٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان

سەركەوتنی ئازادی و پێكەوەیی و گەشانەوەی بەردەوامی كوردستانە

 

هەڤاڵان، پێشمەرگە قارەمانەكان،

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان،

گشت ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی پارتی و رێبازی بارزانی

بە بۆنەی كۆتایهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی پارتییەكەی خۆتان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بەناوی خۆمان و سەركردایەتی پارتیمانەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەین و چەپكە گوڵی ئەم سەركەوتنە پڕ لە شانازییە لە بەرۆكی ئێوە دەدەین و لە رێی ئێوەشەوە سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانەی پارتی و رێبازی بارزانی دەكەین كە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا و لە رۆژی دەنگداندا، بە تین و تاوی پارتایەتیەوە بەشدارییەكی بێ وێنەتان لە پرۆسەكەدا كرد و نموونەیەكی پێشكەوتووی دیموكراسی و شارستانیتان پێشكەش كرد و رووی جوانی ئەزموونەكەی كوردستانتان بۆ هەموو جیهان درەوشانەوە.

هەر لەم رۆژە مێژووییەدا، كە بە یەكێك لە رۆژانی وەرچەخان لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و كاروانی بونیاتنانی كوردستانێكی ئازاد و گەشاوەدا ئەژمار دەكرێ، لە ناخی دڵمانەوە سوپاسی گەلی كوردستان دەكەین و پیرۆزبایی گەرمی لێ دەكەین.

سەركەوتنی پرۆسەكە بە گشتی و سەركەوتنی پارتیمان بە تایبەتی بە نیشانەیەكی درەوشاوەی سەركەوتنی خەباتی پڕ قوربانی گەلەكەمان، بە كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشووری و هەموو ئایین و ئایینزاكانی، لە پێناوی ئازادی و دیموكراسی و پێشكەوتندا دەزانین و، تەرخانی دەكەین بۆ خزمەتكردنی زیاتر و گەیشتن بە خەون و ئاواتە رەواكانی میللەتەكەمان.

لە رۆژی 21 /9 دا گەلەكەمان چووە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ئازادانە دەنگی بە خەباتی رزگاری و دوێنێی قوربانیدان و ئەمڕۆی ئاوەدانی و ئارامی و پێشكەوتن و ئایندەی گەشاوەتر و هەموو ئەو دەستكەوتانە دا، كە گەلی كوردستانیان خستۆتە سەر نەخشەی درەوشانەوە لە ناوچەكە و جیهاندا، بۆیە ئێمە بەم سەركەوتنەمان خۆمان بە قەرزاری گەلەكەمان دەزانین و لە رێی كاركردن بۆ هەرچی زیاتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی دەرفەتەكانی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی و بەشداری لە بڕیاری سیاسیدا، كاردەكەین بۆ دانەوەی ئەو قەرزە و بەڵین بە یەكەیەكەی رۆڵەكەكانی گەلەكەمان دەدەین كە درێغی نەكەین لە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی ئێوە متمانەتان پێبەخشیوە.

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە لە هەرێمی كوردستان، بەرایی قۆناغێكی نوێیە لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانی و حوكمڕانی و كاری پێكەوەیی بۆ ئازادی و گەشەپێدانی كوردستان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرزكردنەوەی دروشمی ( پێكەوە بەرەو كوردستانێكی گەشتر) دا بەرجەستەی كردو كردییە پەرچەمی هەڵمەتی خۆی و دەرەنجام متمانەی زوربەی خەڵكی كوردستانی بە دەستهێنا و سەركەوتنێكی تۆمار كرد كە شایستەی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و پارتی و پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو لاوان و ئافرەتان و كرێكاران و جووتیاران و چین و توێژەكانی كوردستانە كە لە پرۆسەی گەشەپێدانی كوردستاندا بە كۆششی بیر و بازوو بەشدارن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدا بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرم لە جەنابی سەرۆك بارزانی دەكات كە لەم قۆناغە هەستیارەدا رابەرایەتی ئەزموون و پرۆسەی بونیاتنانی وڵات و كۆڵەگەكانی دیموكراسی و پێشكەوتنی دۆزی كوردەواری كردووە، سەركەوتنی لیستەكەی بە سەركەوتنی گەلی كوردستان و گشت هێزە سیاسییەكان و دیموكراسی و گەشەپێدان و ئارامی و پێكەوەژیان ئەژمار دەكات و لە رێی كار كردن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوان كە لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی نیشتمانی كار بكات بۆ كوردستانێكی گەشتر و ئازاد، ئەم سەركەوتنە دەخاتە خزمەتی هەموو هاوڵاتیانەوەو ئەو بناغەیەشی پێ پتەوتر دەكات كە باڵەخانەی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی رەوای كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستانی لەسەر هەڵدەچنرێ.

بژی كورد، بژی كوردستان

بژی ئاوەدانی و ئازادی

سەركەوتن بۆ پێكەوەژیان و دیموكراسییە لە سایەی كوردستانێكی گەشتردا

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار