٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی پێ نەهاتووە

سەرچاوە: KDP.info

مەرجی تەعجیزی قبووڵ ناكەین


سكرتێری مەكتەبی سیاسی دووپاتیكردەوە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان زۆر لەوە رۆشنبیرتر و زاناترە كە مەرج بەسەر سەرۆك بارزانی بسەپێنێت، تەنانەت لە رووی پرۆتۆكۆڵ و ئەدەبیاتی نەتەوەیی و حزبیشەوە ئەمەش سیفەتێكە خودی كورد شانازی پێوە دەكات. هاوكات دووپاتیكردەوە پارتی هیچ كاتێك مافی خاوەن ماف رەتناكاتەوە.


گەلی كوردستان سەركەوتوو بوو


هەروەها میرانی رەتیكردەوە، سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بە دەستهێنانی 38 كورسی سەركەوتنێك بێت بە تامی دۆڕاندن و قسەی راوێژكاری پێشووتری ئەڵمانیای هێنایەوە بیر كاتێك پارتەكەی لە هەڵبژاردن بەزۆرینەیەكی كەم هات و گوتی : the majority is majority واتا زۆرینە هەر زۆرینەیە و دووپاتیكردەوە پارتی هیوای لەوە زیاتری هەبوو، بەڵام لە پەرلەماندا ئەم حزبە هاوپەیمانی باشی هەیە بەوەی رێژەی دەنگدانی بۆ بگەیەنێتە 50+1 جا لە یەكێتی نیشتیمانی بێت یانیش لەو پارتانەی لە ریزی ئۆپۆزیسیۆندا بوون و گوتی: لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان سەركەوتوو بوو و بە شایەدی چاودێران و خودی كۆمیسیۆن و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەم خولەدا بە پلەیەكی زۆرباش سەركەوت و تاكی كورد گەیشتە ئەو رادەیەی هەڵبژاردن بە بەشێك لە كولتووری خۆی دابنێت و بە ئەرك و مافیشی بزانێت وئێمەش دەمانەوێ بگەینە ئەم ئاستە.


هەڵوێستی حزبە كوردستانیەكان لەبارەی حكوومەتەوە


فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی بە كاردانەوەی ئیجابی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت نیشاندا بە تایبەتی دوای ئەوەی سەركردایەتی پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی ئایندەی حكوومەت راسپارد و ئاماژەی بەوەشدا لەوانەیە كەسانێك ئەم حكوومەتە بە حكوومەتێكی لاواز دابنێن، بەڵام پارتی بە دیدێكی ئیجابیانەوە لێی دەڕوانێت چونكە چوار ساڵێكی ئارامی بۆ هەرێم و بۆ عێراق دەوێت كە بە دیدی پارتی ئەمەیان بە پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكە فراوان پێكدێت.


پابەندبوون بە رێككەوتنی ستراتیژی


هەروەها میرانی پابەندبوونی پارتی بە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی دووپاتكردەوە و هەموو ئەو قسانەی رەتكردەوە گوایە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان لەسەر ئاستی سەركردایەتیدا كۆتاییهێنان بێت بەم رێككەوتنە و گوتی: پێمانوایە بارودۆخی ئێستای هەرێم پێویستی بەوەیە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بمێنێتەوە، بەندێك لەم رێككەوتنەدا هەیە دووپات لەوە دەكاتەوە كە تاوەكو بزاڤی رزگاریخوازی كورد و هەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی باشتر نەبێت لەوەی كە ئێستا تیایدایە پێویستە بەردەوام بێت و ئێمەش دەمانەوێ تا ئەو كاتەی برایانی یەكێتی دەیانەوێ ئەم رێككەوتننامەیە بەردەوام بێت ئێمە پێیەوە پابەند دەبین.
هەروەها میرانی ئەوەی روونكردەوە كە یەكێتی نیشتیمانی خۆی لە یەكێك لە بەندەكانی رێككەوتنەكە ئازاد كرد بەوەی كە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەندیكای پارێزەران بەلیستی جیا بەشداریان كرد. دووپاتیشیكردەوە، یەكێتی هاوپەیمانی نزیك و گرنگی پارتییە بە بەڵگەی ئەوەی لە دانوستاندنە نا فەرمیەكانی حكومەت یەكەم وێستگەی یەكێتی بوو.


فاكتەری مێژوو و جوگرافیا


فازڵ میرانی ئەوەشی دووپاتكردەوە، پارتی پشت بە فاكتەری مێژوو و جوگرافیا دەبەستێت بۆ مامەڵەكردن لە گەڵ پارتە سیاسییەكان بەو پێیەی كە مێژووی حزبەكان لەیاد ناكات و لە هەمانكاتیشدا ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنیش فەرامۆش ناكات بەتایبەتی بەرامبەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هاوپەیمانی دوێنێ و ئەمڕۆی پارتی بووە و هیوایشی خواست هەموو لایەنەكان لەمبارەیەوە پابەندی بەرژەوەندی گشتی خەڵك بن و هیچ ناكۆكیەك لەبارەی پۆستی وەزیر یان بریكاری وەزارەت دروست نەكەن.


پرسی وەزارەتە سیادیەكان


فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی راشیگەیاند: لە دابەشكردنی وەزارەتەكان هەمیشە لیستە یەكەمەكان بۆ وەرگرتنی وەزارەتە سیادیەكان لە پێشەنگن و دووپاتیشیكردەوە سیستەمی ئەمنی لە هەرێمی كوردستان تەنیا بە حكوومەتەوە پەیوەست نییە، بەڵكو لەزۆر بواردا رەزامەندی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێویستە.
سیستەمی خاڵبەندی
فازڵ میرانی سیستەمی دابەشكردنی پۆستی وەزاری بەپێی خاڵ بە كارێكی باش نەزانی چونكە ئەم سیستەمە زۆر كەس لە مافی بەشدار بوون لە حكوومەت بێبەش دەكات و نیشانیدا مەرج نییە كەسێك لە وەزارەتێك دابندرێت تەنیا لەبەر ئەوەی ئەندامی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسییە یانیش لیژنەی مەركەزی حزبێكە، بەڵكو توانای زانستی ئەو كەسە لە هەموو ئەو پرسانەی باسكران گرنگترە و ئەم سیستەمەی بە رەتكردنەوەیەكی بەڕێزانەی بەشداری لایەنەكانی دیكە لە حكوومەت ناوزەند كرد.
هاوكات بە دیدیی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی پێكهێنانی حكوومەت كارێكی وا ئاسان نییە، بەڵام میرانی متمانەی خۆی بە توانای نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز نیشاندا كە دوای گەڕانەوەی لە توركیا و بەغدا دووەمین خولی دانوستانەكان دەستپێدەكاتەوە. هاوكات جەختی لەسەر بوونی دید و تێگەیشتنی هاوبەشی لەنێوان تیمە حكوومییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا هەبێت و دووپاتیكردەوە خودی نێچیرڤان بارزانی رۆڵی لە هەڵبژاردنیان دەبێت بەتایبەتی هەڵبژاردنی جێگرەكەی.


كۆلیستی كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان


فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی دووپاتیكردەوە كۆلیستی كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەبێتە هۆكارێك بۆ یەكبوونی زیاتری لایەنە كوردیەكان و ئەوكات ئەو یەكبوونە وادەكات خواستەكانی كورد و لە بەرژەوەندی هەرێمدا دەبێت و نیشانیشیدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان زۆر دواكەوت و بە پێویستی زانی لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، هاوكات دڵگرانی لایەنی كوردی لەبارەی دوایین هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن نیشاندا و مەترسی كوردی لە سڵكردنەوە لە پرەنسیپی تەوافوق دووپاتكردەوە. نیشانیدا ئەگەر بێت و ئەو پرەنسیپە نەما ئەوكات كورد 80 كورسیشی هەبێت هەر بە كەمینە سەیر دەكرێت وگوتی: كورد بەمەرجی بەردەوامبوونی تەوافوق ئەو یاسایەی قبووڵكرد بەڵام تاكەی ئەم گەلە بە پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت؟ تاكەی هاوپەیمان و هاوبەشانمان بەپرەنسیپی زۆرینە و كەمینە مامەڵە لەگەڵ كورد دا دەكەن؟


نەبوونی سەرۆك مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسییدا


فازڵ میرانی نەیشاردەوە غیابی سەرۆك تاڵەبانی كاریگەریی بەسەر كورد و عێراق و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تایبەتی هەبوو بەو پێیەی پۆستی سەرۆك تاڵەبانی كە پشكی كوردە وپشكی یەكێتی نیشتیمانییە ساڵێكە بەتاڵە. دووپاتیكردەوە، ناكرێ كورد دەستبەرداری سەرۆكایەتی كۆمار ببێت چونكە سەرۆكی كۆمار هێمای عێراقە و نوێنەرایەتی دەكات لەكۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتیەكان و بەپێی ماددەی 66ی دەستوور دەسەڵاتی داواكردنی متمانەی لە حكوومەت دەبێت بە دووریشی نەزانی ئەزموونی لوبنان لە دابەشكردنی پۆستە سیادیەكانی عێراق دووبارە ببێتەوە تا عێراق دەگاتە ئەو رادەیەی كەسێك هەڵبژێرێت عێراقیانە مامەڵە بكات بە دوور لە ئەجەندای نەتەوەیی و تائیفەیی.


