٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا كورد لە كارتێكەوە بۆ یاریزانێك لە ناوچەكە

سەرچاوە: KDP.info

كامەران قەرەداغی


لە كاتێكدا وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی توركیا كردو هاوتا توركییەكەشی سەردانی بەغدا كرد و بڕیاریشە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەم زوانە بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات داخستنی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە نێوان هەردوو لادا چەندین ساڵە بەردەوامە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە داوەتنامەیەكی رەسمی بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگی بووك گواستنەوەی بە كۆمەڵ لە شاری ئاماد دیاربەكر كە گەورەترین شارنشینی كوردە لە توركیا سەردانی ئەو وڵاتەی كرد، لە ئاهەنگەكە هەر یەك لە هونەرمەندانی كورد ئیبراهیم تاتلیساز و شڤان پەروەر بەشداری لە ئاهەنگەكە دەكەن كە ئەوەی دووەمیان دوای 37 ساڵ لە دوورخستنەوەی لە زێدی باب و باپیرانی شان بە شانی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی گەڕاوەتەوە كوردستانی توركیا، هەندێ لە توێژەرەوانی سیاسیش گومانی ئەوەیان هەبوو هەوڵەكانی باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی بەغدا و ئەنقەرە لەسەر حیسابی پەیوەندییە گەشە سەندووەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا بێت، تەنانەت نزیكبوونەوەی توركیا و عێراق مەترسی لای هەندێ لایەنی كوردیش دروستكردبوو.
پێش نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، كورد لە هەر چوار پارچەی وڵاتە لەتكراوەكەیان لە نێوان عێراق و ئێران و سوریا و توركیا هۆكاری لێكگیشتنی ئەمنی نزیكبوونەوەی ئەو وڵاتانە بوون لە یەكتری، كە زۆر جار ناكۆییە مێژوویی و سەرەكییەكانی خۆیان لەدژی دوژمنە هاوبەشەكەیان كە كورد بوو وەلا دەناو هاریكاری و هەماهەنگیی یەكتریان دەكرد. لە ئاكامی شەڕی كوێت و رووخانی رژێمەكەی سەدام حوسێن كە بووە مایەی سەرهەڵدانی قەوارەیەكی نەتەوەی چاوەڕوان نەكراو بۆ كوردی عێراق، دوای ئەمەش هەرسێ وڵاتەكەی تر تا ماوەیەكی زۆر بۆ رێگرتن لە سەركەوتنی قەوارە كوردییەكەی كوردستانی عێراق و پێشگرتن لە مەترسی پەڕینەوەی بۆ كوردانی نێو ئەو وڵاتانە لەسەر هەماهەنگی نێوانییان هەر بەردەوامبوون، بەڵام لەبەر دەركەوتنی ئەمریكا لەسەر گۆڕەپانەكە وەك زامنێك بۆ كوردی عێراق و پاراستنیان لە دژی هەر كردەوەیەكی سەربازی لە لایەن سەدامەوە بكرێتە سەریان، چیتر دەستنیشان كردنی چارەنووسی كورد وەك جاران تەنیا بەدەست ئەو وڵاتانە نەمایەوەو لە دەستیان دەرچوو. لە ساڵی 1993 كاتێك تانسۆ چیللەری وەك یەكەم ئافرەت لە مێژووی توركیا بووە سەرۆك وەزیران، لەدوای مردنی تۆركت ئۆزالی سەرۆكی پێشووی توركیا، سلێمان دیمیریل بووە سەرۆكی حزب و تانسۆ چیللەر شوێنی ئەوی گرتەوە، هەر چەندە حزبەكەی زۆرینەی نێو پەرلەمان بوو، بەڵام لەبەر باڵادەستی دەزگا سەربازییەكان چیللەر نەیتوانی لە فەرمانیان دەرچێت و ئەو پەیوەندییەش كە كاتی خۆی ئۆزال لە ساڵی 1991ـەوە لەگەڵ هەندێ سەركردایەتی كورد دروستی كردب وو، لەژێر كاریگەریی ژەنەرالەكان لەبارچوو، تا ئەو رادەیەی چیللەر گوتبووی تا ئەو سەرۆك وەزیران بێت پێی هەر دوو سەركردە هۆزەكان واتامام جەلال و مەسعود بارزانی بە كۆشكی سەرۆكایەتی ناكەوێت. بەڵام بە پێی ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی كە بە هۆیەوە چیللەری گەیاندە پۆستی سەرۆك وەزیران، پێكهێنانی حكومەتەكەی لەگەڵ حزبی شەعبی سۆشیالیستی بە پێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتە هاوبەشەكە چیللەر ناچار بووە حكمەت نشیتن سەرۆكی حزبەكە كە بە رەگەز كورد بوو بكاتە جێگری خۆی، لە لایەكی دیكەشەوە گۆڕانكاری و هۆكاری ئەمنی و نەتەوەیی و نیشتیمانی لە لایەك و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە لایەكی دیكەوە، هەروەها بەرژوەندی هاوبەشی توركیا و ئەمریكا وەك دوو شەریك لە پاراستنی ناوچەی ئارام لە هێڵی 36ی ژێر دەسەڵاتی كوردی عێراق، ئەنقەرەی ناچار كرد حكومەت و دەزگای سەربازی بەوە رازی بوون ئەگەر لەسەر ئاستێكی نزمیش بێت لەسەر پەیوەندی لەگەڵ سەركردایەتی كورد بەردەوام بن، كاتێكی زۆری نەبرد هەردوو سەركردەی كورد بە شێوەیەكی فەرمی لە كۆشكی سەرۆكایەتی پێشوازییان لێكرا. هەروەك سەركردەكانی كورد تەنیا لە میانەی وڵاتی توركیا هامشۆی دەرەوەیان، ئەویش بە ئارەزووی خۆی هەر كاتێك بیویستبووایە دەیتوانی رێگایان لێ بگرێ، كەواتە كورد چۆن لە كارتێكەوە گەیشتنە ئاستی یاریزانێكی ناوچەكە؟
زنجیرە گۆڕانكارییەكان سەلماندییان ئەو توێیەی تۆركت ئۆزال بەمەبەستی گەشەپێدانی پەیوەندی توركیا- كورد و كرانەوەی توركیا بە ڕووی كورد كاتی خۆی چاندوویەتی، زۆر لەوە بە هێزتربوو دەزگا سەربازییەكان بتوانن ریشەكێشی بكەن، قەوارەی كوردی تازە پێگەیشتووش سەرەڕای ململانێ ناوخۆكان و شەڕی براكوژی، توانی خۆڕاگر بێت، لە هەمان كاتیشدا رەوشی كورد لە توركیا هەر لە نەوەدەكان تا دەگاتە ساڵی 2000 خۆی وەك ئامرازێكی سەرەكیی بەسەر سیاسەتی ناوخۆ سەپاندو كاریگەری ریشەیی لەسەر گواستنەوەی دەسەڵاتی مەدەنی بۆ پارتی ئیسلامی و بەرتەسكبوونەوەی رۆلی دەزگای سەربازی و هزری كەمال ئەتاتورك هەبێت كە لەساڵی 1920 كۆماری توركیای لەسەر بونیاد نرا. رووداوو گۆڕانكارییە یەك لە دوا یەكەكانی دیكەش هەر لە داگیركردنی كوێت لە لایەن عێراقەوە تا دەگاتە چەسپاندنی قەوارەی كوردی لە دەستووری عێراق لە میانەی هەرێمێكی عێراقی فیدراڵ تا دەگاتە هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی كە چەندین رژێمی سەركوتكارو دیكتاتۆری گرتەوە، لە سوریاش كە هەر چەندە هێشتا نەهامەتییەكانی گەلەكەی بەردەوامە لە كارلێكەكانیدا كورد بە شێوەیەكی پێشبینی بۆ نەكراو وەك هێزێكی سەرەكیی دەركەوت و پێش چەند رۆژێك ئیدارەیەكی خۆبەڕێوەبردنی لە كوردستانی رۆژئاوا پێك هێناو بووە سێیەم هێزی كورد لە دوای هێزە كوردییە كاریگەرەكانی عێراق و توركیا.
لەژێر رۆشنایی ئەو هەقیقەتاانەی لەسەرەوە باسمان كرد دەكرێت بگوترێت واقیعێكی نوێ خۆی بەسەر ناوچەكە سەپاندووەو وا دەخوازێت هێزە هەرێمایەتییەكان وەك یاریزانێك نەك وەك جاری جاران وەك كارتێك مامەڵە لەگەڵ كورد بكەن، بەمەش رێسای یارییەكە گۆڕانكاری بە خۆیەوە بینی. دەركەوت ئەو رەوشە نوێیەی رووبەڕووی كورد بۆتەوە رووبەڕووی ئەو دەوڵەتانەش بۆتەوەئەگەرچی ئەم وڵاتانەی خستۆتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت، بەڵام تاقیكردنەوەكەی بەردەم كورد سەخت تر دەبێت.
ئا: خالید گــەردی
سەرچاوە: ئەلحەیات

هەواڵی پەیوەندیدار