مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە کوردستان تیڤی دەکات

بەرێزان بەرێوەبەر و کارمەندانی کوردستان تیڤی
بە بۆنەی پانزەمین ساڵەی دەستپێکردنی یەکەمین کەنالی ئاسمانی لەسەر خاکی ئازادکراوی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەین، ئێمە ئەوە دەزانین کە دامەزراندنی ئەم کەنالە ئاسمانییە لە پانزدە ساڵ لەمەوبەر شۆڕشێک بوو، هەروەها سەردەمێکی نوێی لە نێو راگەیاندنی کوردی بەتایبەتیش لە بواری بینین و گەیاندنی دەنگی کوردستان بە سەرتاسەری دونیا دەستپێکرد. ئەو پەیامەی کوردستان تیڤی لە پێناوی دامەزرا، تاکو ئێستەش رۆل و کاریگەری خۆی هەیە و رۆژبەرۆژیش ئەرک و پەیامی ئەم کەنالە سەربەرز و راستگۆیە لە نێو راگەیاندنی کوردستان باشتر دەردەکەوێت، بەتایبەتیش لە وابەستە بوون بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و کوردستانییەکان و کارکردن بە پێی بنەماکانی پیشەی رۆژنامەنووسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی تاکەکەسی لە کوردستاندا.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیوای هەمیشە سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین، کە ئێوە دەنگ و رەنگێکی زولالن لە پێناو داکۆکی کردن بە شێوەیەکی پیشەیانە لە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان، ئێوە دەنگی سەرجەم خەڵکی کوردستانن بە هەموو پێکهاتە و ئاین و رەوت و بیروراکانەوە.
پیرۆزە پانزدە ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، بە هیوای خزمەت و بەرەو پێشکەوتن و نزیکبوونەوەی پتر لە خواست و پێویستییەکانی خەڵکی سەربەرزی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
16-1-2014




