نه‌وت، گه‌ره‌نتیی ئێستا و داهاتووی كوردستان

سامی ئه‌رگۆشی
هه‌موو ئه‌و دژایه‌تی و ڕه‌خنه و تانه‌ی به هه‌ق و ناهه‌ق؛ له شه‌ڕ و ڕكابه‌ریی قێزه‌وه‌نی سیاسی و هه‌ڵبژاردنیدا له هه‌ر لایه‌كی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تی نه‌وتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه و هه‌رچی له توانادا بوو بۆ شكستپێهێنانی ئه‌و سیاسه‌ته به كار هێنرا، وێڕای هه‌ر كه‌موكوڕییه‌كیش كه هه‌یبێت، هێشتا نه‌توانرا شكست به‌و سیاسه‌ته بهێنرێت و له سه‌ركه‌وتوویی و گرنگیی ئه‌و سیاسه‌ته بۆ ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكاته‌وه.
له ئاستی ناوخۆدا، ئه‌م سیاسه‌ته هه‌رێمی كوردستانی له ژێر به‌زه‌یی حكوومه‌تی عیراق و "ویژدانی" شه‌هرستانییه‌كانی به‌غدا ده‌رهێنا و كارتێكی پاڵه‌په‌ستۆی زۆر مه‌ترسیداری حكوومه‌تی عیراقی سووتاند كه هه‌میشه بۆ هه‌ر كێشه و لێكنه‌گه‌یشتنێكی بچووك و گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا، وه‌كوو چه‌كێكی سیاسی ڕووبه‌ڕووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرده‌وه و كه‌ی بیویستایه، پشكی هه‌رێمی كوردستانی له سووته‌مه‌نی و به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت كه‌م ده‌كرده‌وه، یانیش یه‌كجاری ده‌یبڕی و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی له مافێكی ده‌ستووریی خۆی بێبه‌ش ده‌كرد.
ئێستا له سایه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته، حكوومه‌ت و هاووڵاتیانی كوردستان هێنده باكیان به‌وه نه‌ماوه كه حكوومه‌تی به‌غدا ئه‌و پشكه‌ی خۆی ده‌نێرێت، كه‌می ده‌كاته‌وه، یانیش هه‌ر یه‌كجاری ده‌یبڕێت؟!. ئیدی ئه‌و ڕۆژه به سه‌ر چوو كه هاووڵاتیانی كوردستان چاویان له به‌زه‌یی به‌غدا بێت و ئه‌گه‌ر له وێوه هیچ نه‌هات، ئیتر ببێته قڕوقاتی و سوومه‌ته‌مه‌نی و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان ده‌ست نه‌كه‌ون. چونكه هه‌ر وه‌ك هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عیراق پشكی هه‌رێمی كوردستان نه‌نێرێت، هه‌رچی پێویست بێت ده‌یكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ین". له‌مه‌ودوا هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی لوتفی به‌غدا ناكات.
ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر به ته‌نیا ئاگاداركردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نه‌بوو، به‌ڵكوو پشتئه‌ستوور به‌و سیاسه‌ته‌ی نه‌وت كه له سه‌ر بنه‌ما یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی عیراق دامه‌زراوه، به ده‌ستپێكردنی ناردنی نه‌وتی خاوی كوردستان بۆ توركیا و هێنانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان، هه‌ڵنانی هه‌نگاوێكی دیكه‌ی بوێرانه بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له ئێستاوه ئاماده‌كاری بكرێت تا بتوانرێ له كاتی خۆیدا و به‌ر له هاتنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه، سووته‌مه‌نی و به تایبه‌تیش نه‌وتی سپی بگاته هاووڵاتیان و چیتر به ترس و له‌رزه‌وه چاوه‌ڕێی ده‌ستی "كه‌ره‌م"ی به‌غدا نه‌كه‌ن. هه‌مان شت ده‌كرێ له‌گه‌ڵ ئێرانیش بكرێت.
زیادبوونی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و درێژبوونه‌وه‌ی زیاتری كاژێره‌كانی هه‌بوونی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌وتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه. ئێستا ڕێژه‌یه‌كی زۆری كاره‌با له‌و وێستگانه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێ كه به سووته‌مه‌نی كار ده‌كه‌ن و پێویستییه‌كی زۆری هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی له كاره‌با پڕ كردووه‌ته‌وه. دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ ئه‌م وێستگایانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و باشتربوونی به‌رده‌وامی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان، ڕوویه‌گی گه‌ش و نیشانه‌یه‌كی دیاری سه‌ركه‌وتوویی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌وته له ئاستی ناوخۆییدا.
له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا، سیاسه‌تی نه‌وت هه‌رێمی كوردستانی خسته سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانیی وزه و له بواری دابینكردنی وزه و گازی سروشتی‌دا، نرخ و پێگه‌یه‌كی زۆر به‌هێز و گرنگی به‌خشیه هه‌رێمی كوردستان كه بوو به ژماره‌یه‌كی قورس و دیاری هاوكێشه‌ی وزه و ئابووری له جیهاندا. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد گه‌وره‌ترین ناو و كۆمپانیاكانی جیهان له بواری نه‌وت و وزه‌دا وه‌ك ئیكسۆن مۆبیل، وێڕای هه‌موو ڕێگری و دژایه‌تییه‌كانیش، بێته هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمدا گرێبه‌ستی ستراتیژی مۆر بكات. هه‌ڵبه‌ته چه‌ندین گه‌وره كۆمپانیای جیهانیی دیكه‌ش به ڕێگا‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێن و له بواری نه‌وت و وزه‌دا له هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن.
پێگه و گرنگیی هه‌رێمی كوردستان له بواری نه‌وت و دابینكردنی وزه‌دا و دروستبوونی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره و ستراتیژیی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهان له هه‌رێمی كوردستان كه له دروستكردنی بڕیار و نه‌خشه‌كێشان و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی جیهاندا ڕۆڵی كارا و كاریگه‌یان هه‌یه، به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ده‌بێته هۆی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان. له سایه‌ی سیاسه‌تی نه‌وتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئیتر ئه‌و قه‌باره زه‌ویه‌ی پێی ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستان، چیتر گۆشه‌یه‌كی له‌بیركراوی وڵاتێكی پڕ كێشه‌ی بێ ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نیه، به‌ڵكوو ئیتر ناوچه‌یه‌كی پارێزراوی نێوده‌وڵه‌تی یه.
گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان كۆڵه‌كه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تی نه‌وتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن كه قسه‌یه‌كی زۆر ده‌رباره‌ی ده‌ستووری و ناده‌ستووریبوونیان كراوه و ده‌كرێت. له شه‌ڕ و ڕكابه‌ریی سیاسیش‌دا چ له هه‌رێم و چ له به‌غدا، تۆمه‌تی گه‌وره‌ی ناڕوونی و گه‌نده‌ڵی ده‌درێته پاڵ و كورد گوته‌نی، نان و پیازی زۆری پێوه ده‌خورێت. به‌ڵام لۆژیك و ڕاستییه‌كی زۆر ساده و ئاسان هه‌یه كه ناحه‌زانی ئه‌م سیاسه‌ته هه‌رگیز به لایدا ناچن و قه‌د نایانه‌وێ باسی بكه‌ن و ئاما‌ژه‌ی پێ بده‌ن.
بۆ نموونه كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ئیكسۆن مۆبیل كه هه‌زاره‌ها پارێزه‌ر و یاساناسی هه‌یه و له بواری خۆیدا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین ناوبانگ و پێگه‌ی جیهانی یه، چۆن دێت له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات ئه‌گه‌ر له‌وپه‌ڕی یاساییبوون و ده‌ستووریبوونی گرێبه‌سته‌كان بێگومان و دڵنیا نه‌بێت؟! كۆمپانیایه‌كی وا كه ته‌نانه‌ت تا ڕاده‌ی گۆرینی نه‌خشه‌ی سیاسیش؛ هێز و توانای هه‌یه، چۆن گرێبه‌ستێك مۆر ده‌كات كه هێنده‌ی زه‌ڕه‌یه‌كیش بێت، گومانی گه‌نده‌ڵی لێ بكات؟! هه‌ڵبه‌ته بۆ هه‌موو لایه‌ن و حكوومه‌ت و كۆمپانیاكانی دیكه‌ش هه‌ر وایه. بۆیه‌شه هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌تی ناده‌ستووری و گه‌نده‌ڵی بۆ سیاسه‌تی نه‌وت، له ڕووی ئه‌قڵ و لۆژیكه‌وه به‌تاڵ و بێمانایه. خۆ ئه‌گه‌ر له به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی باوه‌ڕهێن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه، یان نه‌یویستووه ورده‌كاری و گرنگیی سیاسه‌ته‌كه‌ی ڕوون بكاته‌وه، ئه‌وه خۆی ده‌زانێ و ئه‌گه‌ر خه‌تایه، خه‌تای خۆیه‌تی.
ناحه‌ز و دژه هه‌ره سه‌رسه‌خته‌كانی سیاسه‌تی نه‌وتی حكوومه‌تی كوردستان زۆر باش له‌م ئه‌لف و بێیه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته و ڕۆڵی مێژوویی نه‌خشه‌كێشه‌كانی ده‌گه‌ن و ده‌زانن سوود و ده‌سكه‌وتی سیاسی و ستراتیژیی ئه‌م سیاسه‌ته بۆ ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده؟ بۆیه چاویان پێ هه‌ڵنایه‌ت و كوێرانه كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تیكردنی و بێهووده هه‌وڵی ناوزڕاندن و بێبایه‌خكردنی ده‌ده‌ن. باشترین وه‌ڵامیش بۆ ئه‌مان، هاتنی زیاتر و به‌رده‌وامی گه‌وره هێزه ئابووریه‌كانی جیهانه بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه تا دێ شوێن و پێگه‌ی هه‌رێم له جیهاندا گرنگتر و به‌هێزتر ده‌كات و پێشكه‌وتن و گه‌ره‌نتی و دڵنیاییه‌كی زیاتر بۆ ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.




