٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

لە درێژەی كۆبوونەوە هاوبەشەكان، ئەمڕۆ 5/12/2013، هەردوو لیژنەی تایبەت بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و ئەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆكران و بڕیاری تایبەتیان لەبارەوە درا:

یەكەم/پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانیان دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلی كوردستان بەدیهێناوە، راگرتن و پابەندبوونی هەردوولا بەم هاوپەیمانێتیە بۆ پتەوكردنی حكومەتی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و برەودان بەبەرنامەی چاكسازی و گەشەپێدان بە رەچاوكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013، لە ئەولەویەتی كارەكاندابێت.

دووەم/یەكێتی و پارتی، پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانی دەكەن لە پێناو زامنكردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و گەشەپێدانی حكومڕانی كوردستان بە شێوازێكی سەردەمیانە.

سێیەم/كۆبوونەوە، هەوڵ و كۆبوونەوەكانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی كوردستان بۆ زەمینەخۆشكردنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و، بۆ رەچاوكردنی پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كوردستانی و تەبایی و یەكتر قبوڵكردن، بەرز دەنرخێنێت.

چوارەم/سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێڕاقی، لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كۆبوونەوە، هەماهەنگی و یەكهەڵوێستی و یەك لیستی بە پێویست دەزانێت لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بۆیە كۆبوونەوە جەخت لە پێكهێنانی لیستێك لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكاتەوە.

پێنجەم/سەبارەت بە رووداوەكەی دوێنێی شاری كەركوك، كۆبوونەوە ئیدانەی ئەو كارە تیرۆرستیانە دەكات و دەستخۆشی و پاڵپشتی لە هێزە ئەمنییەكانی شاری كەركوك كرد بۆ رووبەڕووبونەوە و پۆچەڵكردنەوەی بەرنامە و پیلانە گوڵاوەكانی دوژمنان، لە هەمانكاتدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی ئەو رووداوە دەكات و هیوای زووچاكبوونەوە و تەمەندرێژی بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

ئەمانە و، كۆبوونەوە بڕیاریدا كۆبوونەوە هاوبەشەكان بەردەوامدەبن.

 

لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی     لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی

 پارتی دیموكراتی كوردستان      یەكێتی نیشتمانی كوردستان

                          5/12/2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار