پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی61 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

ئەمساڵ یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی یادی شەست ویەک ساڵ دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، ئەو یەکێتییەی لە سەردەمە مێژووییەکان و لە سەردەمی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان بە رێبەرایەتی پارتیمان و هەروەها لە رۆژانی راپەڕینی جەماوەری کوردستان و دواتریش لەسەردەمی بیناکردنی دامودەزگای بەرێوەبردن و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەشداری لە حکوومەتی کوردستان رۆلی بەرچاویان لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گێڕاوە. ئەمڕۆش وەکو ناوەند و پێگەیەکی بەهێز و سەرەکی کۆمەڵایەتی لە پێناو پەرەپێدانی کۆمەڵگە و داکۆکی کردن لە مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی ئافرەتان و خێزان، تێدەکۆشێت.
لەم بۆنە مێژوویەدا وێڕای پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم کادرو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و بەرز نرخاندنی رۆلی ئەم یەکێتییە و کادیرە تێکۆشەر و وشیارەکانی لە داکۆکی لە دۆزی کوردستان و مافە رەواکانی ئافرەتانی کوردستان، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە رۆلی بەرچاو و کاریگەریان لە رابردوو و هەروەها ئێستەش بدەین، کە شیلگیرانە کاریان کردووە شان بەشانی پیاو و چین و توێژەکانی دیکە لە کوردستاندا لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانی ئافرەتان و وشیارکردنەوەیان و دەرفەت دروست کردن بۆ ئەوەی بە کردەوە بەشداری لە پێشخستنی کۆمەڵگە بکەن. لە بیری نەکەین دروستبوونی یەکێتی ئافرەتان بەر لە شەست و یەک ساڵ لەمەو بەر و لە هەڵومەرجی سەختی کۆمەڵگەی کوردستاندا، دەستپێشخەری و هەروەها رچەشکاندنێکی دیاری نێو کۆمەڵگە و بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیش بووە. بۆیە لەم بۆنەیەدا دەکرێت، بڵێین ئافرەتان لە رێگەی یەکێتی ئافرەتانەوە، توانیان رێکخراوتر و کاراتر بەشداری لە پێکهێنانی مێژووی سیاسی و تێکۆشان لە کوردستان و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان و ئەم بەرەو پێشڤەچوونەکانی ئەم قۆناغەش بکەن، کە ئێستە کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت.
بەم بۆنە مێژووییە، جارێکی دیکە رایدەگەینن کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو چۆن لە سەرجەم قۆناغەکاندا پشتگیری لە ئافرەتان و ئەم یەکێتییە تێکۆشەر و خۆراگرە کردووە، ئەمڕۆش لەتەک هاندان و هاوکاری بەردەوامی یەکێتی ئافرەتان بۆ ئەوەی وەکو هەمیشە بتوانن خزمەتی ئافرەت و خێزان و کۆمەڵگە بکەن، کێشە و گرفتەکانی ئافرەتان لە رێگەی دادی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی باشترین یاسا و هەلومەرج بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسودەیی بژین و هاوبەشانە بەشداری لە بیناکردنی کۆمەڵگەی نوێ بکەن، داواش لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکەین، کە کاری جدی بکەن بۆ رێگرتن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و هەروەها بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە نێو خێزان و کۆمەڵگە و زەمینە خۆشکردن بۆ سەرجەم ئافرەتان لە هەموو ئاین و نەتەوە و گروپێکدا، تا ئازادانە و دوور لە فشاری کۆمەڵایەتی، بتوانن بەشداری لە پێشخستنی کۆمەڵگە و دابینکردنی دوا رۆژێکی ئاسودە و سەرفراز بکەن.
بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکەین و هیواخوازین ساڵی نوێ، ببێتە هاندەرێکی دیکە و دەرفەتێکی دیکە تاکو هەرچی زیاترە خزمەتی ئافرەتان لە ئاستە جیاکان و لە نێو پێکهاتە جیاکانی کوردستان بکەن. بەرنامە رێژی بکرێت تا ئەو کێشانەی تاکو ئێستەش لە ژێر فشاری باوی کۆمەڵایەتی و هەندێک فکری ناسەردەمیانە دژی ئافرەتان درێژەی هەیە، بنەبڕ بکرێت، هەروەها وەکو هەمیشەش یەکێتی ئافرەتان جێگەی متمانە و هەروەها خانە و پێگەی بەهێزی ئافرەتانی کوردستان بێت، هەر ئەو دەنگە زولال و گەشاوە بن، کە شەست و یەک ساڵە دەگەشێتەوە. گەشە دەکات و پەرەی پێدەدرێت و لە هەر قۆناغ و سەردەمێکیشدا توانیویەتی وەڵامی واقیعی و لەباری خواستەکانی ئافرەتان و کێشەکانیان بێت.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠-١٢-٢٠١٣




