٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مسرور بارزانی بۆ گۆڤاری (گوڵان) ده‌دوێ

سەرچاوە: KDP.info

گوڵان: هێندەی ئاگادارین شۆڕشی ئەیلول لای بەڕێز مسرور بارزانی مانایەكی تایبەتی هەیە، لای بەڕێزت ئەم شۆڕشە وەرچەرخانێكی هەمەلایەنەیە لە ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستاندا، لەم بوارەدا بەڕێزتان دیراسەتی زۆرتان كردووەو خۆتان زۆر ماندوو كردووە، بۆیە پرسیارمان ئەوەیە ئەیلول چیمان فێردەكات و چۆن لە ئێستاماندا سوودی لێوەربگرینەوە؟

لە پێناو پاراستنی نەتەوەو نیشتمان كە شۆڕشی ئەیلول لە پێناویاندا هاتە كایەوە، ئێستاش پێویستە بە شێوازێكی مۆدێرن و شارستانیانە درێژە بە خەباتی گەلەكەمان بدەین


مسرور بارزانی: شۆڕشی ئەیلول گەورەترین شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان بوو تا ئەو سەردەمەو بە كردەوە كردنی دروشمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. لە شۆڕشی ئەیلول بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بووە بزووتنەوەیەكی هەمەلایەنەو نیشتمانی. یەكخستنی گەلی كوردستان و پێكەوەبەستنی هەموو ناوچەكانی كوردستان بوو. هەرچەندە پێشتر بە شێوەیەكی تەسكتر لە مێژووی گەلەكەماندا بەرگری و بەرخودان و سەرهەڵدان دژی داگیركەران هەبووە، بەڵام درێژەی نەخایاندو لە ناوچەیەكیش زیاتر پەرەی نەساند. بەڵام شۆڕشی ئەیلول لە باشووری كوردستان، بە شێوەیەكی گشتگیر هەموو ناوچەكانی گرتەوەو هەموو چین و توێژو نەتەوەو پەیڕەوانی هەموو ئایین و ئاینزاكان لە ژێر چەترو دروشمی شۆڕشی ئەیلول جێگای خۆیان دیتەوەو بەشداربوون لە خەبات و تێكۆشان. شۆڕشی ئەیلول جیاوازیی چینایەتی نەهێشت و بە تێكەڵ كردنی خەڵكی هەموو دەڤەرو ناوچەكان بنەمای بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەست پێكردو تا ئێستاش ئەم پرەنسیپ و بنەمایانە پێویستن بۆ پەرەپێدان و بەهێزكردنی پێگەی نەتەوەیی و نیشتمانی.
گوڵان: ئایا چۆن مێژووی شۆڕشی ئەیلول بە ئێستا گرێ بدەینەوەو هەر بە گیانی ئەم شۆڕشە هەنگاو بۆ ئایندە هەڵبگرین؟

