فازل میرانی: ئێمە نامانەوێت بەتەنیا بۆ خۆمان بین، بەڵكو دەمانەوێت لە گەڵ حزب و نەتەوەكانی دیكە حوكمڕان بین

لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی زەمانی عەرەبی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی باس لە هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییە دەكات و دەشڵێت كە پارتی خۆی بە گەرەنتیی فرەیی نەتەوەیی و سیاسی لە هەرێم دەزانێت. میرانی هەروەها ڕوونیشی دەكاتەوە كە مالیكی زانیاریی ناتەواوی پێدەدرێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی، لەبارەی ئەو سەركەوتنەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان بە دەستی هێنا، دەڵێت كە بردنەوەی پارتی مەسەلەیەكە جێی مشتومڕە، سرووشتیشە بردنەوەكە زۆر باش بێت، بەڵام هەندێك لە سەركردایەتیی حزب و تەنانەت خەڵكی ئاساییش پێیان وایە پارتی دەیتوانی ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنێت، بەڵام پرەنسیپی هەڵبژاردنەكان ئەوەیە و دەبێت پێی رازی ببین.
| ئەدای حزب و خەباتی شۆڕشگێڕیی و خەباتی چەكداریی و دواتر راپەرین رۆڵیان هەبووە، بیرۆكەی هەڵبژاردنیش لە كوردستاندا لەساڵی 1991 لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆكی حزبمان بووە |
دەشڵێت "زۆر هۆكار لە پشت سەركەوتنە گەورەكەی پارتییەوەن، یەكەم پارتی حزبی دایكە كە لە ساڵی 1946 دامەزراوە، هەروەها چەندین كەسایەتی و رێكخراوی لە بۆچوونە كلتووری و سیاسییە جیاوازەكانی لەخۆ گرتووە چی لە چەپ بێت یان لە نەتەوەییەكان، بارزانی هەموو ئەوانەی بۆ پێویستیی خەباتی نەتەوەیی كۆ كردەوە".
لە درێژەی قسەكانیدا میرانی دەشڵێت "ئەدای حزب و خەباتی شۆڕشگێڕیی و خەباتی چەكداریی و دواتر راپەرین رۆڵیان هەبووە، بیرۆكەی هەڵبژاردنیش لە كوردستاندا لەساڵی 1991 لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆكی حزبمان بووە".
هاوكات باس لەو دەستكەوتانەش دەكات كە لە سەردەمی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو لایەنێكی سەرەكیی حكوومەت لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت "ئێستا لە هەولێر زیاتر لە 35 كونسوڵخانەی گشتی و نوێنەرایەتیی سیاسی هەیە، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە".
میرانی لەبارەی دروشمی پارتیشەوە قسە دەكات كە لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییە هەڵیگرتبوو ئەویش بریتی بوو لە "پێكەوە لە پێناو كوردستانێكی گهشتر" و دەڵێت "ئێمە نامانەوێ بەتەنها بۆ خۆمان بین، بەڵكو دەمانەوێ لەگەڵ حزب و نەتەوەكانی دیكە حوكمڕان بین". هەموو ئەو خاڵانەش بە هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە ناو دەبات.
لەبارەی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمیشەوە دەڵێت "حزبی ئێمە خۆی بە گەرەنتیی فرەیی نەتەوەیی و سیاسی لە هەرێم دەزانێت، هەروەها خۆی بە فاكتەرێكی یاریدەدەر بۆ دۆخی عێراق دەزانێت".
| ئێمە دەمانەوێت ئەوانی تریش لە حكوومەت بەشدار بن، ئێمە لەگەڵ حكوومەتی ئیتیلافین |
دەشڵێت "ئێمە دەمانەوێت ئەوانی تریش لە حكوومەت بەشدار بن، ئێمە لەگەڵ حكوومەتی ئیتیلافین، هەروەها بنچینەی حكوومەتی ئیئتیلافیش بەرنامەی حكوومەتە، چونكە حكوومەتەكان پەرلەمان نیین، ئەوەشی لە حكوومەت بەشدار دەبێت دەبێت پابەند بێت بە بەرنامەكەیەوە و بەرگری لەو بەرنامەیە بكات و پارێزگارییەكانی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران تۆمار بكات".
