٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تەبریرێکی لاواز، بۆ رووداوێکی بەهێز

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو گرینگە بیرمەند و سیاسییەکانی بیر لە فکرو  میتۆدی نوێ بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدانی کۆمەڵگاکانیان بکەنەوە. بەڵام لەوە باشتر ئەوەیە کە رۆشنبیرەکان ئەو بزانن، قسەی رۆتینی و  بەکارهێنانی هەندێک زاراوەی سیاسی و بیبەراوی کە کاریگەریان لەسەر پێکهاتەی دەروونی  و کۆمەڵایەتی خەڵک دەبێت، واتای میتۆد  و فکرێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی

 ناگەیەنێت.

پێچەوانەی ئەوە لێکترازان و دابەشبوون و یەکیر شکاندنەی لە کوردستاندا بە درێژایی مێژوو رویداوە، زۆربەی نەتەوە و نیشتیمانە داگیرکراوەکانی دونیا دوای یەکبوون و  یەکخستنی هێزە بنەڕەتییەکانیان توانیویانە بەرەو رزگاری و بیناکردنی قۆناغێکی نوێ لە کۆمەڵگاکانیان بڕۆن. مەبەست لەم قسەیە ئەوەیە بڵێین کاتێک رۆشنبیرانی کورد رەخنە لە شکستە بەردەوام و ژێرکەوتنە دوبارەبووەکەی کورد لە مێژوو دەگرن، یەکەمین شت وەکو بەڵگە و ئەدگارێکی خراپی کوردی باسی بکرێت، لەتبوون و ناوچەگەری و  ئینشقاقی نێوان دەڤەر و عەشیەرەت و  پێکهاتە جیاکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی و ئینشقاقی سیاسییە. دیارە ئەمە هەر بۆ سوکایەتی پێکردنی مێژووی کوردی بە شێوەیەکی سواوە و دوبارە بەکاردەهێنرێتەوە.

کەچی پێچەوانەی ئەوانە، لەم رۆژانە هەندێک رۆشنبیری کورد بانگەشەی ئەوە دەکەن زیندوویەتی کورد لە ئینشقاق و رکابەریی سیاسیی  حزبییە. لە بە ئایدیۆلۆژی کردنی ئاراستە سیاسییەکانە.هەروەسا ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی لە کوردستاندا لە سەردەمێکی هێمن و ئارام و  دوور لە ئینشقاق تێدەپەڕن، بە مردوو و وەکو تۆپەلە قوڕێک ناو دەبەن. بەجۆرێک لە جۆرەکان بە  کۆیلە ناوی دەبەن.  لە کاتێکدا هەمان ئەو کەسانە ئەم جۆرە میتۆد و  لێکدانەوانە بە هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی سیاسی و  بە ژێردەست مانەوەی گەلی کوردستان لە روی مێژووییەوە دادەنێن.

کەواتە ئەگەر دیموکراسییەت بنەما بێت بۆ ئینشقاقی سیاسی، دەبوایە زۆرترین ئینشقاقی سیاسی لە ئەوروپا و  ئەمەریکا و کەنەدا روبدات. هەروەها دەبوایە لە ئەمەریکا لە جیاتی پەنجا ویڵایەت، دوو سەد ویڵایەتی نوێ لەئەنجامی زۆری دیموکراسی لەدایک بووایە. لە ئەوروپاشدا، ئەلمانیا یەکی نەگرتبایە و چوار ئەلمانیای نوێ دروست بوایە  و فەرەنسای سۆسیالیستی  و راسترە و  توندڕە و دروست ببوایە. بەریتانیاش چەند لەندەنێکی هەبێت ( پارێزگاران و کرێکاران .. تد). بەڵام دیارە مەنتیق پێچەوانەی دەرخستووە. دیموکراسیەت بەهێزبوونی یەکێتی ئیرادە و رای گشتی و  یەکخستنی گوتاری نیشتیمانییە. یەکبوونی نەتەوە  و نیشتیمانە. هەموو ئەو وڵاتانەی سەرکوتوو نین و  دواکەوتنی تێدا زالە، خەڵکەکەی بیر لە ئینشقاق و دروستکردنی وڵاتێکی ئارام ناکەنەوە و  دابەشکردنی دەوڵەت  و دەسەڵاتی سیاسی تێدا زالە. کەواتە پێچەوانەی ئەوەی کە دەڵێت ئینشقاق و ئاژاوە دیموکراسییە، ئارامی و  یەکبوونی نەتەوە  و نیشتیمان واتای راستەقینەی دیموکراسی دەگەیەنێت، چونکە ئەمەی دوایی دەرفەتی ئازادانە بە هەموو تاکێک و هاووڵاتی دەدات، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و  کارا و سەربەخۆیانە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەن. واتە لە سیستەمی دیموکراسی ئیرادەی یەکگرتن و یەکبوون  و دابینکردنی ئارامی زۆرتر دەبێت و لە سەردەمی ئینشقاق و گرژی پەیوەندییە سیاسییەکان و  پەرەسەندنی ناکۆکییەکان شەڕ و  ئاژاوە و  فشار و  یەکتر بڕینەوە و رەتکردنەوەی یەکتر زیاد دەکات. ئەمەش وڵات بەرەو کارەسات دەبات و مرۆڤ رووبەرووی بێ ئیرادەیی  و بێ هیوا بوون دەکات.

بۆیە رێگەی گەشەکردنی کوردستان، یەکبوونی گوتار و کرداوە، نەک دابەشبوونی سیاسی، نەک تەبیری هێنانەوە بۆ لێکترازان و یەکتر رەتکردنەوە بەناوی دیموکراسی و زیندوویەتی. چونکە زیندوویەتی لەوەیە  ئازادانە یەکتر قبوڵ بکەین، نەک ئینشقاق و دابەشبوونی ئیرادەی سیاسی .

هەواڵی پەیوەندیدار