٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: گۆڕان له‌گه‌ڵ ئێمە ده‌بێت

سەرچاوە: Rudaw

جەعفەر ئیبراهیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە جگە لە دەنگی سەدرییەكان ئێستا 150 دەنگی پەرلەمانتاران ئامادەن و سوورن لەسەر لادانی مالیكی و، دڵنیایە لەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتی خۆ یەكلاییكردنەوەی كۆتاییدا لەگەڵیاندا دەبن.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو)دا سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر مەسەلەی لادانی نووری مالیكی رایگەیاند هەردوولا خاوەنی دیدی جیاواز بوون لە شێوەی چارەسەكردنەكەدا و ئەوەشی بە شتێكی ئاسایی وەسف كرد، لە هەمانكاتیشدا گوتی ئەو جیاوازییەی لەو قەیرانەی دوایی لەنێوان پارتی و یەكێتی رووی دا "دووبارە نابێتەوە".

سەبارەت بەوەی كە پارتی پەلەی كردبێ لە مەسەلەی متمانە سەندنەوە لە مالیكی، جەعفەر ئیبراهیم ئاشكرایكرد كە ئەوە داواكارییەكی هەمەلایەنە بووە نەك شەخسی "بەڕێز عەممار حەكیم، پێش هەموویان باسی ئەوەی دەكرد كە لە بەغدا كار بەڕێوەناچێت. جەنابی مام جەلال لە كۆبوونەوەكاندا چەندین جار رەخنەی زۆر تووندی هەبوو لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق".

جەعفەر ئیبراهیم هەر لەو چوارچێوەیەدا دەڵێ "لێدانی زەنگی مەترسی لە دروستبوونی دیكتاتۆریەت لە عێراق لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە هەڵوێستێكی ویژدانی و بەرپرسیارانەبوو".

سەبارەت بە كۆتاییهاتنی پرسی متمانە وەرگرتنەوە لە مالیكیش رایگەیاند، ئەوان هێشتا سوورن لەسەر ئەوە، بەڵام گوتیشی " پێشتر بڕوامان زیاتر بوو و ئێستا كەمتربووە. ئەگەر پێشتر 100% بووبێ ، ئێستا 60%ە".

سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە مەسەلەی سەندنەوەی متمانەدا ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی "گۆڕان دەیەوێ ئاماژەیەكی وا بەهێزە سیاسییەكانی عێراق بدات، كە خاوەن بڕیاری سەربەخۆیە و پەلە ناكات لە هەڵویست وەرگرتن. بەڵام لە كۆتاییدا ئەو هەڵویستەی پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بیگرنە بەر، گۆڕانیش لەگەڵی دەبێ".

هەواڵی پەیوەندیدار