٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

سیداد بارزانی: لیستی 110 لیستی پاراستنی كوردستان، لیستی ئاوەدانی و ئارامیی و ژیانێكی بەختەوەرە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

KDP.info/ پێش هەموو شتێك بە ناوی خۆم و هەڤاڵانم لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە چوارچێوەی لقی10 و 26ی گوڵان، بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم سوپاستان دەكەم ئەو دەرفەتەتان بەمن دا تا لە خزمەتتان دابین. رێزو سڵاوی جەنابی سەرۆكتان پێشكەش دەكەم.
نازانم بە چ جۆرێك باسی فیداكاری و قارەمانی و بەخودان و خۆراگری ئێوە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو بكەم، كاتێك باسی مێژووی پڕ شانازی شۆڕشە یەك لەدوا یەكەكانی بارزانتان بۆ بكەم ئەوە دەگەینە قۆناغی ئەمڕۆ، ئەوە پشكی شێر بەر لە دروستكردنی ئەو مێژووە بەر ئێوە دەكەوێت، هەر لە كاتی لەسێدارەدانی جەنابی شێخ عەبدولسەلام تا ئێستا پاش شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام ئەو ئاڵایە جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی هەلیگرت و نەیهێشت بزووتنەوەی كوردایەتی بوەستێت، هەر ئەویش بوو لە هەموو قۆناغە سەختەكانی بەرخوداندا پشتیوانی و هاریكاری بارزانیی نەمر بوو، لە هەموو قوربانی و ناخۆشی بەشدار بوو، كە میللەتی ئێمە لە پێناو رزگاری كوردو كوردستان داویانە، چەندین جار ئاوارەی وڵاتانی دیكە بووەو رۆژێك لە رۆژان ئێوە عەقیدەو رێبازی بارزانیتان بە تەنیا جێنەهێشتووە تا دوژمن زەفەری پێ ببات، لە دەیەكانی سەدەی رابردوو جەنابی شێخ عەبدولسەلام چووە كوردستانی رۆژهەڵات، لە ساڵی سییەكانیش ئاوارەی كوردستانی باكوور بوون، دواتر لە ناوەڕاستی چلەكان جارێكی تر خۆی و ماڵ و منداڵی ئاوارەی كوردستانی رۆژهەڵات بووە. بارزانیی نەمر بەرگرییەكی بێ وێنەی لە كۆماری كوردستان كرد لە مەهاباد و چەندین قارەمان تیایدا شەهید بوون، لەلایەكی دیكەوە چوونی 500 كەس لەگەڵ جەنابی بارزانی لە دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئەو داستانە بووە خاڵێكی گرنك و ناودار لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد كە نزیكەی 12 ساڵی خایاند، ئەوانەی دیكەی لە خانەوادەی بارزان هاتنە عێراق و نەفی كران شارەكانی باشووری عێراق،12 ساڵ لە زیندان مایەوەو دەست و پێی پیرۆزی بە زنجیر بەسترابوەو سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بوو، لەگەڵ ئەمەشدا حكومەتی ئەو كات چەندین جار داوایان لێكرد نامەیەك بۆ مەلیك بنووسێت و داوای لێخۆشبوونی لێبكات، بەڵام جەنابی ئەوەی رەتكردەوەو دەستبەرداری بیروباوەڕی خۆی نەبوو.
جارێكی دیكە لە ساڵی 1975 و دوای پیلانی خیانەتی جەزائیر شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تووشی شكستەكی كاتی هات، ئەو كاتیش بە سەدان هەزار لە میللەتی كورد لە شارو گوندی كوردستان ئاوارەی ئێران بوونەوەو ئەوانەی مانەوەش ئاوارەی باشووری عێراق كرانەوە، ئەوە بە تەنیا كۆرەوی ئێوە بووە بە درێژایی مێژووی رزگاریخوازی میللەتی ئێمە بە سەركردایەتی پارتی و سەرۆكایەتی بارزانی بەردەوام بووە لە ساڵی1983 رژێمی بەعس و سەدام حوسێن گۆڕبەگۆڕ 8 هەزار بارزانی ئەنفال و بێ سەروشوێن كرد هەر لەبەر ئەوەی كورد بوون و بارزانی بوون هەتا دوو برای مەسیحیش بە ناوی خۆشاباو عەدیشو لەگەڵدابوون، گوناهی ئەوان تەنها ئەوەبوو كە بارزانی بوون.
بەڵێ ئەگەر باسی فیداركاری و قوربانی ئێوە بكەین لە شۆڕشی بارزان و ئەیلوولی مەزن و گولانی پێشكەوتنخواز ئەوە پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە، چونكە ئێوە شەهیدتان داوە، بریندارتان داوە، داستانتان تۆمار كردووەو ئەوەندە زۆرن لە وتارێكی وا و لە بۆنەیەكی وادا ناتوانرێ باسی هەمووی بكرێت، مێژوویەكی سەد ساڵی پێویستی بە شرۆڤەو دیراستێكی زۆر ورد هەیە، بەڵام لێرەدا دەلێم ئێوە كەسانی خۆراگرو سەربەرزو دڵسۆزن و هیچ كاتێك نەتانهێشتووە دڵی دوژمن خۆش بێت، ئێوە بە خوێنی خۆتان رێبازو عەقیدەی خۆتان پاراستووە كە رێبازو عەقیدەی هەموو میللەتی كوردە، دروست بوون و بەدیهینانی قۆناغی ئەمڕۆ كە میللەتی كورد خاوەن هەرێمێكی فیدراڵ و پەرلەمان و حكومەتی كوردستانە، بەدەستهێنانی ئەمانە بەشی زۆری بۆ قوربانی دانی ئێوە دەگەڕێتەوە، كە نەك تەنیا بۆ ئێمە، بەڵكو هەموو میللەتی كورد جێگای شانازی و سەربلندییە، یەكریزی و یەك دەنگی ئێوە بۆ پارتی و رێبازی بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانی. هەروەكو لە رۆژانی سەخت و دژواردا ئێوە پشت و پەنای ئێمە بوونەو دوژمن نەیتوانیوە زەفەرتان پێ ببات، ئەمڕۆش لە قۆناغی سەركەوتن و حكومەت و دەسەڵاتی پارتی بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی دیسان ئێوە رۆڵیكی سەرەكیتان هەیە، بۆ پاراستن و بەرەو پێش بردنی ئەو دەستكەوتانە.
خوشك و برایانی خۆشەویستم..
ئەمڕۆ رۆژی یەك دەنگی و یەك ریزی هەموو خەڵكی دڵسۆزی كوردستانە تا دەنگی خۆتان ئەو دەستكەوتانە بپارێزین كە دەرەنجامی سەد ساڵ خەباتی خوێن و قوربانی میللەتی كوردە، كە شوێنێك نییە لە خاكی كوردستان بە خوێنی ئێوە ئاو نەدرابێت، ساڵانی سەختی شۆرش وخەبات و بەرخودانی، ئەو كەسانە لە كوێ بوون كە ئێستا خۆیان كردۆتە نوێنەرو خەمخۆری خەڵكی كە رۆژانێك پارتی و بارزانی بە فیداكاری و پشتیوانی ئێوەو دڵسۆزانی دیكەی ئەم رێبازە سینگی دوژمن و داگیركەری كوردستانیان گرتبوو، ئەو لایەنانە ئەو كات دیار نەبوون، كە ئێستا خۆیان كردۆتە خاوەن ئەزموونی هەرێمی كوردستانی كە بەرهەمی خوێن و قوربانی ئێوەیە، دڵنیاتان دەكەینەوە هەتا دڵسۆزو فیداكاری پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانی هەبن كە ئێوە پێشەنگی دڵسۆزانەنە و هەموو دڵسۆزانی كوردستان هیچ لایەن و هێزێك ناتوانێت زەفەر بە پارتی و بارزانی ببات، هەتا ئێمە پێكەوە بین و وەكی هەموو جاران پشتیوانی یەكتر بین پێشكەوتن و سەركەوتن لە هەر پرۆسەیەكدا بۆ پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانییە، ئەوانەی گیانی خۆیان كردە قوربانی بەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ، گومانی تیا نییە ئەمڕۆش بە دەنگی خۆیان ئەو دەستكەوتانە دەپارێزن و هەموو دەنگەكان لە رۆژی هەلبژاردن بۆ لیستی 110ی پارتی دەدەن.
خوشك و برایانی خۆشەویستم..
هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن لە 21ی ئەم مانگە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەدەچێت كە بەراستی هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر گرنگ و هەستیارە، هەرچەند ئێمە هیچ گومانێكمان لە دڵسۆزی و خۆ بە خاوەن زانینی ئێوە نییە لەو پرۆسەیەو بە هەموو توانانتان بەشداری دەكەن، بەڵام مەبەستی ئێمە ئەوەیە هەوڵێكی جیدی بدەن بۆ پەیوەندی كردن بە هەموو دۆست و ناسیارو كەسوكاری خۆتانەوە لە هەر شوێنێك بێت بكەن تا لیستی پارتی و رێبازی ئێوە ریبازی بارزانی نەمر و لیستی سەرۆك بارزانی زۆرترین دەنگ لە هەموو كوردستان بەدەست بێنێت، چونكە ئەمە لیستی هەموو خۆشی و ناخۆشییەكانی كوردە، لیستی شەهیدو ئەنفال و بێ سەروشوێنی ئێمەیە، لیستی110 لیستی پاراستنی كوردستانە، لیستی گەیاندنی كوردستانە بە قۆناغێكی خۆشترو گەشتر، لیستی ئاوەدانی و ئارامیی و ژیانێكی بەختەوەرە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان. جارێكی دیكە خۆشحاڵیی خۆم دەردەبڕم كە لەم ئاهەنگە لەگەڵ ئێوەی ئازیزو خۆشەویست ئامادەینە، هیوادەحوازم هەموو رۆژێكتان هەر خۆشی و شادی و سەرفرازی بێت، مافی خۆتانە دوای دەیان ساڵ فیداكاری و قوربانی بەرهەمی خەباتی خۆتان ببینن، ئینشاڵڵا دوای 21ی مانگ، دوای سەركەوتنی لیستی 110ی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان مەزنترین ئاهەنگی خۆشی و سەركەوتن لە هەموو كوردستان دەگێڕین، دوبارە بە خێرهاتنتان دەكەین و هەر لە خۆشیدابن. بژی كورد بژی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار