چاودێرێکی سیاسی: ھەستی شکست باڵانسی سەروەر عەبدولڕەحمانی تێکداوە
هەولێر - KDP.info/ سەپتەمبەر (PNA)- لە وەڵامی ئەو گووتە بێسەروبەرانەی سەروەر عەبدولڕەحمانی پەرلەمانتاری پێشوو و کاندیدی ئێستای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە فەیسبووک نووسیوویەتی و ڕۆژنامە و سایتە سێبەرەکانی سلێمانی وەک ھەنگیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، بەناوی یەکێتییەوە، بڵاویان کردووەتەوە، چاودێرێکی سیاسی دەڵێ ئەوە ھەستی شکسته باڵانسی سەروەری تێکداوە.
چاودێرەکە گووتی "ناوبراو زۆر لافی دیموکراسی و ئازادی لێدەدات و گەلێک لەو قسە قەبانە دەکات، بەڵام نازانێت گەوھەری دیموکراسی ھەڵبژاردن نییە بەتەنیا، بەڵکو قبووڵکردنی ئەنجامەکانێتی".. گووتیشی "سەروەر و هاوشێوەکانی مێژووییەکی دیار و دوورودرێژیان لە قبوڵنەکردنی ئەنجامی ھەر ھەڵبژاردنێکدا ھەیە".
ئەو چاودێرە سیاسیە دەڵێ "سەروەر وا دیارە بیری چووەتەوە ئەوە چوار ساڵە پەرلەمانتارە بەدەنگی پارتییەکان کە بەگیانی ھاوپەیمانی لەگەڵ حزبەکەی دەنگیان پێداوە و گەیاندوویانەتە پەرلەمان و ئەگەر ھاوپەیمانیی پارتی و یەکێتی نەبووایە و لیستی داخراو نەبووایە، خەڵکی وەک سەروەر دەبوایە ھەر لە دوورەوە تەماشای پەرلەمانیان بکردایە".
دیسان دەڵێ "جیا لەوەی قسەکان و بووختانەکانی سەروەر ھێندە ئاستیان لەخوار و بێ بنەمان و نابێت لە کەسێک دەربچن کە بەحیساب پەرلەمانتار بووە و ئێستا کاندیدی حزبێکی ھاوپەیمانی پارتییە، جیا لەوەی کە ھیچ ڕێز و حیسابێک بۆ ھاوپەیمانیی حزبەکەی لەگەڵ پارتی ناکات، ئەو ھاوپەیمانێتییەی بنەمای زۆر لە دەسکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستانن و بۆ سبەینێیەکی گەشاوەتر زۆر پێویستە، ئاو دەکاتە ئاشی بزووتنەوەی گۆڕانەوە کە سەروەر و ژمارەیەک لە برادەرەکانی چوار ساڵە کلکیان لەگەڵ گرێداوە و بەدژی بۆچوونی حزبەکەی خۆیان و ھاوپەیمانەکەیان خزمەتێکی ھەرزانی نەوشیروان مستەفا و پیلانەکانی و کینە و گرێ مێژووییەکەی دەکەن".
لە درێژەی وەڵامەکەدا چاودێرە سیاسییەکە دەڵێ "خۆ ئەگەر سەروەر زۆری حەز لە دژایەتی پارتییە و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە سواڵی دەنگ بکات، ڕێگەی نێزیکتر ھەیە، با خۆی ئاشکرا بکات و لە پەنای ھاوپەیمانەکەی پارتییەوە نەیکات".
چاودێرە سیاسییەکە گووتی "شکست و دۆڕان باڵانسی سەروەری تێکداوە و خەڵکی زۆر لە سەروەر و جەماعەتەکەی گەورەتر خۆیان لەگەڵ پارتی تاقی کردەوە و ھیچیان بەھیچ نەکرد، وا دیارە سەروەر، کوردگووتەنی لە ڕێگە دواکەوتووە و لە ئاش پەلە دەکات".




