٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

فازڵ میرانی: ئێستا لەشكری عێراقی بە چاوی دوژمن سەیری ئێمە دەكەن

سەرچاوە: Hewler

لە بەرنامەی دیداری رۆژ لە كوردستان تیڤیدا، كە ئەمشەو كاتژمێر 10:30 بە كاتی هەولێر بڵاو دەكرێتەوە، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی چەند بابەتێكی گرنگ و هەستیاری تایبەت بە رەوشی كوردستان دەخاتە ڕوو و ڕۆشنایی دەخاتە سەر هەلومەرجی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و ئەو تەنگژە سیاسییەی دووچاری پێوەندییەكانی نێوان هەولێر – بەغدا هاتووە. میرانی دەڵێت: كێشەكانی ئێمە، كێشەی عێراقن، كێشەی لادانە لە دەستوور و حوكمی تاكڕۆییە لە دانانی وەزارەتەكان و لە بوونی لەشكر، بەكارهێنانی بودجە، دەستبەسەرداگرتنی لەشكر و دەستێوەردانی كاری ئەمنی بە بێ پرس.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی، هەروەها رایدەگەیەنێت: ئەگەر پێڕۆكردنی سیاسەتێكی ڕاست و حوكمڕانییەكی دروست لە بەدا نەبێ، كاردانەوەیەكی خراپی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئێمە بەشێكین لەو عێراقە، كاردانەوە خراپەكە بۆ سەر ماددەی 140ـە. میرانی ڕوونیشی دەكاتەوە: باشە خۆ ماددەی 140 بۆ پارتی نییە بە تەنیا، مەسەلەی پێشمەرگە تەنیا بۆ پارتی نییە، بەڵكوو جێبه‌جێنه‌کردنیان زیانی بۆ هەموو كوردستان هەیە و مەسەلەی دەستتێوەردانی دەستوورە. بۆیە سەرۆك بارزانی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و پارتییش، دەبێ بەرگری لەم شتانە بكەن.

لە بارەی دانوستانیشەوە، فازڵ میرانی دەڵێ: ئێمە دەرگەی گفتوگۆمان دانەخستووە، دایشی ناخەین.

سەبارەت بە پێوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئێمە رێككەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەیە، قوماری پێ ناكەین، بە هەرزانیش نایفرۆشینەوە، دەستكاری ناكەین، چونكە خزمەتی كورد و كوردستانی تێدایە، هەروەها خزمەتی عێراقیشی تێدایە.

فازڵ میرانی لەبارەی پێوەندیی پارتی و یەکێتی دەڵێت: ئێمە رێكەوتنی ستراتیژیمان هەیە، قوماری پێ ناكەین، بە هەرزانیش نایفرۆشینەوە، دەستكاری ناكەین، چونكە خزمەتی كورد و كوردستانی تێدایە، هەروەها خزمەتی عێراقیشی تێدایە. لەبەر رابردووی ئەم دوو حزبە و قەبارەی ئەم دوو حزبە، ئەم دەستكەوتانەی هەمانە، لە ڕێگەی ئەم ڕێكەوتنە ستراتیژیەیە، بەڕێز مام جەلال لەسەر ئەم ڕێككەوتنە بوو بە سەرۆككۆمار، كە ئەمە شتێكی كەم نییە، كوردێك ئێستا نوێنەری عێراقە، ئەمە دەستكەوتێكی نەتەوەییە، سەرۆكایەتی هەرێممان بە هەڵبژاردن دامەزراندووە، سەرۆكی ئێمە بە هەڵبژاردنی گەل دانراوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ڕێككەوتنەیە، دوو حكوومەتمان هەبووە، ئێستا یەكمان هەیە، دوو لەشكر هەبوو ئێستا یەكمان هەیە، دوو داراییمان هەبووە ئێستا یەكمان هەیە، دوو ئاسایش هەبوو، ئێستا یەك ئاسایشمان هەیە، ئەمە هەموو دەستكەوتی ئەم رێككەوتنەیە، بەڵام دەكرێ ڕاوبۆچوونی جیاواز هەبێت، ئێمە گۆڕان لە یەكێتی جیا دەكەینەوە، چونكە ئێمە ڕێككەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ گۆڕان نییە، بۆیە گۆڕان ئازادە، كاتێك گۆڕان لە مەسەلەی نەتەوەیی لەگەڵ ئێمە یەك دەنگ نەبێت لەدەنگدان، كاریگەری لەسەر شەقامی خۆی دەبێت، لەڕووی نەتەوایەتییەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی، رێككەوتنی ستراتیژیمان هەیە، هەروەها لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆیان بڕیاریان داوە و دەنگەكان كۆكراونەتەوە، پابەند دەبین بە رێككەوتنەكە، ئەگەر گەیشتە قۆنای سەندنەوەی متمانە، برایانی یەكێتی بەڵێنیان داوە، بە سەرۆكایەتی هەرێم و پارتیش، كە لەگەڵ ئێمە دەبن، هەروەكو بە سوپاسەوە برایانی یەكگرتوو، كۆمەڵیش، هەمان هەلوێستیان هەبووە، ئێمە بە ئومێدی ئەوەین داخوازییەكان بێنەدی، چونكە ئێستا پڕۆسەی سیاسی لە عێراق هەڕەشەیەكی لەسەرە، مالیكی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردووە، پەرلەمان خۆی دەتوانێ ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، بەرامبەر بە پرسی سەندنەوەی متمانە لە خودی مالیكی پێشنیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردووە.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: ئەگەر چاكسازیی بكرێت و بەڵێن و داخوازییەكان جێبەجێ بكرێن، بۆچی متمانە لە نووری مالیکی وەربگیرێتەوە، چونكە كێشەی سەرەكیی ئێمە، حوكمڕانییە، ئێمە داخوازییەكمان لە دەرەوەی دەستوور ناوێت، ئێستا لەشكری عێراقی بەچاوێكی دوژمن سەیری ئێمە دەكەن، ئەگەر ئەوانەی خۆیان لە پارتی بە دپلۆماسیتر و سیاسیتر و عێراقیتر دەزانن، من دەڵێم، ئەوەی مار پێوەی داوە، ئەمڕۆ، لە خشەی وەریزی دەترسێت.
کۆی دیمانه‌که‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌.
 

هەواڵی پەیوەندیدار