بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەنجاودووەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول_دا

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان
پێشمەرگە قارەمان و سەرمەشقەكانی شۆڕشی ئەیلول
هەڤاڵان و دۆستان و جەماوەری دڵسۆزی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەمڕۆ پەنجا و دوو ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی نەتەوەی كورد، شۆڕی شكۆداری ئەیلولدا تێدەپەڕێت، ئەو شۆڕشە سەرتاسەرییەی بە رابەرایەتی باوكی كورد مستەفا بارزانی نەمر و پێشڕەوایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە پشتی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان هەڵگیرسا. ئەو شۆڕشەی دوژمنانی ناچار كرد دان بە بوون و سەرەتای مافە نەتەوەییەكانی كورددا بنێن و هەر ئەو دانپێدانانەش بووە بەردی پتەوی بناغەی هەموو ئەو دەسكەوت و سەركەوتنە نەتەوەییانەی دواتر بە دەست هاتن و ئێستا گەلەكەمان بەرهەمەكەی دەچنێتەوە و لە ئاسۆیەكی رونتریش دەڕوانێت.
شۆڕشی ئەیلول بە پێشڕەوایەتی پارتی توانی خەڵكی كوردستان بە جیاوازی شار و گوند و تیرە و تایفە و ناوچەو نەتەوەو ئایین و ئایینزاوە، بە ژن و پیاوەوە، بە رۆشنبیر و شارستان و بە گوندنشین و هەژار و رەنجدەرانەوە، تێكڕا لە دەوری یەك سەركردایەتی و یەك ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی كۆبكاتەوە و، هەوڵ و خەباتی ئازادیخوازان لە پەرت و بڵاوییەوە بەرەو یەك ئامانجی ئاراستە بكات، توانی لە هەمان كاتدا شۆڕشێكی كۆمەڵایەتیش بێت و ئینتیمای لابەلا و لاوەكی تاكی كورد بۆ ئاستی هۆشیاری بەرزی نەتەوەیی و ئینتیما بۆ نیشتمان و نەتەوە بەرزبكاتەوە، هاوكاتیش ببێتە بزاڤێكی عەدالەتخواز و پێشكەوتنخوازی كۆمەڵایەتی و پاشەكشە بە داب و نەریتی كۆن و بەسەرچوو بكات و لە جێی ئەوان بەها بەرز و نوێیەكانی شۆڕشگێڕی و پێشكەوتنخوازی بڵاوبكاتەوە. بەشداری و كاریگەریی جوتیار و پاڵە و خوێندەوار و ئافرەتانی كورد لەو شۆڕشە كوردستانییە سەرتاسەرییەدا، گیانفیدایی لاوێكی گەرمیانی لە زاخۆ و لاوێكی زاخۆیی لە گەرمیان لە ئاماژە مانادارەكانی ئەو شۆڕشە بوون كە چ گیانێكی نوێی بەبەری خەڵكی كوردستاندا كرد و چ باوەڕێكی نوێی هێنایە ئاراوە.
شۆڕی ئەیلول بە پێشڕەوایەتی پارتیمان خەڵكی لەو غەدر و ستەمە بەئاگاهێنا كە لە نەتەوەی كورد كراوەو بێبەشكراوە لە مافی چارەنووس، داخوازییە رەواكانی كوردی لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی سیاسی هاوچەرخ و رون و دیاریكراودا داڕشت و لە پێناوی خەبات بۆ ئەم بەرنامەیەشدا هۆشیارییەكی نەتەوەیی ئەوتۆی لە نێو گەلی كوردستاندا بڵاوكردەوە كە لە ئامادەیی بۆ شەڕی شۆڕشگێڕانەی چەكداریی یازدەی ئەیلولدا گەیشتە ترۆپكی مقاوەمەت و گیانبازی.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەو پێیەی پارتێكی سیاسی بەرچاو روون و خاوەن بەرنامە پێشڕەوایەتی دەكرد، ئەگەرچی دوا ئامانجی رزگاریی نیشتمانی و سەربەخۆیی كوردستان بوو، بەڵام هەمیشە ئامانج و دروشمە كاتییەكانی، قۆناغ بە قۆناغ و واقیعبینانە بوون و مایەی بەدیهاتن بوون، ئامانجەكانی شۆڕش پێبەپێی پێگەیشتنی هەل و مەرج و بەهێزبوونی توانا خودییەكانی خەڵكی كوردستان هەڵدەكشا، هەربۆیەش توانی ئامانجەكەی بەدیبێنێت و لە یازدەی ئازاری حەفتادا داگیركەر ناچار بە پەسەندكردنی بەڵگەنامەیەكی مێژووی بكات كە بوون و مافەكانی كورد دەسەلمێنێ و هەر ئەوەش بووە بنەما بۆ دەسكەوتەكانی داهاتوو.
ئەیلول شۆڕشێكی چەكدار بوو، بەڵام بە حیكمەتی بارزانی نەمر و پارتی هیچ دەرفەتێكی دانوستان و بە ئاشتی چارەسەربوونی دۆزی كوردی رەتنەكردەوەو، ئەمڕۆش كە چارەی ئاشتیانە بۆ دۆزی كورد بۆتە ستراتیج،هەر لە ئیلهامی ئەو شۆڕشە مەزنەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەمڕۆی كوردستان بە هەموو دەسكەوتە نەتەوەییەكانەوە، بە ئازادی و حومكڕانییەوە، بە پێشكەوتنی دۆزی كورد و گەشەسەندن و ئاوەدانبونەوەی كوردستانەوە، بە هەڵكشانی داوا رەواكانی كورد تا ئومێدی ئیستیقلال، بەرهەمی ئەو شۆڕشە مەزنە و ئەو گیانی بەرگری و مقاوەمەتەیە كە شۆڕشی ئەیلول و پارتی و بارزانی لە دڵی كورددا چاندییان . ئەو گیانە شۆڕشگێڕانەیەو ئەو بڵێسەی باوەڕبەخۆبوونەی كە دانەمركایەوەو نەسرەوت و بەردەوام بوو، تا كوردی بەم ئازادی و سەرفرازییە گەیاند.
ئێمەی رێبوارانی رێبازی بارزانی، هەڵگیرسێنەرانی شۆڕشی ئەیلول، ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ یادی ئەو شۆڕشە مەزنە و هاوزەمان لەگەڵ یادی سەدو دە ساڵەی بە دونیاهاتنی باوكی كورد بارزانی نەمر، بە هەمان ژمارەی پڕشانازی (سەدو دەوە) بە هەمان گۆڕو تینەوە و بەپشتیوانی خوا و گەلی خەباتكار و قوربانیدەری كوردستان، بە هەمان باوەڕی نەگۆڕەوە لە مەیدانین تا جارێكی دیكە بە متمانەی جەماوەر، درێژە بە خزمەتكاری بدەین تا گەلی كوردستانی شایستە و نەتەوەی كوردی دلێر بە یەكجاری بە ترۆپك و دوا ئامانج دەگەن. تا دەسكەوتووە بەدیهاتووەكان زیاتر و زیاتر دەبن و ئەزمونی دیموكراتی و نمونەی پێكەوە ژیان و حوكمی یاسا و سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەگەنە ئەو ئاستە بڵندەی كە گەلەگەمان شایستەیەتی و لە لە یازدەی ئەیلولی شەست و یەكەوە قوربانی بۆ دەدات .
- لە یادی شۆڕشی ئەیلولی مەزندا سڵاو و درود بۆ گیانی پێشەوا و رابەری شۆڕش مستەفا بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد.
- سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەیلول و خانەوادە و بنەماڵە سەربەرزەكانیان.
- سڵاو لە وورەی پۆڵایینی پێشمەرگە گیانفیدا و قارەمانەكانی ئەیلول.
- سڵاو لە خەڵكی كۆڵنەدەری كوردستان
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11ی ئەیلولی 2013