دەستووری كوردستان


سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی دووپاتكردەوە دەستووری كوردستان بیرۆكەی پارتی بوو لەساڵی 2002ـەوە دوای ئەوەی حزبە كوردستانییەكان رەزامەندیان لەسەر دا رەوانەی پەرلەمان كرا و لەوێشدا گفتوگۆی لەبارەوە كرا. ئاماژەی بەوەشدا هەموو ئەو ناڕەزاییانەی لەبارەیەوە لەلایەن هەندێك لە حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێك لە یەكێتی نیشتیمانی هەبوون سیاسی بوون نەوەكو یاسایی و ئاشكراشیكرد لە قۆناغی ئایندەدا گفتوگۆی زیاتر لەسەر دەكرێت بەپێی ئەو رێنمایی و تیشكە سەوزەی سەرۆك بارزانی بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی داوە.


سەرۆكی كوردستان لە ئامەد


میرانی رەتیكردەوە سەرۆك بارزانی لە ئامەد بە سیفەتی سەرۆكی حزبێك پێشوازی لێكرا بێت بەڵكو ئەردۆگان چەندینجار بە سەرۆك بارزانی ناوی هێنا و لە ڕێوڕەسمەكەدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوی دەهات ودووپاتیكردەوە سەرۆك بارزانی پێویستی بە موجامەلەی ئەم و ئەو نییە چونكە هەموو كەس سەنگ و رۆڵی سەرۆك دەزانێت بەتایبەتی لە توركیا.


سەرۆك بارزانی تاكڕەو نییە


فازڵ میرانی ئەوەی رەتكردەوە سەرۆك بارزانی بەشێوەیەكی تاكڕەوانە بڕیار بدات و دووپاتیكردەوە زۆرجار ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی لە كۆبوونەوەكاندا رەخنەی لێدەگرن و گوتی: بەڵێ ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ جەنابی سەرۆك دەكەین و رەخنەی لێدەگرین و بەڕێزیان بە سنگفراوانیەوە رەخنەكانمان قبووڵ دەكات و لەڕادە بەدەر موجامەلەمان دەكات و زۆرجارانیش لەبەر خاتری ئێمە دەستبەرداری بۆچوونی خۆی دەبێت و ئێمەش لە سەركردایەتی لەبەرامبەر هەر رەخنەیەك بەیەك چاو سەیر دەكرێین و گرنگ نییە ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسیی لە چ پلەیەكی خزمایەتیە لەگەڵ جەنابی سەرۆك.
هاوكات دووپاتیشیكردەوە، پارتی بەو بەندە تایبەتیەی پەیوەست بە گرێدانی كۆنگرەی حزب هەر چوار ساڵ جارێك پابەندە و چاوەڕوان دەكرێت لە نۆڤەمبەری 2014 پارتی كۆنگرەی 14ـەمینی خۆی گرێبدات و بەر لەو وادەیە بە شەش مانگ دەست بە ئامادەسازیەكانی خۆی دەكات.
هەروەها گوتی: پارتی شانازی بە رێبەرایەتی خانەوادەی بارزانی بۆ حزب و بۆ بزاڤی رزگاریخوازی كورد دەكات، بەڵێ زۆر تۆمەتمان دەدرێتە پاڵ بەوەی پارتی حزبی خانەوادەیە، بەڵێ رێبەرایەتی حزب لەلایەن ئەم خانەوادەیەوە دەكرێت، بەڵام پارتی حزبێكی خاوەن ئەزموونی سیاسیی و مێژوو و خەباتە و ئێمە وگەلی كوردستان تاساڵی 1975 قبووڵی رێبەرایەتی ئەو خانەوادەیەمان كرد و دوای ئەم مێژووەش پارتی هەر بەمشێوەیە مایەوە بەڕێزگرتن لە فرە رەنگی و فرەحزبی لەكۆمەڵگەی كوردستانیدا.


سەربەخۆیی كوردستان


میرانی گوتی: هیچ كوردێك نییە ئەو ویستەی نەبێت و كاری بۆ نەكات و سەركردەكانمان خەباتی بێ وچانیان لەپێناویدا كرد بەڵام مەسەلەكە وا ئاسان نیە.


لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)
وەرگیراوە

هەواڵی پەیوەندیدار