سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە سەرۆكی گرووپی پارێزەرانی كەیسی هەڵەبجە كرد
ئەمرۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەددین فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە گاڤریێل مارینو سەرۆكی گرووپی پارێزەرانی كەیسی هەڵەبجە دژی كۆمپانیاكانی كە چەكی كیمیایی یان دروست كردووە و سامی جەلال سەرۆكی گرووپی دادوەری كوردستانی كرد.
لە دانیشتنێكدا فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی وێرای زۆر بە گەرمی بەخێرهێنانیان تیشكی خستە سەر بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی لە لایەن رژێمی بەعسی گۆربەگۆر دژی خەڵكی كوردستان و ئەو دەردو مەینەتییەی كە لە مێژوودا بەسەر گەلی كوردستاندا هاتیە و
لەم بوارەدا میرانی تەئكیدی كرد كە تەنیا لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە چەند كاتژمێرك بە هەزاران لە دانیشتوانی بونە قوربانی چەكی كیمیایی كە هەروەها لە ناوچە جیاجیا كانی تری كوردستان بەكارهێنراوە.
دیسان میرانی دووپاتی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە دوایی كارەساتی هەڵەبجە لەكار كردندایە بۆ بەجینوساید ناساندنی كەیسی هەڵەبجەو ئەنفالی رەش و داوای قەرەبوو كردنەوەی كەس و كاری قوربانیەكانی دەكات.
هەروەها فازل میرانی ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كوردستان ستایشی رۆلی هەر كەسێك و لایەنێك دەكات كە یارمەتیدەر بێت بۆ سەركەوتنی كەیسی هەلەبجەو ئەنفال و ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دەربری بۆ پشتگیری كردن وپێشكەشكردنی هەر هاوكاریەك بۆ ئەم گرووپانەو پاڵپشتیان دەكات بە هەموو هێزو توانایەوە.
لە لای خۆیەوە گاڤریێل مارینو سەرۆكی گرووپی پارێزەرانی كەیسی هەڵەبجە سوپاسی مەكتەبی سیاسی كرد بۆ رەخساندنی ئەم دیدارەو خۆی بە دۆستی گەلی كوردستان ناساندو ئاماژەی بەوەدا كە رژێمی سەدام حوسینی گۆربەگۆر بە بێ یارمەتیدانی كۆمپانیەكانی درۆستكردنی چەكی كیمیایی توانایی بەكار هێنانی ئەم چەكانەی نەدەبوو وئێمە خەبات دەكەین بۆ ناساندن و رەسواكردنی ئەم كۆمپانیانە و تا جارەكی تر هیچ گەلێك تووشی كارەساتی جەرگ بڕی لەوجۆرە بە چەكی كیمیایی نەبێت و تێكۆشانمان بەردەوامە تا گەیشتن بە ئامانجەكەمان، هەروەها تەئكیدی كرد كە ئاسەواری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ساڵها دەمێنێتەوە و كاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر خەڵكی ئەو ناوچانەی كە چەكی كیمیایی لێی بەكار هاتووە.