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت "ئێمە لیستی گەورەی براوەین، مافی خۆمانە كەسێك دیاری بكەین بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت، هەروەها لە رووی یاسایشەوە پێویستە یەكەم جار سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت، كوتلەی پەرلەمانیی حزبمان ناوی پاڵێوراوەكەی دەخاتە روو كە سەركردایەتیی حزب بە كۆدەنگی بڕیاری دیاریكردنی نێچیرڤانی بارزانیی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەت داوە".
فازڵ میرانی هەروەها دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە حكوومەت، حكوومەتی ئیئتیلافی دەبێت بمانەوێ و نەمانەوێ، یەكەم لەبەر باوەڕمان بە فرەیی، دووەمیش چەند شتێكی جێگیر هەن ئەوەیش ئەوەیە ناكرێت نەتەوەكانی تر كە لە كوردستان دەژین بێبەش بكەین".
لە بارەی كرداری پێكهێنانی حكوومەتیشەوە دەڵێت "كارێكی ئاسان نییە، چونكە دیمەنی سیاسی لە كوردستان گۆڕاوە، نەك لە رووی مێژووەوە بە تەنها، بەڵكو لە رووی جوگرافیشەوە گۆڕاوە، پێویستە ئەو گۆڕانكارییانە رەچاو بكرێت". دەشڵێت "ئۆپۆزسیۆن 40 كورسییان هەیە، ئەمەش كەم نییە".
لە بارەی ئەو قسانەشی لەسەر پاڵاوتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمارەوە دەكرێت، میرانی دەڵێت "كێشەی سەرۆكایەتیی كۆمار یەكێكە لە كێشەكان، سوننەكان ئارەزووی ئەوەیان هەیە ئەو پۆستە بۆ ئەوان بێت". دەشڵێ پارتی لە رۆژی یەكەمەوە گوتوویەتی دەبێت ئەو مەسەلەیە تا كۆتایی خولی هەڵبژاردن دوابخرێت، هەربۆیە ئەو پۆستەش بە ئیستیحقاقی كوردی دەزانین و ئیستیحقاقی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
| كێشەی سەرۆكایەتیی كۆمار یەكێكە لە كێشەكان، سوننەكان ئارەزووی ئەوەیان هەیە ئەو پۆستە بۆ ئەوان بێت |
لەمەڕ سەردانەكەی رۆژی شەممەی رابردووی بارزانییەوە بۆ دیاربەكر و پەیوەندیی بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ئەردۆگان بۆ بەغدا، فازڵ میرانی دەڵێت "خۆزگە دەخوازین سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بەشێكی تەواوكەر بێ بۆ باشتربوونی پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا، چونكە ئەم دۆخە خراپەی ئێستای عێراق لە رۆشنایی پەیوەندیی خراپ لەگەڵ دراوسێكان رۆڵی لە بەرقەراریی عێراقدا نابێت".
هەروەها لە بارەی دواین سەردانی مالیكی بۆ هەولێر میرانی پێی وایە سەردانەكە بەستەڵەكی نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی شكاند، هەستیارییەكانی مالیكی لەوەوەیە كە سەدان میل لە دووریی راستییەوە زانیاریی پێدەدرێت، لەوانە بە قسەی میرانی "هەرێم 300 تانكی كڕیوە و لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هێناویەتە ژوورەوە و لە ئۆكرانیا یان یۆگسلاڤیا كڕدراوە، منیش پێم گوت ئەبو ئیسرا تانك زریپۆش یان شتێكی تر نییە بۆ ئەوەی بیهێنین، حكوومەتی توركیا و مانگی دەستكرد هەیە و لە خاڵە سنوورییەكان فەرمانبەریان هەیە ئەم زانیارییە چۆن دەگاتە تۆ؟"
رۆژنامەی زەمان لە پرسیارێكیدا باسی لەوە كردووە كە بارزانی سەردانی ئەمەریكا دەكات و لەو بارەیەوە لە میرانی پرسیوە ئەجێندای سەردانەكە چی دەبێت، میرانیش دەڵێ كە هێشتا بانگهێشتكردنە لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە ئاراستە كراوە. دەشڵێت "بەپێی زانیارییەكانی من ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و بەڕێز مەسعود بارزانی بانگهێشت كراون".