مسرور بارزانی: ئامانج و هێز و ئیرادەی گەلی كوردستان بە تێپەڕبوونی كات بێ‌ رەنگ و لاواز نابن، لەبەر هەمان هۆكارەكانی بەرگری كردن لە پێناسەی كوردستان و شۆڕش كردن لە پێناو پاراستنی نەتەوەو نیشتمان كە شۆڕشی ئەیلول لە پێناویاندا هاتە كایەوە، ئێستاش پێویستە بە شێوازێكی مۆدێرن و شارستانیانە درێژە بە خەباتی گەلەكەمان بدەین.
شۆڕشی ئەیلول لە پێناو بەدی هێنانی چەندین ئامانج و هیوای گەلەكەمان دەستی پێكردو تا نەگەینە دوا قۆناغی خەبات پێویستە بەردەوام بین.
گوڵان: شۆڕشی ئەیلول بە رێبەرایەتی سیمبولی نەتەوەمان مستەفا بارزانی، دروشمی (كوردستان یان نەمان)ی بەرزكردەوە، دیارە مەبەستی بارزانی نەمر لە كوردستان یان نەمان، كوردستانێكی ئازادو سەقامگیر بووە، ئێستا سوپاس بۆ پارتی كە هێزی سەرەكی بووە بۆ هێنانەدی ئەم ئازادی و سەقامگیرییە لە كوردستان، ئەگەر جارێكی دیكە بۆ پاراستنی ئەو ئازادی و سەقامگیرییە هەمان دروشم پراكتیزە بكەینەوە، ئایا بۆ پاراستنی ئەم ئازادی و سەقامگیرییە، ئەركی سەرشانی پارتی لەم قۆناغە ناسكەدا چییە؟
مسرور بارزانی: پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتێكی پێشكەوتنخواز و هەڵقوڵاوی ناخی خەڵكی كوردستان بزووتنەوەیەكی جەماوەرییەو بۆ گەیشتن بە كوردستانێكی ئازادو ئارام و پێشكەوتوو خەباتی كردووەو پارتی تەنیا ئامڕازێك بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی گەلەكەمان. مادام هێشتا كاروانی خەباتی گەلەكەمان نەگەیشتۆتە كەناری ئارامی پێویستە بە خۆگونجاندن لەگەڵ شێوازی خەباتی سەردەم بەردەوام بین و ئەوەی لە تواناشمان دابێت بە هەمان رۆحیەتی پێشتر بەردەوام دەبین و ئەو دروشمەی جەنابی بارزانی نەمر هەڵیگرتووە بە پشت بەستن بە خواو هەوڵی تێكوشانی دڵسوزانی گەلەكەمان كە كوردستان یان نەمان ئەكەینە ئامانجی سەرەكیمان و پارتی لەو قۆناغەو بەو دەسەڵاتەی كە هەیەتی بەردەوام دەبێت لەسەر بەجێهێنانی ئەم بەڵێنە، بۆ ئەمەش ئاشتەوایی نیشتمانی و بەرگری كردن لە دەستكەوتە بەدی هاتووەكان و خزمەتی بەردەوام بە هاووڵاتیان و بەهێزكردنی پێگەی كوردستان لە مەیدانی نێودەوڵەتی شێوازو ئەركی ئەم سەردەمەی پارتەكەمانن.

پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی و بەتایبەتی لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول هەوڵی یەكڕیزی و یەكخستنی گەل و خاكی كوردستانی داوه‌


گوڵان: شۆڕشی ئەیلول بە فیعلی سەلماندویەتی كە بۆتە نەخشەی رێگە بۆ تەواوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، هەر لە شۆڕشی ئەیلولەوە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان قۆناغی ناوچەگەری تێپەڕاندو شۆڕشی سەرتاسەری دەستی پێكرد، هەر لە شۆڕشی ئەیلولەوە بناغەی بیری نەتەوەیی بۆ ئامانجی سەربەخۆیی و سەرفرازی سەریهەڵدا، ئایا چۆن لە ئەیلولەوە جارێكی دیكە هەنگاو بۆ گوتاری سیاسیی یەكگرتووی كوردستانی هەڵبگرین، ئایا چۆن جارێكی تر نەتەوەی كوردو كوردستانی جۆش بدەینەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجی سەربەخۆیی، كە ئەم سەربەخۆییە یەكێك بووە لە ئامانجەكانی جەنابی بارزانی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلولیش؟
مسرور بارزانی: پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی و بەتایبەتی لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول هەوڵی یەكڕیزی و یەكخستنی گەل و خاكی كوردستانی داوە، ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك پێویستە پارتی لەسەر تاكەكانی وڵات كار بكات كە هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی تیایدا بەرجەستەتر بكرێت و ئەو كاتەی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە خۆی خاوەنی وڵات و مافی چارەنووسی بە مافی سروشتی خوی زانی، ئەو كاتە دەتوانین دڵنیا بین كە ئامانجەكانی جەنابی بارزانی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلول دێنەدی.
گوڵان: سەرۆك مسعود بارزانی لە كۆنگرەی (13)ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە یەكجارەكی ئەوەی بە هەموو لایەك راگەیاند كە ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، ئەم ئامانجە بێگومان ئامانجی جەنابی بارزانی نەمر بووە، بەڵام كاتێك جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی باسی دەكات، لە ناخەوە هەست دەكەین ئەم ئامانجە نزیك بۆتەوە، ئایا ئەمە سۆزێكی پارتیانەیە، یان پارتی رووناكیەكی لێ‌ دیارەو شتێك ئەبینێ‌ و ئەم ئامانجەش نزیك بۆتەوە، لەم بۆنەیەدا زۆر گرنگە بەڕێزت لەمبارەوە موژدە بە گەلی كوردستان بدەیت؟
مسرور بارزانی: گەلی كوردستان وەك هەموو گەلانی جیهان مافی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، هەرچەندە باس كردنی ئەم بابەتەش لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە، لای ناحەزان بە شتێكی نامۆ دەزانرا بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوە بوو كە لە ناو خودی كوردستانیش دەوڵەتی كوردستان بە خەون و دوور لە واقیع دەزانرا. باس كردنی ماف و گەیشتن بە ئەو مافە تاوان نییە، بەڵكو لادانی تاوانە كە دژ بە خەڵكی كوردستان كراوە. جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لەو روانگەیەوە وەكو جەنابی بارزانی نەمر توانیویەتی زۆر قۆناغی گرنگ تێپەڕ بكات و باس كردنی دەوڵەتی كوردستان بكات بە بابەتێكی گەرم و پێویست لە ناوچەكەو جیهانیشدا. راستە ئێستا زەمینە لەبارترە بۆ گەیشتن بەم ئاواتە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر هێز و ئیرادەی گەلەكەمانە كە ئەتوانێت ئەو رێگەیەی كە ماوە بە كورتترین ماوە بیبڕێت!

