٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مەحمود محەمەد بۆ Kurdish Globe : پێوەری ئێمە بۆ سەرکەوتوویی رێککەوتنی ستراتیژی ئاسودەیی هاووڵاتی و پێشکەوتنی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

لە هەڵبژاردنی  خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا، تا رادەیەکی باش رکابەریی نێوان لیست و قەوارەکان بە هێمنی و دیموکراتیانە بەڕێوەچوو، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەماوەری زۆرترە. کەشوهەوایەکی لەبار رەخسا تاکو بانگەشەی هەڵبژاردنیش بە ئارامی بەرێوەبچێت. لەمبارەوە  مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و  بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەفتەنامەی کوردیش گلۆب گوتی:  وەکو بینیمان پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەیەکی جیای بۆ بانگەشە و ریکلام کردن لە هەڵبژاردن هەبوو، لە سەرەتا ئێمە دەرنگتر لە لایەنەکانی دیکە دەستمان پێکرد، مەبەست لەمەش ئەوەبوو کە ریکلامکردن چڕ بکرێتەوە و هەروەها هاووڵاتی کوردستان بێزار نەکرێن. لە هەمان کاتیشدا پێمان وایە دوو هەفتە بۆ بانگەشە کاتێکی گونجاوە، نەک زۆرتر.  تەنیا پتر بایەخمان بە بانگەشە لە دزگاکانی راگەیاندن (تەلەڤزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە  و گۆڤارەکان) دا، لەم دوو هەفتەیەش لە سەرەتا بانگەشەمان لە شەقامەکان نەکرد، لە دواین رۆژەکانی ریکلام، دەستمان بە بەکارهێنانی شەقامەکان بۆ بانگەشە کرد. ئەمەش بۆ ئەوە بوو وێنەیەکی نوێ  و شارستانی پێشکەش بکەین و مەزاج و هەست و نەستی هاووڵاتی کوردستانمان رەچاو کردبوو تاکو بێزاریان نەکەین، هەروەها لەمبارەوە بایەخیشمان بە ژینگە پارێزی داوە.  سەرباری رەچاوکردنی هێمنی  و بە ئاسایی  و دیموکراسی بەرێوەچوونی رکابەری لە نێوان لیست  و قەوارە سیاسییەکان و ئەوانەی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بوون.

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن کارمان کردووە رێز لە مەزاجی هاووڵاتی بگرین و بێزاریان نەکەین

لە درێژەی ئەم باسە و بایەخی شێوازی بانگەشە کردنەکە گوتی :  ئامانجمان ئەوەبوو بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردن بە وردی بگەینینە خەڵک، هەروەها رێز لە بیرورای لایەنەکانی دیکە بگرین و بۆچوونەکانیان ناشیرین نەکەین. ئەمەش لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بڕوامان بە ئازادی بەشداری لایەنەکان لە هەڵبژاردن  و هەروەها گەرمو گوڕتر کردنی رکابەری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و پتەو کردنی بنەمای دیموکراسی و زامنکردنی باری دەروونی بۆ لایەنەکان  و دەنگدەری کوردستان و کاراتر بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەبووە. بۆیەشە لەو ناوچانەی پارتی جەماوەر  و دەسەڵاتی زۆرترە، بانگەشەکە ئارامتر بەرێوەچوو، ئامانجیش لەمە زامنکردنی بە خاوێنی و سەردەمیانە بەرێوەبردنی پرۆسەکە بوو. لێتان ناشارینەوە چەندە پێمان گرینگ بوو لایەنە سیاسییەکان ئازادانە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، پتر لەوەش بایەخمان بە پاراستنی ئارامی و رێزگرتن لە خواست و ئیرادەی هاووڵاتی کوردستان داوە، بۆ ئەوەی بێزار نەبێت و پێشێلی مافە یاسایی و مەدەنییەکانیان لەم پرۆسە گرینگە نەکرێت.

وەکو بینیمان لە ساتی یەکەمی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان، کە کۆمیسۆن بڕیاری دا ماوەی دەنگدان درێژنەکرێتەوە، لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش ئۆپۆزسیۆن   پیرۆزباییان لە سەرکەوتن و بە چاکی بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان کرد، کەچی دواتر لە ئەنجامەکان کەوتنە تەقە و خەریکە گومان دێخنە سەر رێژەی دەنگی لسیتەکان. لەمبارەوە مەحمود محەمەد دەڵێت:  لە راستیدا پرۆسەکە وەکو پرۆسەیەکی باش و دیموکراسی بەرێوەچوو، ئەمەش لەلایەن  چاودێرانی ناوەخۆیی و دەرەکی و رێکخراوە نێودەولەتییەکانیش شایەدیان بۆ ئەم لایەنە گرینگەی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان داوە. دیارە ناتوانین ئەوە ئینکار بکەین کە  هەندێک خروقات هەبێت.  بەڵام ئەم خروقاتانە بەگشتی  دەچنە چوارچێوەی ئەوەی لایەنێک یا کەسێک سزا بدرێت، یاخود بەشێک ئاگار بکرێنەوە، دووریش نییە لە هەندێک بواری بەرتەسکدا  کەمێک  کاریگەری لە سەر رێژەی دەنگەکان هەبوو بێت. دیارە ئەمە لە هەموو هەڵبژاردەکانی دونیاش روودەدات، بەڵام ئەنجامەکان لە بار بوون و بینیمان لایەنەکان ئەنجامەکەیان قبوڵ کردووە. تەنیا ئەوە نەبێت  هەندێک لایەن دەیانەوێت مەسەلە بە شێوەیەکی دیکە پیشیان بدەن لەمەش ئامانجی سیاسیان هەیە کە دەیانەوێت تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدەن.

هەندێک لایەن وەکو ئامانجی سیاسی دەیانەوێت تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدەن

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردانەکان بە  باشی  ئاماژەی بە سەرکەوتنی پرۆسەکە  و ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە کرد.  ئەم بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەڕ بۆچوون و هەڵوێستی لایەنەکانی دیکە دەڵێت:  سەبارەت بەو لایەنانەی دەنگیان بەم شێوەیە نەهێناوە کە بانگەشیان بۆ دەکرد، دەیانەوێت بڕوبیناو بۆ جەماوەری حزبەکانیان و  ئەندامی خۆیان بهێننەوە، بۆیەشە هەوڵدەدەن وای نیشان بدەن پرۆسەکە گومانی لەسەرە  و رێژەی دەنگەکان دروست نین.  لەبەر ئەوە کەوتوونەتە بانگەشە و  ناشیرن نیشاندانی هەندێک لایەنی پرۆسەکە. ئەمەش پەیوەستە بە خراپ تێگەیشتن لە هێز و رێژەی ئەو جەماوەرەی لە رۆژانی پێش دەنگدان بە گۆترە بۆ خۆیان و لایەنەکانیان دیارکردبوو. چونکە دەرکەوت حیساباتەکان بەمجۆرە نییە، کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باسیان دەکرد.

بێگومان لەبەرانبەر ئەو رێزەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەرەنجامەکان و رێزگرتنی ئیرادەی دەنگدەر  و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەیگرێت.  لە هەولێر سندوقانەکانی دەنگدان کراونەتە ئامانج و داوای هەژمارکردنەوەیان دەکرێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگەکانی لێ بەدەستهێناوە. لە نێو ئەم بانگەشەیە و  بۆچوونە جوداکان مەحمود محەمەد دەڵێت:

ئێمە بۆ مەسەلەی بە ئامانجکردنی  سندوقەکانی دەنگدان و هۆکاری بە ئامانج گرتنی،  بڕوامان بە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە. کاتێک  ئەوان گوتیان ژمارەیەک سندوق  لە سلێمانی قردێلەی سوری لێدراوە،  رەنگە لە هەولێر و دهۆکیش هەندێک قردێلەی سور و نارنجی هەبێت. لە بیری نەکەین ئەنجام و بڕیارەکان بەپێی یسا و رێساکانی   ئەوان دیار کراون، ئەوان  شارەزا و پسپۆرن لە دیاریکردنی کێشەکان و رەتکردنەوە و قبوڵکردنی ئەنجامی کۆتایی، بۆیە ئێمە مامەڵە لە گەڵ بڕیاری کۆمیسیۆن  و دادگا تەمیزی کوردستان دەکەین، نەک مەزاجی سیاسی و ئەو بڕیارە پێشوەختانەی هەندێک لایەن دەیدەن.

پارتی مامەڵە لە گەڵ بڕیاری کۆمیسیۆن  و دادگا تەمیزی کوردستان دەکات، نەک مەزاجی سیاسی و ئەو بڕیارە پێشوەختانەی هەندێک لایەن دەیدەن

لەمبارەی دەرەنجامەکان ئەو  بەرپرسەی دەزگای رۆشنبیری  و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ  کوردیش گلۆب گوتی:  پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان و لە کاتی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردن هەندێک لایەن بڕایاریان دابوو،  هێرش بکەنە سەر پرۆسەکە و  بەتایبەیش ئەو رێژەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کورسییەکان  و متمانەی هاووڵاتیانی کوردستان بەدەستی هێناوە. هەندێک لایەن دەیانەوێت  لە بەهای هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی  کەم بکەنەوە. ئێمە ئەم ئەنجامەمان قبولە، بەڵام ئەمە رێژە و قەوارەی راستەقینەی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، چونکە بڕوامان وایە جەماوەر  و لایەنگری پارتی لەم رێژەیە پترە، بەڵام هەموو کەسێک رەنگە نەتوانێت لە یەک رۆژدا بەشداری لەم پرۆسەیە بکەن.  لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن تانەی خۆیان لە  دادگای تەمیز  تۆمار کرد. دەرەنجامە بەراییەکان لە دادگا بڵاویان کردۆتەوە کە تانەکان دروست نەبوون و ئەنجامەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە. لە گەڵ ئێمە لەتەک  چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە یەکلا بکاتەوە، رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین.  لەبیرتان نەچێت ئێمەش سکالامان لە هەندێک شوێن هەیە، بەڵام ئێمە سکالای خۆمان نەکردۆتە بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و نەمانکردۆتە مەسەلەیەکی حزبی بەرتەسک و بۆ سوکایەتی و ناشیرن کردنی ئەنجامی دەنگی هیچ لایەنێک بەکارمان نەهێناوە، دەزانی بۆ ؟ چونکە ناکرێت ئەم پرۆسەیە کە هەموو لایەکمان لەسەری رێککەوتین و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بەرێوەچووە، ئامادە نین وەکو پارتی ئەم پرۆسە گرینگە لە پێناو شتێکی کاتی ناشیرین بکەین، بە پێچەوانەی ئێمە هەندێ کەس  و لایەن  دەیانەوێت هەموو شتێکی کوردستان ناشیرن بکەن.

بینیمان ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی قبوڵکردنی ئەو رێژەی بەدەستیان هێناوە، هەر سێ لایەنەکە ( گۆران و یەکگرتوو، کۆمەل)  بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ساختەکاری لە دەنگەکانی ئەوان کراوە، لە کاتێکدا هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێتی نیشتیمان کوردستانە، تەنیا هەژدە کورسی بەدەستهێناوە و واتە پاشەکشەیان کرد و ئەنجامەکەشیان ئەگەر قورس بوو، قبوڵ کردووە.  کەچی هێرشێکی رێکخراو دەستی پێکرد ئامانجیش پارتی  دیموکراتی کوردستان و هەروەها  فشارە دژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. لەمبارەوە مەحمود محەمەد  مەسەلەکە دەبەستێتەوە بە گفتی هەندێک لایەن کە بەجەماوەری خۆیان  دابوو، هەروەها  کورتبین بوون لە تێڕوانییەنکان، لەمبارەوە بۆ کوردیش گلۆب  گوتی: لە راستیدا  ئەو  لایەنانە بەڵێنی زۆر و گەورەیان بە جەماورەی خۆیان دابوو، نەیانتوانی بەڵێنەکانیان  بەدی بێنن، ئەو رێژەی کە ئەوان بەدەستیان هێناوە، لە گەڵ ئەو رێژەیە یەکناگرێتەوە  کە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەکرد و دەیانویست  بەدەستی بهێنن.   بە خەڵکی خۆیان گوتبوو کە ئیدی لایەنەکانی دەسەڵات کۆتایی پێدەهێنن،   نەیانتوانی ئەمە بەدەست بهێنن.

پارتیش سکالای لە هەندێک شوێن هەیە، بەڵام ئێمە سکالای خۆمان نەکردۆتە بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و نەمانکردۆتە مەسەلەیەکی حزبی بەرتەسک

 لە درێژەی شیکردنەوەی ئەم هۆکارەکان مەحمود محەمەد گوتی:  خەڵکی کوردستان هێندە متمانەی پێنەدان، لەبەر ئەوە بۆ رازیکردنی جەماوەری خۆیان دەستیان بە تۆمەتبارکردنی لایەنی دیکە کردووە، چونکە نەیانتوانی متمانەی جەماوەر بەدەست بهێنن، بە تایبەتی لەو حیساب و  ژمارانەی بانگەشیان بۆ دەکرد. پارتی لە جیاتی پاشەکشەپێکردنی یەکەمینی ناو لیستە براوەکانە، بە جیاوازییەکی بەرچاو.

هەروەها دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هەولێری پایتەخت لە لایەن گروپی تیرۆریستی هێرشی کرایە سەر، هەندێک پێیان وایە پەیوەندی بە سەرکەوتنی پارتی  دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان و بە ئارامی بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان و رێژەی زۆری بەشداربوونەوە هەیە. ئەم بەرپرسەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ کوردیش گلۆب رای وایە کە : هەر کاتێک کارێکی ناڕەوا دژ بە ئاسایش  و ئارامی لە هەولێر دەکرێت، ئەمە  تەنیا دژ بە هەولێر نییە، بەلکە ئەمە دژ بە هەموو کوردستان بەرێوەدەچێت، بۆیە دەیانەوێت هەمیشە پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج. کە هەنوکە بۆتە یەکێکە لە ناوەندە گرینگەکانی لە بواری سیاسەتی نێودەولەتی  و هەرێمایەتی، سەرباری بزاڤی ئابوری  و ئاوەدانکردنەوە و سیاسی. هەروەها گوتی:  رەنگە هەندێک لایەن چاویان بەوە هەڵنەیەت، کە زۆرینەی خەڵک متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دا، ئەوان لەو روانگەیەکەوە سەیری کێشەیەک دەکەن  و سەرچاوەیان گرتووە، دەیانەوێت  پێگەی پارتی لە هەرێمی کورستان لاواز بکەن. کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راگەیندرا، نەیانتوانی خۆیان رابگرن و هەولیان دا کارێکی وەها نامرۆڤانە و دڕندانە بکەن، بۆ ئەوەی لە بەها و گرینگی سەرکەوتنەکەی پارتی  و هەروەها  بەرێوەچوونی سەردەمیانەی  پرۆسەکە کەم بکەنەوە.

 تا خەڵک پتر بایەخ بە بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان بدات، ئەوەندە  پێشکەوتن و گەشەکردنی کوردستان بەرەو سەرەوە دەچێت

وەکو دەبینرێت  لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆبوونەوەن بۆ پێکهنانی حکوومەتی ئایندە، پارتی و یەکێتی هاوپەیمانی یەکترن و رێککەوتنی ستراتیژیان هەیە، هەندێک لایەن بە جدی کار دەکەن، ئەم رێککەوتنەی نێوان پارتی و یەکێتی تێکبدەن. لە بارەی شێواز و بەردەوامی و پێویستی رێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوان ئەم دوو لایەنە، مەحمود محەمەد دەربارەی پێویستی ئەم رێککەوتنە بۆ کوردیس گلۆب گوتی:

ئەوەی کە ئێستە لەبەردەستە هێشتا دادگای تەمیز سکالاکانی بە تەواوی یەکلایی نەکردۆتەوە، دوای یەکلاکردنەوەی ئەم مەسەلەیە،  وتووێژ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم دەست پێدەکات. دوای دەستپێکردنی وتووێژەکان دەردەکەوێت چی دەکرێت. بۆیە هێشتا کات ماوە بۆ باسکردنی ئەم مەسەلەیە. لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژیش گوتی:   لەراستیدا هاوپەیمانی یەکێتی  و پارتی لە کوردستاندا لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و کرانەوەدا بووە . هەلێک بووە تاکو کوردستان بتوانێت لە رێگەی پێکەوە کارکردن و دابینکردنی ئارامی لە هەموو هەرێمی کوردستان پرۆسەی سیاسی ئازادانەتر  و گەشاوەتر بەرێوەبچێت، نیگەرانی  و کێشەکان کەمبکاتەوە، هەروەها کوردستان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوو هەنگاو بنێت و لە هەموو ئاستەکاندا دەرفەت بۆ پرۆسەی سیاسی  و هاووڵاتیان بێتە دی، کە ئومێد و گەشبینی دروست بکات.   ئەمە ئامانجی  ئەو هاوپەمانییە بوو . هەر چەندە زەمینەی متمانە  و بەیەکەوە بەرێوەبردنی دەسەڵاتی پتەو بوو، بەڵام هەندێک لایەن  بانەگەشە دژی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی دەکەن، پێیان وایە ئەم هاوپەیمانییە رێگر بووە لە بەردەم ئامانجەکانی ئەوان.  هەر حزبێک ئازادە چ لەدەسەڵات یا ئۆپۆزسیۆن، چۆن  و بۆچی  هاوپەیمانی دروست دەکات، لە گەڵ لایەنەکانی دیکە  لە پێناو بەیەکەوە دەسەڵات بەرێوەبردن. ئێمە نایشارینەوە ئەم هاوپەیمانەیەتییە  لە کورستاندا خزمەتی زۆری خەڵکی کورستانی کردووە، راستە پارتی زۆر لێی  سودمەند نەبوو، بەڵام کورستان زۆر لێی سودمەندە، ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێوەری ئێمە ئاسودەیی هاووڵاتی و  پێشکەوتنی کوردستانە.

