٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

مه‌كته‌بی سیاسی (پ.د.ك) رۆژی جیهانیی كرێكاران له‌ سه‌رجه‌م كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان پێرۆز ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكاران، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م كرێكارانی كوردستان وعێراق وجیهان كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكارانه‌وه‌، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌ین و به‌ها و ماناكانی ئه‌م رۆژه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رز و به‌ڕێز راده‌گرین و سڵاو بۆ كرێكارانی بیر و بازوو ده‌نێرین كه‌ رۆژو و شه‌ویان لێك گرێداوه‌ بۆ هه‌ڵسوڕانی ره‌وڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی كوردستانه‌كه‌مان. هاوكات درود بۆ گیانی ئه‌و كرێكارانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ خه‌باتی رزگاریخوازیی نیشتمانی  و له‌ بونیاتنانی وڵاتدا گیانیان به‌خشیوه‌.

ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌رینی درك كردنمان به‌وه‌ی كرێكاران چی وه‌كوو چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، چی وه‌كوو داینه‌مۆی هێزی كار و بونیاتنان له‌ وڵاتدا بایه‌خ و كاریگه‌ریی له‌راده‌به‌ده‌ریان هه‌یه‌ و دامه‌زرێنه‌ری به‌رده‌كانی بناغه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی ئه‌مڕ و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مانن، بۆیه‌ پشیوانی خۆمان بۆ مافه‌ ره‌واكانیان دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌م قۆناغه‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رچی زووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كوردیش له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئیشی شێلگیرانه‌ بكه‌ن له‌پێناوی هه‌مواركردنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ كار و مووچه‌ و كرێ و سه‌لامه‌ی پیشه‌یی و ئێستا و ئاینده‌ی كرێكارانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش یاسای كار (ژماره‌ 71 ـی ساڵی 1987) و یاسای رێكخستنی سه‌ندیكایی (ژماره‌ 52 ـی ساڵی 1987) و چه‌ند بڕگه‌ و ماده‌یه‌ك له‌ یاسای خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (ژماره‌ 39 ـی ساڵی 1971).

ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و ئاستی جووڵه‌ی بازاڕی كار ، وا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خوازێ ستراتیژێكی گونجاوی بۆ كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت و بواره‌ جیاجیاكانی چالاكی ئابووری له‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزاریی و گه‌شتیاری هه‌بێ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌واوی هێزی كار و سامانی مرۆیی له‌ كوردستاندا. بنه‌مای ئه‌م ستراتیژه‌ دۆزینه‌وه‌ و فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی راسته‌قینه‌ی كاری به‌رهه‌مهێنه‌، كه‌ به‌ كرده‌نی هێزی كار ده‌خاته‌ مه‌یدانی كاركردنه‌وه‌ و كرێكاری خۆماڵی ده‌ستی به‌ كاری راسته‌قینه‌ ده‌گات و رێژه‌ی بێكاری و بێكاری ده‌مامككراوی ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تیش كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ گۆڕانێكی كۆمه‌لایه‌تی و ئابووری گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێ، پارتیمان ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پیشه‌سازیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و به‌ئامێركردنی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ و كردنه‌وه‌ی خول و په‌یمانگای راهێنان و دروستبوونی كرێكاری هونه‌ریی و كارامه‌ی ئه‌م بواره‌ و بواره‌كانی پیشه‌سازی جۆراوجۆر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌رێی هاندانی پرۆژه‌ی پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنی  بچووك و مامناوه‌ندی و گه‌وره‌وه‌، ده‌ریچه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندن زیاتر ده‌خه‌نه‌ سه‌رپشت و كرێكارانیش رۆڵێكی به‌رچاو له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌بینن.

له‌ 1 ـی ئایاردا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رۆڵی ساندیكانی كرێكارن له‌ چه‌سپاندن و قووڵكردنه‌وه‌ی سستمی دیموكراسی و گه‌شه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیدا، رۆڵێكی یه‌كجار گرنگه‌، بۆیه‌ بایه‌خدان به‌ ساندیكای كرێكاران و كارا كردنی، ئه‌ركێكی له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌ كرده‌نی پشتگیری خه‌بات و داوا ره‌واكانی بكرێ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی گه‌یه‌نه‌ری راسته‌قینه‌ و كاریگه‌ر له‌نێوانی كرێكاران و حكومه‌تی هه‌رێم و خاوه‌نكاراندا.

دووباره‌ جه‌ژنی كرێكاران پیرۆزه‌ و هه‌میشه‌ رۆژی 1 ـی ئایار به‌رز و به‌ڕێزه‌
به‌ گه‌رمی ده‌ستی ماندوونه‌بوونی كرێكارانی كوردستان ده‌گوشین و رۆڵی ئه‌وان له‌ خه‌باتی رزگاری نیشتمانی و خه‌باتی بونیاتنانی وڵات و گه‌شه‌كردندا به‌رز ده‌نرخێنین
درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ئه‌م چینه‌ له‌ كوردستان و عێراق و هه‌موو جیهان

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
له‌ 30 ـی نیسانی 2012
 

هەواڵی پەیوەندیدار