هەڵبژاردن بەڵگەی دیموكراسی بوونی كومەڵگەو هەر ئەزموونێكە، لەبەر ئەوە پێویستە وەك ئەركێكی نیشتمانیی سەیری هەڵبژاردن بكەین و پێش هەموو لایەنێك هەوڵ بدەین كوردستان براوەی یەكەم بێت لەم هەڵبژاردنانە


گوڵان: لەم كاتەی یادی شۆرشی ئەیلول دەكەینەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەردەم پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی چارەنووس سازدایە، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی پارتی لە نێو پرۆسەی حكومڕانی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانیش هێزێكی گەورەو سەرەكیە، ئایا بەڕێزت چۆن ئەم هەڵبژاردنە هەڵدەسەنگێنی؟
مسرور بارزانی: هەڵبژاردن بەڵگەی دیموكراسی بوونی كومەڵگەو هەر ئەزموونێكە، لەبەر ئەوە پێویستە وەك ئەركێكی نیشتمانیی سەیری هەڵبژاردن بكەین و پێش هەموو لایەنێك هەوڵ بدەین كوردستان براوەی یەكەم بێت لەم هەڵبژاردنانە بەوەی كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردو شارستانیانە بەڕێوە ببەین. دوای ئەمە هەوڵی ئەوە بدەین كە لیستی پارتەكەمان سەربخەین. چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان شێوازی حوكمڕانی داهاتوومان دەست نیشان دەكات. بە بەڵگەی مێژووییەوە دەتوانین بڵێین كە بوون و سەركەوتنی پارتی و وەرگرتنی دەسەڵات لە بەرژەوەندی گشتی وڵاتەكەماندایە. بەهێزبوونی پارتی بەهێز بوونی كوردستانەو دوورخستنەوەی مەترسی و ئاژاوەیە. پەرەپێدانی ئاشتەوایی و دیموكراسیەت و پێشكەوتن و سەقامگیرییە. دەسەڵات بەلای پارتی ئامڕازی خزمەتگوزارییە. لەبەر ئەوە هیوادارم كە هەموو تاكێك هەڵسەنگاندنێكی واقیعیانە بۆ ئەم هەڵبژاردنانە بكات و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێرێت.
گوڵان: ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە هێندە چارەنووسسازو گرنگ بێت بۆ ئایندەی پارتی و ئایندەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بێگومان پێویستی بە گیانێكی پێشمەرگانەی شۆڕشی ئەیلول هەیە، ئایا چۆن بتوانین گیانی خەباتی پێشمەرگانەی ئەیلول بكەینە خەباتی مەدەنی لە هەڵبژاردنەكانماندا؟
مسرور بارزانی: پێویستە ئارامی و سەقامگیری و پەرەپێدان بە پرۆسەی دیموكراسیەت تێكەڵ بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەین. چۆن پێشتر لە شۆڕشی ئەیلول پاراستنی سەرو ماڵی گەل و خاكی نیشتمان ئەركی پارتی بووە، ئێستاش بەو رۆحیەتەوە كار بۆ هەڵبژاردن بكەین و هەوڵ بدەین لیستەكەمان بەرەو سەركەوتنێكی مێژوویی ببەین و بە دنیاش پیشان بدەین كە گەلی كوردستان جگە لە بردنەوەی هەڵبژاردن براوەی پرۆسەی دیموكراسیەتە.

شۆڕشی ئەیلول تەنیا شۆڕشێكی چەكداری نەبووە. بەڵكو پێگەیاندنی تاكی كوردستانی یەكێك لە ئەركەكانی ئەم شۆڕشە بووە


گوڵان: لە شۆڕشی ئەیلولەوە هەتا ئێستا، واتە بە درێژایی (52) ساڵی رابردوو، هەر دەسكەوتێك بۆ كورد بەدیهاتبێت، یان ئەوەیە لەسەر دەستی پارتی بەدی هاتووە، یان پارتی هێزی سەرەكی و كاریگەر بووە بۆ بەدیهێنانی ئەو دەسكەوتە، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەشدا، بەردەوام پارتی كەوتۆتە بەردەم پەلاماری ئیرهابی فیكری و شێواندنی راستیەكان و هەوڵدان بۆ دوژمنایەتیكردنی پارتی بە مەبەستی لەناو بردنی، بەڵام سوپاس بۆ خوا پارتی لەو پیلانانە بەهێزتر بووە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بۆچی ئەم هەموو چەواشەكاری و ئەم هەموو دوژمنایەتیەی پارتی دەكرێت؟
مسرور بارزانی: راستە، لە مێژووی هاوچەرخی گەلەكەمان زۆر بە روونی دیارە كە لە سەردەمی بەهێزبوونی پارتی، دامەزراوەو دەسەڵاتی كوردستانی پێك هاتووەو جگە لە پارتیش هیچ هیزێك نەیتوانیوە بە بێ‌ پارتی دەسەڵاتی دامەزراوەیی لە كوردستاندا بچەسپێنێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیەكە هێزی سەرەكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانەو گومانیش لەوەدانییە ئەو لایەن و هێزانەی بیانەوێت زەڕبە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بدەن و رێگە لە سەركەوتنمان بگرن پارتی ئەكەنە ئامانج. ئەوانیش باش ئەزانن لاواز كردن و شكست هێنان بە پارتی پرسی كوردو كوردستان بەرەو دواوە دەبات. پارتی هەم توانیویەتی بیرۆكەی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری نەك تەنیا لە باشووری كوردستان بەڵكو لە هەموو شارو شاروچكەو لادێیەك دا پەرەی پێ‌ بدات و هەم توانیویەتی بە كردەوە دەسەڵاتی كوردستانی بچەسپێنێت. ئەم ئیرادەو راستگۆییەی پارتی و هیممەتی بەرەو ڕووبوونەوەی پیلانەكان وای كردووە زاڵ بێت بەسەر هەموو پیلانەكاندا.
گوڵان: زانكۆ یەكێك بووە لە ئامانجە گرنگەكانی شۆڕشی ئەیلول، تەنانەت لە ساڵی (1974) دوای ئەوەی شەڕیش دەستی پێكردەوە لە ناوچە ئازادكراوەكان دووبارە زانكۆی سلێمانی دەستی بە خوێندن كردەوە، بەڕێزیشت زۆر بایەخ بە زانكۆ دەدەیت و رۆڵێكی گرنگت لە دامەزراندنی زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك هەبووە، ئایا دەكرێت لەم بۆنە پیرۆزەدا باسی گرنگی دامەزراندنی ئەو زانكۆ گرنگەمان بۆ بكەیت؟
مسرور بارزانی: خوێندن و پەروەردەكردن و زانستی نوێ‌ هەمیشە هاندەری پێگەیاندنی گومەڵگاو نەتەوەكان بووە. ئێمەش پێویستە سوود لە زانستی سەردەم وەربگرین. شۆڕشی ئەیلول تەنیا شۆڕشێكی چەكداری نەبووە. بەڵكو پێگەیاندنی تاكی كوردستانی یەكێك لە ئەركەكانی ئەم شۆڕشە بووەو ئێستاش گرنگی خوێندن دیار و پێویستە. مەبەست لە دانانی ئەم زانكۆیە ئەوەیە كە ئاستێكی بەرزتری زانستی تێكەڵ بە خوێندنی ناوخۆی هەرێم بكەین و بەم رێگەیەوە پردێكی زانستی لە بەینی هەرێم و زانكۆ ناودارەكانی جیهانیدا دروست بكەین. لەلایەكی تریشەوە هەندێك كۆلێژ كە پێویستن و لە زانكۆكانی تردا نین دابمەزرێنین تا قوتابیەكانی ئێمە بتوانن سوود لەم زانستە نوێیانە وەربگرن.
گوڵان:جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی وێڕای ئەم هەموو پەلامارو هێڕشە ناڕەوایەی دەكرێتە سەر پارتی، بەڵام رێنمایی ئەندامانی پارتی دەكات وەڵامی ئەو تۆمەتانە نەدەنەوە، ئایا هۆكاری ئەم بێدەنگیەی پارتی چییە؟ ئایا پارتی لە بەردەم ئەم تۆمەتانە هیچ وەڵامێكی پێ‌ نییە؟
مسرور بارزانی: پارتی پێویستی بە پەلاماردانی خەڵك نییە. ئامانج و دروشمی پارتی روون و ئاشكرایە. خزمەت كردن بە گەل و نیشتمان و بەرەو سەركەوتن هەنگاونان، ئەركی پارتییە. لەبەر ئەوە جەنابی سەرۆك هەمیشە رێنمایی ئەوەی كردووە كە خۆتان بە شتی لاوەكی و بێ‌ مانا خەریك نەكەن و كاتی خۆتان بە فیڕۆ مەدەن. چونكە بەرپرسیاریەتیەكی قورستر لەسەر شانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی یە. ئێمە بەكردەوە وەڵامی تۆمەتەكان دەدەینەوە نەك بە قسە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگری كردن و خزمەت كردنی گەل و وڵاتەكەمان.
گوڵان: ئەگەر بۆ مەسەلەی دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری و هەنگاو هەڵگرتن بۆ پاراستنی سەر و ماڵی خەڵك بگەڕێینەوە بۆ شۆڕشی ئەیلول، دیسان ئەم لایەنەش لایەنێكی جوانی ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی ئەیلول بووە، ئێوە رۆڵێَكی سەرەكیتان لە ئارامی و سەقامگیری ئێستای كوردستان هەیە، پرسیاری من ئەوەیە چۆن بەڕێز مسرور بارزانی ئەم لایەنە جوانەی شۆڕشی ئەیلولی گواستۆتەوە بۆ واقیعی ئێستا و ئەم ئارامی و سەقامگیریەی هەرێمی كوردستانی نەخشە بۆ داڕشتووە؟
مسرور بارزانی: پاراستن و بەرگری كردن و سەقامگیری ئەركی سەرەكی شۆڕشی ئەیلول بوون چونكە بۆ پاراستنی گەلێك پێویستە خوڕاگربیت و پلانی باشت هەبێت بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەم ئەركە. بە پێی ئەو ئەزموونەی لە شۆڕشی ئەیلول و دواتریش دامەزراوە ئەمنیەكانمان بە دەستیان هێناوە ئێستاش توانیومانە سیستەمێكی فراوانی پاراستن و ئاسایشی هاووڵاتیان و نیشتمانەكەمان دابمەزرێنین، ئەمە بەرهەمی زەحمەت و شەونخونی هەزاران پێشمەرگەو كادیری ئەمنی و ئاسایش و پاراستن و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆیە. سەرچاوەی هەموو ئارامیەكانیش هاوكاری و پشتگیری جەماوەری كوردستانە.