  لەبارەی هێرشەکانی هەندێک لایەن گوتی:  ئەو هێرشە بێ بنەمایەی لایەکانی  ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆران ئامانجی دژایەتی هاوپەیمانییەکەیە وای کردووە، هەندێک کادر و  سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی هاوپەیمانیشمان بکەونە ژێر کاریگەری دژایەتییەکە و بکەونە داوی ئەم هێرشانەی بە ئامانجی تێکدانی هاوپەیمانیەتییەکە لە ئارادایە. تەنیا هەندێکیان سواری ئەو شەپۆلە بوون گوایە کوردستانی پێویستی بەم هاوپەیمانیەتییە نییە، کوردستان لەمبارەوە زیانی پێگەیشتووە و زیانیشی بە یەکێتی گەیاندووە، ئەوەی بەسەریان هاتووە بە هۆی هاوپەیمانیەتییەکەیە. دیارە ئەم تەنیا دژایەتییە  و دەیانەوێت زەمینەی هاوکاری و کاری هاوبەش نەمێنێت.

 لە درێژەی ئەم باسە مەحمود محەمەد دەڵێت: با واقیعیانە سەیری مەسەلەکە ببکەین، دەبینین بە بەپێچەوانە هاوپەیمانییەکە بایەخی زۆری هەبووە، بۆ هەردوو لایەن  و هەروەها بۆ کوردستانیشن، لە ئاکامدا   زەمینە خۆشکەراوە بۆ ئازادی وپێشکەوتن و گەشەکردن کە ئاستە جیاکان و هەروەها کاریگەریشی لەسەر  تێگەیشتنی خەڵک دروست کردووە. هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی لە سەردەمێک هاتۆتە ئاراوە کە  زۆر پێویست بووە بۆ کوردستان ، ئێستەش هۆکارەکانی و بەردەوامی پێوسیتی ماوە، بۆیە بەردەوامی کارێکی گرینگە.  هەروەها فرەکردن و  هاتنی لایەنی دیکە بۆ نێو هاوپەیمانییەتییەکە دەکەوێتە سەر گفتوگۆی بەرنامەی لایەنەکانی دیکە،  کە ئاخۆ  دەیانەوێت لەمبارەوە رێککبکەون.  لە بیری نەکەین ئۆپۆزسیۆن هەنوکە هاوپەیمانیەتیان هەیە و کەسیش گلەیی لێنەکردوون ، لە کاتێکدا ئەوان  هیچ رێککەوتنێکی نووسراویان لە نێوان  نەبووە، کەچی لە کار و رەفتار  وسیاسەتیان  هاوپەیمانی یەکترن و  ئێستەش بەم گوتارە مامەڵە لە گەڵ پارتی و یەکێتی دەکەن، ئەوان بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وابوو بە شکانی هاوپەیمانییەکە دەتوانن زۆرینەی دەنگەکانی کوردستان بەدەست بهێنن، بۆیە بە سەختی کەوتونەتە دژایەتی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی  و یەکێتی.  

هەروەها ئەم بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دیقەت  و تێڕوانێکی زانستیانە دەربارەی هەلومەرجی هاوپەیمانی  و ئایندەکەی بۆ کوردیش گلۆب دەڵێت:   ئەوانەی رێگری لەوە دەکەن و  دەیانەویت پێش لە پارتی بگرن. دەزانن بایەخی ئەم ریککەوتنە چییە بۆ کوردستان. ئەگەر هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە جارێکی دیکەش بڵاوبکرێتەوە، دەزانرێت هیچ کوێیەکی ئەم رێککەوتنە دژی ئازادی  و پێشکەوتنی کوردستان نییە، بە پێچەوانە  زەمینەیەکی لەبارە بۆ سازان و کارکردنی هاوبەش و پێشکەوتن لە کوردستان، بەدیهێنانی ئایندەی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی.

دەنگی خەڵک و هاووڵاتی کوردستان سەلماندی کێ دەتوانێت بەهاکان بپارێزێت و داکۆکیکاری ئامانجەکانی خەڵک بێت

هەندێکجار سەرکەوتن و ئیدارەکردنی زۆر لە دۆڕان و شکست قورسترە، بەتایبەتی لە هەلومەرجی سیاسی وڵاتێکی وەکو کوردستان کە هێشتە دەولەت نییە، هەروەها بارودۆخێکی گونجاوی لە پێشە بۆ پێشکەوتن، پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت لە قۆناغی ئایندە چۆن هەنگاوەکانی بەرەو پێشەوە ببات  و چی بکات، مەحمود محەمەد لەمبارەوە دەڵێت:  کاتێک حزبێک متمانەی زۆرینەی خەڵک بە دەست دەهێنێت، کاتێک رێژەی دەنگەکانی لە چاو لایەنەکانی دیکە زۆرتر دەبێت، ئەو کاتە ئەرکی نوێشی دەکەوێتە ئەستۆ. بە کردەوە دەبێت لە ئاست متمانە و بڕوای ئەو  خەڵکە بێت کە  متمانەیان پێیەتی، ئەو خەڵکە بڕویان وایە پارتی  دەتوانێت چارەسەری کێشەکانیان بکات  و بەرپرسیاریەتی قۆناغەکە  لە ئەستۆ بگرێت ، بە دڵنییایەوە کاتێک پارتی متمانەی زۆری خەڵكی  بەدەستهێناوە ئەرک  و بەرپرسیاریەتی زۆریشی دەکەوێتە سەرشان. لەم قۆناغە ئەرکی نیشتمانی فرەتر دەبێت. پارتی خاوەنی ئەزمونێکی زۆرە لە کاری نیشتیمانی و نەتەوەیی و کارە  ستراتیژییەکان و  هەروەها گێڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. بەڵگەی رون ئەوەیە کە پارتی توانای راپەراندنی بەرپرسیاریەتی و سەرکردایەتی قۆناغەکانی هەبووە و هەیە. لەبیری نەکەین لە تەک ئەوەشدا پارتی   قوربانییەکی زۆری بۆ ئامانجە نیشتیمانییەکان و بەدیهێنانی  خۆشگوزەرانی خەڵک و کرانەوەی  کۆمەڵایەتی لە کورستان و پێشەکەوتنی بواری پەروەردە و تەندروستی و بەرەو پێشەوەچوونی  باری ئابوری و سەقامگیری ئاسایش داوە، بۆیە ئەمانە ئەزمونێکی لەبار و  گرینگن  بۆ ئەوەی خەڵک  متمانە بە پارتی بدەن و پارتیش لە ئاست و متمانەیەکی نوێترەوە هەنگاو بنێت، تا  لە پێشکەوتن بەردەوام بێت.

شاراوە نییە هەر لایەنێک تا  دەنگ زیاتر بهێنێت، ئەرک و بەرپرسیاریەتی زۆرتر دەبێت. هەروەها خەڵکی کوردستان بەو  متانەیەی بە  سەرۆک بارزانی هەیانە ، بڕوایان هەیە کە سەرۆک دەتوانێت ئەم کێشانەش لەم قۆناغە چارەسەر بکات کە  لە ناوچەکە بە گشتی تێ دەپەڕێت و دەشزانن  کە مەسەلەی کورد لە دەستێکی ئەمین دایە.

خەریکە هاووڵاتی بیر لە بەرنامە و پرۆژە و گفتی لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە، دوور نییە ئەم مەسەلەیە لە  قۆناغەکانی داهاتوو، کاراتر دەربکەوێت، سەبارەت بە ئەرکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئایندە بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری  و راگەیاندنی پارتی دەڵێت: لە راستیدا خەڵکی کوردستان دابەش بووە بەسەر لیست و قەوارەکان. کە  مێژووی تێکۆشان و خەبات گرینگە بەڵام بەشێکیش لە سەر بەرنامەی باش و خراپ دەنگ دەدەن. بۆیە ئەم مەسەلەیە لای دەنگدەر گرینگە. بەشێکی لەم روانگەیەوە دەنگ بە بەرنامەی حزبەکان دەدات.  تا خەڵک پتر بایەخ بە بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان بدات، ئەوەندە  پێشکەوتن و گەشەکردنی کوردستان بەرەو سەرەوە دەچێت، چونکە ئەو کاتە هەر  لایەنێک متمانە بەدەست دەهێنیت، دەبێت بەرنامەکەی جێبەجێ بکات.  ئەم بابەتە وادەکات رکابەریەکە توندتر بێت  و لەهەمان کاتیشدا سەردەمیانەش بێت، ئەمە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی پرۆسەی  خزمەتگوزاری  و بەدیهێنانی پێویستییەکانی خەڵک و رکابەری لەسەر دەستکەوت  و ئامانجەکانی خەڵکی کورستان دەبێت

ئەوەی گرینگە بیزانین هەندێک لایەن دروست دەبن بۆ خزمەت و  پێشکەشکردنی کاری باش   و ئەزمونی نوێ  نییە بۆ وڵاتەکەیان، بەلکو وەکو بەدیلێک  بۆ حزبی دیکە دروست دەبن، بەردەوامیش لەسەر رکابەری  و گرێ و گۆڵی دەروونی دەژین

هەندێک لایەن ئیتر نەیانتوانی چی دیکە لە خۆشی سەرکەوتنە کاتییەکانیان ئەوە بشارنەوە، کە پارتی ئامانجی ئەوان بووە، بۆ ئەوەی دژایەتی بکرێت  و پێگەکەی لاواز بکرێت، ئایا ئەمە ئاماژەیەکی ترسناک نییە، لە قۆناغی ئایندەدا، هەروەها هەڕەشەیەکیشە دژی  پارتی کە دەبێت بە وریایی زۆرتر هەنگاو بنێت. لەمبارەوە ئەم بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردیش گلۆب گوتی:

ئەوەی گرینگە بیزانین هەندێک لایەن دروست دەبن بۆ خزمەت و  پێشکەشکردنی کاری باش   و ئەزمونی نوێ  نییە بۆ وڵاتەکەیان، بەلکو وەکو بەدیلێک  بۆ حزبی دیکە دروست دەبن، بەردەوامیش لەسەر رکابەری  و گرێ و گۆڵی دەروونی دەژین، دەیانەوێت  ئەو لایەنە بسڕێتەوە و لە ناوی ببەن، ئەوی جێگەی خۆشحالییە پارتی دوورە لەم کەشوهەوایەی  کە پەیوەستە بە ئینشقاق بۆ ئەلتەرناتیڤی  هیچ حزبێکی دیکە دروست نەبووە. لەبەر ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان  لەرووی دەروونییەوە دوورە لە گرێ و گۆڵ ئەو کێشانەی پەیوەندیان بەم کەشوهەوایەوە هەیە. دیارە مەبەست لەمە سەردەمە مێژوویەکانیش دەگرێتەوە چ لە کاتی شۆڕش و چ لە کاتی ئێستەدا.

پارتی لە پێناو ئامانجی نەتەوەیی  و کوردستانی دامەزراوە و بەردەوامیشە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکانە و کاری بۆ دەکات. بەڵام هەندێک لایەن کە وەکو کاردانەوە  دروست بوون   نەیانتوانییە مەرامەکانیان بشارنەوە و هەندێک لایەنی دیکەش  هێندەی ئەرکی خۆیان لە دژایەتی هەندێک لایەن بەرجەستە کردووە، هێندە بەشداری کارا لە بەرەو پێشەوەچوونی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی  و سیاسی ناکەن. لە بیری نەکەین دەسکەوتەکانی کوردستان   لە رێگەی خەباتی پێشمەرگایەتی و تێکۆشانی سیاسی  و قوربانییەکانی هاووڵاتیان  و تێکۆشانی  کادر و کەسایەتی سیاسی و قوربانییەکانی ئەنفال و کیمیاباران بەدەست هاتوون. پارتی لە قوربانی دان و تێکۆشان  پێشەنگ بووە و لە پێناو  ئاوات و ئامانجی خەڵک بەرنامە رێژی کردووە.  قوربانییەکانی لە شۆڕشی ئەیلول و  گولان دیار  و بەرچاون ، ئەو هەولانەی لەمبارەوە داویەتی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دیار و بەنرخن.

هەندێک کەس  و لایەن لە کوردستاندا دەیانەوێت لە رێگەی شێواندن و بێ رێزی بەرامبەر پیرۆزییەکان و رەمزەکانی کوردستان، هەندێک ئامانجی تایبەتی بەدەستبهێنن، لە بارەی کاریگەرییە خراپەکانی ئەم شێوازە و کاردانەوە سلبییەکانی مەحمود محەمەد بە کوردیش گلۆبی گوت:   دەمێکە لە کوردستان هەست بەوە دەکرێت ژمارەیەک خەڵک لە بەر نەبوونی رابروود لە تێکۆشان و سەروەرییەکانی مێژووی سیاسی کوردستان کە بەشێکی  بە خوێن و خەبات بەدەست هێنراوە، لە بەر هەر هۆکارێک بووبێت ئەمانە هەمیشە لە دژایەتی دان.  ئەمانە ئەو خەڵکانە ناگرێتەوە کە لەسەردەمی خەبات و تێکۆشان تەمەنیان هێندە نەبوو، بەشداری بکەن، بەلکو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەیانتوانی بەشداری لە شۆڕش بکەن، بەڵام بەشداریان نەکرد. لە  چەند ساڵی رابردوو ئەمەشیان وەکو ئیعتراف خستۆتە روو کە شەرەفی بەشداری بوونیان لە شۆرش و  راپەڕین نەبووە، بۆیە دەیانەوێت کەشوهەوایەکی دیکە بۆ خۆیان دروست بکەن، پێگەی خۆیانی تێدا دروست بکەن.

 ئەوە لە بەرچاو ناگرن کە هەندێک لە رەمزەکان لای خەڵک پیرۆزن، ئەوان ئامانجێکی خراپیان لە تێکدانی بەهاکان و سوکایەتی بە پیرۆزییەکان و لەبەرچاو نەگرتنی هەست و نەستی خەڵک بیر دەکەنەوە و کار دەکەن لەبەر ئەوە بیر لە  بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ناکەنەوە

 لەبەر ئەوە  دەیانەوێت ئەو لایەنانەی کە لە رابردوو شوێن و رۆلیان هەبووە و ئەم رۆلەی هەیانە بەردەوامیشە ، کاڵ بکەنەوە و بێ نرخی بکەن تاکو نیشانی بدەن جیاوازی لە نێوان ئەوان و ئەو لایەنە نییە و هەموو یەکسانن. لەبەر ئەوە دەیانەوێت پیرۆزییەکانی خەڵک  لە دڵ و دەرونیاندا بکوژن، رەمزەکانی کوردستان نەهێلن. هەتا هێرش دەکەنە سەر پیرۆزییەکان و رەمزە نیشتیمانی و ئاینییەکانیش. ئەمەشیان بۆ ئەوەیە حالەتێک  دروست بکەن  و وای نیشان بدەن کە مێژوو لەو شوێنە دەست پێدەکات کە ئەوان لێیەوە دەستیان پێکردووە. هەموو شتێک  لە سەرەتای ئەو قۆناغە  هەژماری دەکەن کە ئەوان بە چاکی دەزانن، کەچی رەنگە رووداوەکە  زۆر کۆن و مێژووییەکی دوورو درێژیشی هەبێت.  ئامانجیان نەهێشتنی پیرۆزی و سیمبولەکانە، دەتوانین بڵێین بەشێکە لە هەولی ئەوانەی بەشدار نەبوون  لە دروستکردنی ئەم پیرۆییانە و بەشداری ئەم قۆناغەیان نەکردووە، بۆیە خۆیان بە بێبەش لە مەسەلەکان دەبین. دەست بۆ شێواندنی گۆڕەکان دەبەن. دژی  پەیکەرە  هونەرییەکانن. دەستدرێژی دەکەنە سەر ئاوات و ئامانجەکانی خەڵک.

 ئەوە لە بەرچاو ناگرن کە هەندێک لە رەمزەکان لای خەڵک پیرۆزن، ئەوان ئامانجێکی خراپیان لە تێکدانی بەهاکان و سوکایەتی بە پیرۆزییەکان و لەبەرچاو نەگرتنی هەست و نەستی خەڵک بیر دەکەنەوە و کار دەکەن لەبەر ئەوە بیر لە  بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ناکەنەوە، هەرچەندە لەمبارەوە خەڵک لە رۆژانی دەنگدان وەڵامی باشی ئەو بۆچوونانەی دایەوە.

لە بیری نەکەین ئەوانەی بەمجۆرە دەیانەوێت سوکایەتی بە پیرۆزیی و رەمزە نیشتیمانییەکانی کوردستان بکەن دیارن کێن ولە چ لایێکەوە ئەم هەڵسوکەوتە نەشیاو و دزێوانە دەکەن. هەرچەندە مێژوو و بەها گەورە و کەسایەتییە مێژووییەکانی کوردستان بەم هەوڵە گوماناوییە ناسڕێتەوە، لەهەموو کاتێک  نابێت کەسێک خۆی بکاتە نوێنەری هەموو خەڵک  و بڵێن راستی تەنیا لای منە، لە هەڵبژاردن دەرکەوت بڕیاری  خەڵک چی بوو هەروەها نیشان درا کامە لایەن بەژرەوەندییەکانیان دەپارێزیت و متمانەی سەرەکیان بە کامە لایەنە.  ئەمە هەلەیەکی گەورەیە کە دەبینین هەندێک لایەن و هەندێک کەس دەیکەن،  دەیانەوێت هیچ پیرۆزییەک نەمێنیت. ئەمەش لە هەندێک رۆژنامە و سایتی ئەلەکترۆنی بە زەقی هەست پێدەکرێت.  لەگەڵ ئەوەشدا مەزەندە دەکرێت خەڵکی دیکە لە پشت ئەم مەسەلە ترسناکەوە بێت و هانی ئەم ئاراستەیە دەدەن بۆ ئەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە کوردستان دروست بێت. بەڵام وەکو گوتمان دەنگی خەڵک و هاووڵاتی کوردستان سەلماندی کێ دەتوانێت بەهاکان بپارێزێت و داکۆکیکاری ئامانجەکانی خەڵک بێت.  

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار