فازڵ میرانی بۆ الجزیرە نێت: بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی ئەنبار پلانێكی سیاسیمان لەبەردەستدایە

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ سایتی ئەلیكترۆنی الجزیرە نێت دووپاتیكردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێ رۆڵێكی ئیجابی و كاریگەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی پارێزگای ئەنبار بگێڕێت و ئاماژەی بەوەش دا كە سەرۆك بارزانی بە شێوەیەكی جدی كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك دەكات كە دوور بێت لە شێوازی سەربازی. ئەگەرچیش میرانی روونكردنەوەی لەبارەی هیچ دەستپێشخەریەكی سەرۆك بارزانی نەدا، بەڵام ئەوەی نیشاندا كە سەرۆك هەمیشە دووپات لەسەر پرسی دیالۆگ و ئاشتەوایی و رەتكردنەوەی پەراوێزخستنی لایەنەكانی عێراق لەسەر هەر بنەمایەك بێت و ئەوەشی بە پێویست زانی كە میانگیری كورد لەم بارەوە قبووڵ بكرێت. هەروەها نەشیشاردەوە كە چوونی هێزی حكومی بۆ نێو شارەكان هەڵەیەكی گەورە بوو، سوپا كە چووە ئەنبار بۆ پاراستنی سنوور و شەڕكردن وەك ئەوان دەڵێن لەگەڵ تیرۆر، بەڵام سوپا هێرشی كردە سەر مانگرتنێكی ئاشتیانە كە هیچ زەرەرێكی نەبوو، لە كاتێكدا دەیتوانی بە شێوەیەكی سیاسی و یاسایی لەگەڵ مانگرتوواندا مامەڵە بكات نەوەكو بە شەڕ.ئەوەشی خستەڕوو كە سەرچاوەی گرفتەكانی عێراق سیاسیە و ئەمنی نییە كە خۆی لە تەسكبینی سیاسی و فیكری هەندێك لەسەركردەكان دەبینێت كە پشت بە دیدی رەگەزپەرستانە و تایفەگەری دەبەستن و سیاسەتی جیاكردنەوە و كڕینی وەلای خەڵك و بەسیاسیكردنی سوپا پەیڕەو دەكەن، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە لە ساڵی 2003 ەوە حكوومەتی عێراق نەیتوانی دەوڵەتی هاووڵاتی بەهێز بكات بەڵكو ئێستا دەوڵەتی پێكهاتە لە عێراقدا هەیە و هۆكارێكە بۆ بارودۆخی ناهەمواری ئەمڕۆ. سكرتێری مەكتەبی سیاسی بە پێویستی زانی حكوومەتی عێراق بە ئەركی خۆی هەڵبستێ و عێراق لەو قەیرانەی رزگار بكات و هۆشداری ئەوەیدا كە ئاشتی نێوخۆیی و كۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە و سەروەریی وڵات پێشیل دەكرێت و بە دووری نەزانی كاریگەری بەسەر هەرێمی كوردستانیشەوە هەبێت بەوپێیەی كە بەشێكە لە عێراق .ئەوەشی خستەڕوو كە شەڕی نێوان حكوومەت و هێزە كوردیەكان هیچ كاتێك نەگەیشتە ئاستی شەڕی نێوخۆیی لە كاتێكدا كە لە ساڵی 2003 ەوە حزبە سیاسیەكانی عێراق جیاوازیەكانیان كردۆتە هۆكار بۆ ناكۆكی كە تێكچوونی باری ئەمنی لێكەوتۆتەوە. هاوكات میرانی دووپاتیكردەوە پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی ئەنبار لە هەرێمی كوردستان ئەركێكی نیشتیمانی و ئەخلاقییە بەر لەوەی ئەركێكی مرۆیی بێت .نیشانیشیدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم شتە بە منەت نازانێت، بەڵكو وەكو پاداشتێكە بۆ رەوشتبەرزی خەڵكی ئەنبار كە لە دوای رێككەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 پێشوازییان لە ژمارەیەكی زۆری كورد كرد و بە شێوەیەكی برایانە و بە رەوشتێكی پڕ لە شەهامەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كردن. لەبارەی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتیش سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەدا دانوستاندن لەمبارەیەوە بەردەوامە بە تایبەتی دوای ئەو گۆڕانكاریانەی لە تابلۆی سیاسی هەرێمدا هاتنە ئاراوە بە بوونی بزووتنەوەی گۆڕان بە دووەم و یەكێتی نیشتیمانی بووە سێیەم، چونكە لە خولەكانی پێشوودا لەسەر بنەمای رێككەوتنی ستراتیژی نێوانی پارتی و یەكێتی حكوومەت پێكدەهێندرا. هەروەها دووپاتیكردەوە هەر گۆڕانكاریەكی سیاسی لە هەرێم دەبێتە هۆكارێك بۆ بەهێزكردنی پرۆسەی دیموكراسیەت، تیایدا ئەوەشی رونكردەوە كە پێویستە لەگەڵ یەكێتی بەپێی فاكتەری مێژوو مامەڵە بكرێت نەوەكو ئەنجامی هەڵبژاردن و نیشانیشیدا بە ویستی خۆی یەكێتی بەشداریكردنی بە لیستی جیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێ باشبوو و ئاماژەی بەوەشدا ئەو مەسەلەیەك هیچ كاریگەریەكی بەسەر راگەیاندنی حكوومەتەوە نابێت.




