۆشیان نەیانزانی بۆ وایان كرد !!!!

بەرەبەیان هات و 101 كەسی ئەم شارە، بۆ چەند چركەیەك ئیزنیان لە قەڵاو مینارە وەرگرت و گووتیان هەندێ ماچ دەبەخشین و دەگەڕێینەوە لاتان، دەتگووت دڵی مناڵەكان خەبەریان دابوو، باش باش، لەكاتی چوونە دەرەوەو پێڵاو لەبەر كردنی باوكیان، دەیانڕوانییە جوڵەو چاوەكانیان،

دەیانزانی ناگەڕێنەوە !!

هەیانبوو، چاوەڕی بوو باوك بێتەوەو بیانبات بۆ جۆلانێی و حیندلحۆب،

 هەشیانبوو چاو لە دەرگا چاوەڕێ بوون تا بیانبەن بۆ لای برازا و خوشەكەزاكانیان، بەڵام هەر نەگەڕانەوە .

ئەمە بوو بە 10 ساڵ هەر سەیری دەرگاكان دەكەن، پرسیار مێشكی ماندوو كردن، ئایا بۆ كوێ چوون ؟ بۆ نەگەڕانەوە ؟

ئەم جەژنە بۆ وا بوو ؟

دوای نوێژە جەژن خەڵك بەرەو قەسابخانەكان هەنگاویان دەنا، تا قوربانی لە پێناو خوا بكەن، بەڵام ئەمجارە بۆ چەند چركەیەك ئیزنیان خواست تا خۆشەویستانیان ماچ بكەن و ئینجا خوای باڵا دەست لەخۆ ڕازی بكەن .

تیرۆر نەیهێشت ئەم براگەلانە قوربانی بۆ خوا بكەن، ڕۆحیان بەو نیازە بەخشیە خوا، بێمنەت بوون، هەر نا، نازدارانمان ماچ كردو خۆ ئێوەی دڵڕەش ناتوانن ئەمە بكەن .!!

ئەم شارە هۆلاكۆی بەزاند، بەعسی بەزاند،

 101 شەهیدیش دەبەخشن تا ئێوەی هەناو ڕەش نەگەن بەوەی كە دەتانەوێ،

دڵنیاشم نە خۆتان و نە كەسیتریش تێتان ناگات چیتان دەوێ ؟؟!!

ئەم شارە بۆ وا (هەورە ڕەش) ئاسمانی داپۆشی، خۆ بەیانی جەژن و بوو و خۆر قەڵای ڕەونەقدار كردبوو .

لە هەموو سوچ و كۆڵانێكەوە، دارەبازەو تاتە شۆر دەبینرا، قەڵا 101 لافیتەی ڕەشی ئازیزانی بە سینگی خۆیەوە هەڵواسی، تا سەربەرزتر نیشانی رێبواران و ئاشقانی بدات .

حەیران، ئەمن سەد جار وەمدەگۆتیێ، لاشەكان ماندوون

هێدی هێدی بیانجوڵێنن ، نەك زەوی، ئاسمانیش پێی خۆشە، ئەو ئازیزانە دە هەناوی خۆیان حەشار بدات

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار