٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆچی دوایی سەرۆك نیلسۆن ماندیلا

سەرچاوە: KDP.info

(نیلسۆن ماندێلا) مرۆڤ و سەركردە، سیمبولی خەباتی گەلانی ئەفریقیاو هەموو ئازادیخوازانی جیهان، ئەستێرەی پڕشنگداری ئاشتی و پێكەوەژیان كۆچی دوایی كرد و بۆشاییەكی گەورەی لە سەردەمێكدا دروست كرد كە مرۆڤایەتی پێویستی بە رابەری لە چەشنی ئەو هەیە بۆئەوەی دەنگی زوڵملێكراو و سستەمدیدانی دنیا دلێر و بەرز بێ و دەنگی تیرۆر و جەنگ و جیاكاری رەگەزپەرستانە كپ بكرێ.

لە هەموو جیهاندا، مرۆڤەكان بە جیاوازی نەتەوە و رەگەز و رەنگ و ئایین و هەر ئینتیمایەكی سیاسی، بە خەم و پەژارەوە ماڵئاواییان لە (نیلسۆن ماندێلا) سەركردەی گیانفیدا و بەخشندە و ئازادیخواز كرد، چونكە لە هەموو جیهاندا ناوی ئەو بۆتە سیمبولێك، تا هەتایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە ئاسمانی بەها نەمرەكانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و پێكەوەژیان و دادپەروەریەوە دەدرەوشێتەوە.

نیلسۆن ماندێلا لە یەك كاتدا بۆ ئێمەی كورد، رابەرێكە بۆ شوێن پێهەڵگرتنەوەی لە شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و دژی رەگەزپەرستیدا، هەروەها دۆست و لایەنگرێكی چاونەترس و راستگۆ بوو بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان و مافە بنچینەییەكانی لە سەربەخۆیی و ژیانی دیموكراسی و پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وەفادارانە دەڕوانێتە مێژووی پڕ سەروەری ئەم مرۆڤە سەركردەیە و هەڵوێستی جوامێرانەی لە داكۆكیكردن لە مافی گەلانی ژێردەست و پشتیوانیكردنی خەباتی ئازادیخوازانە و هاوسۆزی و لایەنگری بۆ دۆزی گەلی كوردستان. هەروەها بە خەم و پەژارەوە پرسە و سەرەخۆشی بۆ گەل و حكوومەتی باشووری ئەفریقیا دەنەرێت و دووپاتی دەكاتەوە كە نیلسۆن ماندێلا لە لای گەلی كورد كەسێكی نەمرە و هەمیشە لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و وانەكانی خەباتی ئەو بۆ ئێمە لەبیر ناكرێن و بەردەوام سوودیان لێ وەردەگیرێ بۆ پتەوكردنی ستوونەكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و دادپەروەری.

نەمری بۆ نیلسۆن ماندێلا، رابەر و سیمبوول

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار