کورد یاریزانە نوێیەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
غازی حەسەن
دۆزی کوردستان و کێشەی کورد بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، کورد لە مێژوودا خاوەنی چەندین ئیماراتی سەربەخۆ بووە، هەروەها تاکو ئێستەش سێ حکوومەتی بەناوی حکوومەتی کوردستانی جنوبی ساڵی 1922بەسەرۆکایەتی شیخ مەحمود و کۆماری کوردستان ساڵی 1946بەسەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای بەهاری 1991هاتۆتە ئاراوە و هەنووکە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات. یەکەم و سێیەمی ئەم حکوومەتانە لە کوردستانی باشورن و ئەوەی دووەمیشیان لە کوردستانی رۆژهەڵات بووە. شۆڕش و وریابوونەوەی کورد لە باکور و رۆژئاوای کوردستان تازەیە.
بارزانییەکان لە بیستەکانی سەدەی رابردووە لەهەموو شۆڕش و راپەڕین و حکوومەتەکانی کوردستان رۆلیان هەبووە، مستەفا بارزانی وەکو سەرکردە و رێبەرێکی لێهاتوو رۆلی لە کۆماری مەهاباد گێڕا، بەم رۆل گێڕانەشی هەر تەنیا وەکو پاڵەوانێکی جەنگاوەر و شۆڕش دەرنەکەوت، بەڵکو بۆ یەکەمینجار وەکو رێبەرێکی ستراتیژی نەتەوەیی و سیاسی و بۆ یەکبوونی کورد و یەک دۆزی کوردستان بەشداری کرد. لە دوای گەڕانەوەی لە سۆڤیەتی پێشووش، لە رێبەرایەتی شۆڕشی ئەیلولدا لە 11 ئەیلولی 1961 هەمیشە کاری کردووە کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بەشداری لە شۆڕش بکەن و خۆیان بە یەک نەتەوە و یەک دۆز بزانن، ئەو وەکو رێبەری کورد مامەلەی لە گەڵ کوردی هەموو پارچەکان و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان کردووە. هەر لەسەردەمی ئەودا کریستانییەکان و ئێزدییەکان و کاکەیی و شەبەک و تورکمان و هەتا عەرەبیش توانیان بە شێوەیەکی یەکسان و وەکو برا بەشداری لە شۆڕس بکەن و رۆلی بەرپرسیارەتیشیان تێداگێڕا.
| ئەم پەیامە ستراتیژییە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی قوڵ و لە سەردەمێکی نوێ و جیا لە سەردەمەکانی دیکە لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی کورد |
ئەم پەیامە ستراتیژییە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی قوڵ و لە سەردەمێکی نوێ و جیا لە سەردەمەکانی دیکە لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی کورد و هەنگاونان بەرەو چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کوردستان لە تورکیا و شوێنەکانی دیکە کاری بۆ دەکرێت.
سەردانەکەی بارزانی بۆ ئامەد، کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا و پێشکەشکردنی گوتار بەزمانی کوردی و بەشێوەیەکی فەرمی لە رێورەسمێکی دەوڵەتیدا، دەلالەتێکی گەورە و مێژووییە لە بەرەو پێشەوەچوونی دۆزی کورد، دیارە دەگوترێت دۆزی کورد واتە دۆزی خاک و نەتەوە و پێکهاتە جیاکانی دیکەیە کە لە کوردستاندا دەژین. لە هەمان کاتیشدا کە باسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد دەکرێت، دەبێت بۆچوون و بەرنامەکانی سەرۆک بارزانی لەمبارەوە وەکو مێژوو شیبکرێنەوە و رێزی لێبگیرێت. واتە ئەوەی سەرۆک بارزانی دەیکات، هەنگاو نانە بۆ گێڕانەوەی کەرامەتی کەسایەتی تاکی کورد، هەڵسانەوەی کوردە بە شێوەیەکی نوێ و سەردەمیانە، دوور لە توندوتیژی و خوێن رژان. دیارە ئەم کارانەشی وەکو کیانێکی دەستوری و یاسایی بە ناوی (هەرێمی کوردستانی فیدرالی لە عێراق) ئەنجام دەدات.
| ئەگەر وریا بین سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ ئەو رۆلە نوێیە بە کورد دەبەخشێتەوە، کە پێشتر وەکو نەبوو مامەلەی لە گەڵ دەکرا |
هەروەها کاتێک رەخنە لە بارزانی دەگیرێت کە مەبەستی لە سەردانکەی کەسێتی و بۆ مەسەلەی ئابووری بووە، ئەگەر مەسەلەکە رێک وەهاش بوو، دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین کە بارزانی پێگە و پایەی سەرۆکایەتی خۆی وەکو سەرۆکایەتییەکی فەرمی و دانپیانراو لەهەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری دۆزی کور بەکاردەهێنێت و هەروەها یەکەمینجاریشە سەرۆک و رێبەرێکی کوردستان بتوانێت ئابووری وەکو چەکێکی بەهێز لە پێناو دۆزی کورد لەگەڵ وڵاتەکانی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەکار بهێنێت. دیارە هەردوو رەوشەکە، شیاو و لەبار دەبن بۆ یەکخستنی گوتار و هەنگاوی کورد لە پێناو ئاشتی، دوای ئەوەش بەدەستهێنانی ئازادی.. بۆیەشە دەکرێت کورد بە یاریزانە نوێیەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دابنرێت، کە خودی کورد یەکێکە لە کۆنترین قوربانییەکانی سیاسەتی قڕکردن و سیاسەتی لە خشتە براوی نێودەوڵەتی، ئەگەر وریا بین سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ ئەو رۆلە نوێیە بە کورد دەبەخشێتەوە، کە پێشتر وەکو نەبوو مامەلەی لە گەڵ دەکرا.




