٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتی لە بەرانبەر قۆناغێكی نوێ و تاقیكردنەوەیەكی راستەقینە دایە

سەرچاوە: KDP.info

نوری بریمۆ


ئەو پێشوازییەی دەگمەنەی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە خۆیەوە بینی كە رێژەی بەشداری تیایدا گەیشتە نزیكەی 73% بەم رێژە بەرزە كێبڕكێی ئەو وڵاتانەی كرد كە مێژوویەكی دێرینیان لە پرۆسەی دیموكراتیدا هەیە، ئەمەش باشترین بەڵگەو دەربڕی ئەو راستییەیە كە هاووڵاتیانی كوردستان بە پەرۆشەوە روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردو لە كێبركێیەكی شارستانیانە، بەو پەڕی ئازادی دەنگیان بەو كاندیدكراوانە دا كە پێیان وایە خزمەت بە كوردستان دەگەیەنن، ئەم دەنگدانەش لە كەشو هەوایەكی دیموكراتی لەسەر بنچینەی كۆمەڵێك بنەمای یاسایی بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە چوار چێوەی هەڵبژاردنێكی ئازادانەو رەوشتیانە بەڕێوەچوو، هانی گیانی بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكان لە پێناو نوێكردنەوەی دامەزراوەكان دەدات كە وا دەكات ئەدای دیموكراتی لای هاووڵاتیانی كوردستان پەرە بسێنێت و ژیانی سیاسیی سەردەمیانەش لە هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە كاتێكدا دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان ستراتیژییەتی بونیاتنانەوە بەردەوام بوون لەسەر ئاوەدانی و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانی گرتۆتەبەر، سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئەمانەی كردۆتە بەردی بناغەی كارەكانی خۆی، بەو هۆیەوە ئەزموونە نوێ و سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستان نەك هەر بە قسەو بەڵكو بە كردەوە لە قۆناغێكەوە بەرەو قۆناغێكی باشتر هەنگاو دەنێت، هاووڵاتیانی كوردستانیش بە هەموو چین و توێژەكانیان سەلماندیان كە وەفاداری خوێنی شەهیدانن و بەشێوەیەكی ئەرێنی بەو پەڕی زیرەكی بەشدارییان لەو هەڵبژاردنە چارەنووسسازە كرد و بێ دوو دڵی، نوێنەرانی خۆیان لە پێناو ئێستاو ئاییندەیان هەڵبژارد.
لەو بارەیەوەو لە دوای ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە سەركەوتووە بە هەموو پێوەرەكان، ئەركی نیشتیمانی وا دەخوازێت هەستیاری ئەو قۆناغە ناسكە لەبەر چاو بگرن و بە ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پاكە بە گەواهی چاودێرە نێوخۆیی و بیانییەكان بە گیانێكی وەرزشیانە بەئاكامەكەی رازی بن، لایەنە ركابەرەكان فێری هونەری پیادەكردنی پرۆسەی دیموكراتی بن تا كوردستان بگەیەنێنە بەرزنرین ئاستی حكومەتی دامەزراوەی شارستانی، وەك دەرگای سەرەكیە بۆ چوونە نێوی ئەمەش تەنیا بە فێربوونی رۆشنبیری هەڵبژاردن بەدی دێت و دەبێتە دەرگای چوونە ژوورەوەی ژیانێكی سەردەمیانی ئارەزوو بۆ خواستراوە.
سەرەڕای ئەوەی كەوا ئەو قۆناغەی كوردستان پێی تێپەڕ دەبێت قۆناغێكی چارەنووسسازەو چەندەها مەترسی دەورەیان داوە، وا پێویست دەكا هەموو لایەنەكان بە هۆشدارییەوە هەڵسوكەوت بكەن، چونكە نرخی هەر هەڵەیەك زۆر گران دەوەستێت، سەرۆك مەسعود بارزانی بێ سنوور متمانەی بە گەلی كوردستان هەیە، لە هەموو وتەكانی پێش هەڵبژاردنیش سەرۆك ئاماژەی بەوە داوە كە هاووڵاتیانی كوردستان لە هەڵبژاردنی كاندید كراوەكان ئازادن داواشی كردووە پرۆسەی هەڵبژاردن رێچكەی ئاسایی خۆی وەربگرێت و كێبڕكێیەكەش بە شێوەیەكی ئازادانەو دیموكراتیانەی ئەوتۆ بێت كەهاوتای دیموكراتە پێشكەوتووەكانی جیهان بێت.
ئەمرۆ كە بە هۆی بەرفراوانبوونی تۆری ئینتەرنێت بڵاوبونەوەی چركە بەچركەی هەواڵ و رووداوەكان هەموو باس و بابەتەكان روون و ئاشكرا بوونە و جیهانی كردۆتە گوندێكی بچووك، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بابەت و رووداو بچووكەكانیش تا بە گەورە رادەگات بشارێتەوە یا پەردەپۆش بكات، هەر ئەوەش بوو وایكرد هاووڵاتیانی كوردستان بە بێ ئەوەی دامێنێن یا سەریان سوور بمێنێت چۆن دەنگ بدەن یا بە كێی بدەن، بەشداری هەڵبژاردنیان كردو زۆرینەیان بێ دوو دڵی لەبەر ئەوەی بەو بڕوایە گەیشتوون پارتی زەمانەتی پاراستنی هەرێمی كوردستانە دەنگیان بە لیستی پارتی و رێبازی بارزانیی نەمر دا، ئەمڕۆ پارتی لە بەرامبەر قۆناغێكی نوێ و تاقیكردنەوەیەكی راستەقینە دایە، كەتەنیا بە بڕوا بوون بەخۆی و ئیرادەی كەسە باش و بە ئەمەكەكان و ئەنجامدانی كاری باش لە چوار چێوەی یەكخستنەوەی ماڵی كوردستان و تەواوكردنی ئەركی بونیاتنانەوەو و نوێخوازی لە هەموو بوارەكاندا، دەكرێت ئەو تاقیكردنەوەیە بەسەركەوتوویی ببڕێت.

هەواڵی پەیوەندیدار