پارتی هەمیشە هەوڵی پێگەیاندنی لاوەكانی داوەو بەردەوامیش دەبێت چونكە ژیان ناوەستێت


گوڵان: راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كاری حزبی، داهێنانێكی دیكەی پارتیە لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، ئەمەش وایكرد پارتی هەم بتوانێت خەباتی چەكداری بكات و هەمیش حكومڕانی ناوچە ئازادكراوەكان بكات، هەروەها لە ساڵانی (1970-1974) حكومڕانیەكی سەركەوتووش بكات، ئایا تا چەند ئەو حكومڕانیەی ئێستا پارتی دەیكات و، سەركەوتنی حكومڕانی پارتی، هی ئەو پاشخانەی ئەزموونی ئەیلولە؟
مسرور بارزانی: كاتێك شۆڕش هەمەلایەنە بێت و تەنیا شۆڕشێكی چەكداری نەبێت، پێویستە لەسەر هەموو ئاستێك هەوڵی پێگەیاندن و پێشخستنی كومەڵگا بدات. پارتی گیرۆدەی بیرۆكەیەكی تەسكی حزبی نییە. هەموو دڵسۆزێك كە مەبەستی خزمەت كردن بێت بە گەل و نیشتمان ئەتوانێت لە ژێر سێبەری پارتی پەرە بە خزمەتی خۆی بدات.
گوڵان: لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا ئێوە وەك ئەندامێكی پارتی گرنگە بەشدارییەكی كاراتان هەبێت، هەروەها دڵسۆزانی رێبازی بارزانی چاویان لە بەشداریی بەڕێزتانە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، ئایا دەكرێت بزانین ئەو ئەركەی لە بەرنامەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی خراوەتە سەرشانی بەڕێزتان چییە؟
مسرور بارزانی: من دەمەوێت كوردستان لەم ئەزموونە بە سەركەوتوویی دەربچێت، منیش وەك هەر هاوڵاتییەكی تری كوردستان هەوڵی ئەوە دەدەم كە یارمەتی لیستی جێگای متمانەی خۆم بدەم كە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە. پێم باشە پارتی لە هەموو سنوورو ناوچەیەكدا بە ڕێژەیەكی بەرچاو سەركەوتن بە دەست بێنێت و ئەو شوێنانەی زیاتر پێویستیان بە هاوكاری بێت من ئامادەم لە خزمەت بەرنامەكانی پارتی دابم. ئەرك و شوێنێكی دیاریكراو نییە بۆ من، بەڵام بۆ پشتیوانی ئەو بەرنامانەی كە پارتی دایڕشتووە ئامادەم لە هەر كوێ‌ بێت خزمەت بكەم.
گوڵان: بەڕێزتان هەمیشە وەك سەركردەیەكی لاو لە ناو لاوەكاندا زیاتر دەبینرێن و بایەخێكی زێدە گرنگ بە لاوان و قوتابیان دەدەن، ئایا ئەم بایەخپێدانەی بەڕێزت هی ئەوەیە كە خۆت لاویت یان پێوەندی بە گرنگی رۆڵی لاوانەوە هەیە لە مێژووی شكۆداری پارتیدا؟ ئایا لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا بەڕێز مسرور بارزانی پەیامی بۆ لاوان و خەڵكی كوردستان چییە؟
مسرور بارزانی: لاو ئەڵقەی پێوەندیی مێژوو و ئایندەیە. لاو هێزی ئەمڕۆی گەلەكەمانە، ئەركە قورسەكانی ئەمڕۆ ئەكەوێتە سەر شانی لاوەكانمان. پێویستە سوود لە ئەزموونی كەسانی بەتەمەنتر وەربگرن و بە دیدێكی پڕئومێد سەیری ئایندە بكەن. پارتی هەمیشە هەوڵی پێگەیاندنی لاوەكانی داوەو بەردەوامیش دەبێت چونكە ژیان ناوەستێت. لاوی دوێنی خاوەن ئەزموونی ئەمڕۆیە. لاوی ئەمڕۆ ئەبێتە كەسایەتی پڕ لە ئەزموون لە داهاتووداو ئەم رێگەیە بەردەوام دەبێت تا ژیان ماوە.
هیوادارم لاوەكان زیاتر لە خەمی وڵاتەكەیان بن و بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی بەرەو سندووقەكانی هەڵبژاردن بڕۆن و دەنگ بە دروشمی بریقەدار نەدەن. دەنگ بەو لایەنە بدەن كە دەتوانێت كوردستان بەرەو دوا قۆناغی سەربەخۆیی و ئارامی ببات و داوا دەكەم دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار