فازل میرانی: پارتی یەكەمین قوتابخانەی كوردایەتییە و مێژوویەكی دەوڵەمەندی هەیە

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانەی بەرنامەی كەوانەی سوور كە لە كەناڵی ڕووداوەوە پێشكەش دەكرێت، تیشكی خستەسەر پرسی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیار وایە لە 21ی مانگی ئەیلوول بەڕێوە بچێت و ئاماژەی بەوەدا پارتی بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ئامادەیە و دووپاتیشیكردەوە ئەگەر هەر جیاوازییەك لە بیرو ڕا لەگەڵ یەكێتی هەبێت پارتی بەدیلی یەكێتی نییە و هیوایشی خواست پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ هیچ گرفتێك تێبپەڕێت و هەموو لایەنە سیاسییەكان بیریان لەوە بێت كە ئەوان كوردن و خەڵكی خاكی كوردستانن بەر لەوەی ئەندامی ئەم لیست یان ئەو لیستە بن.
دواخستنی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لەلایەن پارتیەوە
فازڵ میرانی روونیكردەوە دواخستنی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ناساندنی كاندیدەكانی پەیوەندیی بە دوودڵیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بوو و هیچ پەیوەندییەكی بە مێژووی 31ی ئابەوە نییە و ئاماژەی بەوەشدا پارتی خۆی بۆ رۆژی 2ی ئەیلوول ئامادەكردووە و نەیویست پلانەكەی تێكبدات بەڵكو دەیەوێ بە كەمترین كەموكوڕی باشترین هەڵمەت بەڕێوە ببات، میرانی نیشانیدا مەسەلەی سوربوونی پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی یاسایی خۆیدا پەیڕەوی كردنی كوردستانە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرۆكی كوردستان وادەكەی دیاریكرد و پارتیش پلانی خۆی بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ 2ی ئەیلوول هەڵگرت و دووپاتیكردەوە پارتی هیچ كاتێك لەوە ناترسێت كە مەسەلەی مێژووی شەڕی نێوخۆیی لە دژیدا بەكاربێت و ئاماژەی بە وەڵامی مەلا بەختیار دایەوە كاتێك گوتبووی هەریەكێك لە پارتی و یەكێتی هەڵەی خۆی و ڕۆڵی خۆی لە قۆناغەكانی ڕابردوودا هەبووە، ئاماژەی بەوەشدا خەڵكی كوردستان لەوە ئازادە خەڵكانێك لە دژی شەڕی ناوخۆ كەمپین ئەنجامبدەن و پارتی هیچ كاتێك پێیەوە قەڵس نابێت و ئەوەیشی خستەڕوو پارتی خۆی بێ منەت نیشان نەداوە بەڵكو دەیەوێ گەلی كوردستان خۆی بێ منەت بێت و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان كرد بە بۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەشدا پارتی یەكەمین قوتابخانەی نەتەوایەتییە و یەكەمین شۆڕشی نەتەوەیی دەستپێكردووە و سەر هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە و مێژووێكی دەوڵەمەندی هەیە و جاران و ئێستای كوردستان و هەموو جیهان جیاوازیی هەیە و لەو هەموو قۆناغانەشدا پارتی هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە و ئەوانەش كە مێژووی پارتی لە دژی ئەو بەكار دێنن ئەوانیش دەرچووی ئەو قوتابخانەیەن و مێژووێكیان تیادا هەبووە جا ئەگەر لێی پەشیمانن ئەوە كەیفی خۆیانە، دووپاتیشیكردەوە پارتی شانازی بەوەدەكات كە ڕێبازی بارزانیی نەمر وایكرد كورد لە زاخۆ تا خانەقین ببێتە یەك میللەت و یەك دەنگ و یەك شێواز و یەك خەبات بۆ یەك ئامانج هیوایشی خواست ئێستاش ئەو شتە بێتە دی.
پارتی تاكتیكی خۆی هەیە
میرانی ئەوەی نیشاندا هەر حزبێك لە دنیا بە پارتیشەوە هەریەكە و تاكتیكی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردن و نیشانیدا پارتی بەرنامەیەكی پوختی بۆ هەڵبژاردن هەیە و نیشانیدا پارتی بەپێشی كات و رووداوەكان ناكەوێت و جەوهەری پلانی هەڵبژاردنی پارتیش لەسەر بنەمای رابردوو و ئێستا و ئایندەیە . لەبارەی هەڵبژاردنی هەڤاڵ جەمال مورتكە بە سەرۆكی لیستی پارتی لە هەڵبژاردن سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی نیشاندا هەڵبژاردنی هەڤاڵ جەمال لەسەر بنەمای خەباتی بووە لەریزی شۆڕشی كوردستان نەوەكو لەشەڕی ناوخۆ كە هیچ كەسێك بە پارتی و بە خودی كاك جەمالیشەوە شانازیی پێوە ناكەن ئەوەیشی ڕەتكردەوە هیچ ناكۆكییەك لە نێوان خۆی و هەڤاڵ جەمال هەبێت و لەمبارەیەوە گوتی: سەرەتا بڕیاربوو نێچیرڤان بارزانی ببێتە سەرۆك لیست، دواتر منیان پێشنیازكرد، بەڵام دواتر بەهۆی ئەتەكێتی سیاسییەوە كاتێك بینیمان هیچ حزبێك كەسی یەكەم و دووەم و سێیەمی بۆ هەڵبژاردن وەكو سەرۆكی لیست دانەنا ئێمەش هەڤاڵ جەمالمان هەڵبژارد، هەڤاڵ جەمال یەكێكە لە هێماكانی خەباتی شۆڕشگێڕی پارتی و كوردستان بەگشتی بەڵێ ئێستا ئەو لەسەر كورسی دانیشتووە و توانای جووڵەی نییە، بەڵام بۆ ئێمە ڕەمزە و مەرجیش نیە بچێتە پەرلەمان، زۆر لە حزبەكانی دونیا ئەو كەسانەیان دەكەنە هێمایەك بۆ ئەوەی دووپاتی ئەوە بكرێتەوە حزب گرنگی بە كەسانێك دەدات كە شەهیدی زیندوون و ئێمەش رێز لە كەسانی وا لە نێو ریزی پارتیماندا دەگرین، ئەوە دیدی ئێمەیە و خەڵكانێك چۆن بیری لێ دەكەنەوە ئازادن، لەوانەشە ئەگەر مام جەلال سەرۆكی لیستی یەكێتی ببوایە كاك نێچیرڤان خۆیشی دەبووە سەرۆكی لیستی پارتی وەكو ڕێز و هاوسەنگییەك بۆ بەڕێزیان و ئێمەش لە مەرجەعیەتی خۆمانەوە ئەو بڕیارەمان پێگەیشت و لەوانەشە ئەگەر جەنابی مام جەلال ببوایە سەرۆكی لیست ئەوا كاك نێچیرڤان دەبووە سەرۆكی لیستی پارتی. مەرجیش نییە كاك جەمال ببێتە ئەندامی پەرلەمان بەڵام كاك جەمال هێمای پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕییە و ڕێزگرتن لەو كەسانە ڕێزگرتن لە ڕابردووی خۆمانە ئەمەش دیدی حزبی ئێمەیە و خەڵكی دیكە چۆن بیر دەكاتەوە ئازادە.
لەبەرچی مام جەلال نەبووە سەرۆكی لیست
میرانی ئەوەی دووپاتكردەوە لەبەر ئەوەی بەڕێز مام جەلال نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیە و ئێستا ناتوانێت خەبات بكات باشتر وابوو بەڕێزیان وەكو سەرۆكی لیست دەستنیشان نەكرێت و گوتی: ئێمە بە برادەرانی یەكێتیمان گوت دانانی بەڕێز مام جەلال وەكو سەرۆكی لیست ئێستا شتێكی مەنتیقی نییە و ئەوانیش قەناعەتیان بە قسەكانی ئێمە هێنا. پارتی چەند كورسی دێنێت؟
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەوەی نیشاندا هێشتا زووە باس لەوە بكرێت پارتی یان هەر حزبێك چەند كورسی دێنێت و ئاماژەی بەوەدا هەر كەسێك ڕێز لە حزبی خۆی بگرێت دەستنیشانی ژمارە ناكات بەڵكو كار بە شێوەیەكی باش و پاك و دیموكراتیانە دەكات بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و لە دواییشدا هەمووان خاوەنی كورسیی زۆر و كەم خۆیان بە براوە و دۆڕاو نەزانن بەڵكو باسی سەرخستنی پرۆسەكە بكەن، بەڵێ ئێمە وەكو پارتی تمووحمان زۆرە بەڵام گەورەترین ویستی ئێمە ئەوەیە وەكو كوردستانی پرۆسەكە سەربكەوێت و حیسابی ئەوە بكەین ئەو كورسیانە بۆ چەسپاندنی دەستكەوتە بۆ گەل و نیشتیمان و ئەمەش لە سەوابیتەكانە لای پارتی و سەرۆك بارزانی، هەڵبژاردنیش یەكێكە لە سیفەتەكانی دیموكراسییەت بە مەرجێك كەسانێكی دیموكرات ناس بەڕێوەی ببەن، هەڵبژاردن لە كوردستان دیموكراسییە و ئێمەش تا ڕادەیەك لە دیموكراسییەت نزیكین و هیوای ئەوە دەخوازین خەڵكانێكی دیموكرات بەڕێوەی ببەن و دوا بڕیاریش بۆ میللەتە بەتایبەتی لەبارەی پارتی كە ڕابردوو و ئێستای دەزانێت و هیوای زۆری بۆ ئایندە پێ هەیە و پارتی حزبی كورد و كوردستانە.
تۆمەتباركردنی پارتی بە ساختەكاری
فازڵ میرانی ئەوەی نیشاندا هەر كەسێك پارتی بە ساختەكاری تۆمەتبار دەكات با بەڵگە بهێنێت و نیشانیدا مەسەلەی هێشتنەوەی ناوی مردوان هەڵەیەك بوو خەڵكانێك كەوتنە ناوی نیشانیشیدا ئیشی كۆمیسیۆن نییە و ئیشی پارتەكانیش نییە ناوی مردوان بسڕنەوە بەڵكو كاری وەزارەتە پەیوەندارەكانە ئەمەشی بە كۆستێك دانا بۆ هەڵبژاردن كە كۆمیسیۆن نەچووە بن باڵی ئەو شتە و ئەوەشی ڕەتكردەوە مەسەلەكە خۆ دزینەوە بێت لە هەڵبژاردن و گوتی : هەر ناوەندێكی هەڵبژاردن چەند چاودێرێكی هەیە و ماقووڵ نییە كەسانێك نەپرسن ئەم ناوانە بۆ زیادكراون و خاوەنی ناسنامەكە نەهاتووە دەنگ بدات؟ئەم قسانە زۆر جاران تەنها بۆ ململانێی هەڵبژاردنە و مەسەلەكە لە قەبارەی خۆی زیاتری پێدا و دەمانتوانی ساڵێك لەمەوبەر ئەو كارە بكەین نەوەكو لە گەرماوگەرمی ڕاگەیاندنی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن و ئەمەش غەدرێك بوو لە پارتی كە سەری نەگرت و هیوادارین وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە تەواوی لەمبارەیەوە ڕوونكردنەوەیان هەبێت.
دوای هەڵبژاردن
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا ئەنجامی هەڵبژاردن ئەگەر هەر گۆڕانكارییەك لە دوای خۆیدا بهێنێتە دی بەڵام بناغەی سیاسی هەرێمی كوردستان وەكو خۆی دەمێنێتەوە و دووپاتیكردەوە پارتی هیچ كاتێك باسی بەدیلی یەكێتی ناكات و تائێستاش پارتی پێی باشە لیستە براوەكان بەشداری حكوومەت بكەن و بێگومان لیستی گەورەتر مافی سەرۆكایەتی حكوومەتی هەیە بە تەوافوقی سیاسی و گوتی: ڕێككەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ برایانی یەكێتی هەر ماوە و تائێستاش بەدیلی پارتی بۆ یەكێتی هەر یەكێتییە تا ئەوان حەز دەكەن و ئەمەش بڕیار و ویستی خودی پارتییە و ئەم رێككەوتنە بە دابەزینی پارتی و یەكێتی بە جیا تێك ناچێت چونكە ڕێككەوتنەكە تەنها بۆ هەڵبژاردن نییە بەڵكو قوڵاییەكەی كە جەنابی مام جەلال و سەرۆك بارزانی ئیمزایان كردووە بۆ پاراستنی ئەمنی ئەهلی و ئاشتی كۆمەڵایەتیە كە پارتی و یەكێتی بناغەكەین و ئەگەر هات و برایانی دیكە و حزبی دیكەش ویستیان بێنە نێو رێككەوتنی ستراتیژی یان بێنە نێو حكوومەت ئێمە ئامادەین بەڵام بە مەرجێك ئەم رێككەوتنە نەبێتە بەدیلی پەرلەمان و وەكو بەرەی كوردستانی لێ نەیەت كە لە جیاتی پەرلەمان بڕیار بدات ومن باوەڕناكەم گۆڕان كورسی زیاتر بهێنێت بەڵكو ئێستاش لەو قەناعەتە دام یەكێتی كورسی لە گۆڕان زیاتر دەبێت و هەمیشەش سەرۆك بارزانی ئەو پرەنسیپە دووپات دەكاتەوە و ئێمەش پێشوازی لە قسەكانی بەڕێز نەوشیروان مستەفا دێنین و پێشموانییە تا هەتایە ئەوان لە ئۆپۆزیسیۆن بن.
یەكێتی بەجێناهێڵین
میرانی دووپاتیكردەوە لە ئەخلاقیاتی پارتیدا نییە هەڤاڵانی خۆی و هاوبەشانی بەجێبهێڵێت و گوتی : من دووپاتیدەكەمەوە ئێمە و یەكێتی كە مێژووێكی هاوبەشمان لە دروستكردنی ئەم ئەزموونە هەیە بەیەكەوە خەبات بۆ گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ بارودۆخێكی باشتر دەكەین و ڕێككەوتنەكەمان دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەردەوام دەبێت تا بارودۆخی كوردستان بەرەو قۆناغێكی باشتر دەڕوات، ئێمە یەكێتی بەجێ ناهێڵین و ئەگەر مەرجی خەڵكی دیكە ئەوە بێت یەكێتی بەجێبهێڵین و لەگەڵ خەڵكی دیكە ڕێككەوتن بكەین ئەوە مەحاڵە قبووڵ بكرێـت وئێستا لە غیابی مام جەلال ئەخلاقیاتی پارتی ئەوە قبووڵ ناكات و دووپاتیدەكەمەوە یەكێتی مقەویماتی سەركەوتنی بەسەر گۆڕان هەیە. و بڕیاری بە ئۆپۆزیسیۆن كردنی یەكێتی لە مووسڵ بڕیارێكی بە پەلە بوو، یەكێتی دەتوانێت گلەیی لە پارتی بكات چونكە بوونی یەكێتی بە ئۆپۆزیسیۆن واتای ئەوەیە لەگەڵ دڵدار زێباری و غانم بەصۆ و ئەوانی دیكە ڕێككەوتن بكەن كە لەدژی رێككەوتنی ستراتیژیە، بۆ زانیاریشتان ئێمە پۆستی قایمقامی مەركەزمان دا بە یەكێتی هەروەها سەرۆكایەتیی سێ لیژنە درایە یەكێتی و بەشێك لە برادەرانی یەكێتی بەوە ڕازی نەبوون و پەلەیان كرد بەڵام ئێستاش دەرگا كراوەیە وبە دیدی من نابێ یەكێتی لەوێ ئۆپۆزیسیۆن بێت و هیچ كاتێكیش ئێمە ناچینە خانەی تۆڵە سەندنەوە.
غیابی مام جەلال
سكرتێری مەكتەبی سیاسی نەیشاردەوە غیابی مام جەلال لە سیاسەتی عیراق و كوردستان و لەنێو سیاسەتی خودی یەكێتیشدا بەڕوونی دیارە و ئەوانەی ئەمڕۆ لە سەركردایەتیی ئەم حزبەن پێشمەرگە بوونە و خەباتی ئاشكرا و نهێنییان كردووە و ئەوان شارەزایی باشیان لە خەبات هەیە و گوتی: هیچ كەسێك لەو دونیایەدا نابێتە مام جەلال و تەنانەت سەركردەكانی دیكەی وەكو بارزانی و عەرەفات و عەبدولناسر پەیدا نەبوونە و ئەگەر وا بوایە دەبوایە دوای وەفاتی مەلا مستەفا پارتی نەدەما.
پارتی لە سلێمانی
میرانی ئەوەی دووپاتكردەوە دوای شەڕی ناوخۆ نەوەیەك لە سلێمانی پەیدا بوو كە نەیدەزانی پارتی و شۆڕشی ئەیلوول چیە و تەنانەت فێری دژایەتیكردنی شۆڕش دەكرا و سەركردەكانی ئەم شۆڕشە لەوێ تیرۆر دەكران، و نیشانیدا لە سلێمانی پارتی 27-28٪ی هێنا و ئاماژەی بەوەشدا دوای ڕێككەوتنی ستراتیژی ئێستا پارتی ئومێدی زۆری بەوە هەیە پارتی دەنگی باش لە سلێمانی بهێنێت و ئەو گلەییانەشی ڕەتكردەوە گوایە خەڵكی سلێمانی لەنێو لیستی پارتیدا نییە بەڵكو خەڵكی پارێزگای سلێمانی بە گوند و ناحیە و شار و ناوەندەوە هەر خەڵكی سلێمانین و نیشانیدا پارتی تمووحی ئەوەی هەیە دوو بەرابەری دەنگەكانی ڕابردوو بهێنێت بەتایبەتی لە سلێمانی و دووپاتیكردەوە خەڵكانێكی زۆری سلێمانی كە پارتیش نین بەڵام دەنگ بە پارتی دەدەن و هۆكارەكەشی بۆ سەوابیتی نەتەوەیی پارتی و سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا پارتی دەیەوێ سەنگی خۆی بە شێوەیەكی ماقووڵ بگەڕێنێتەوە.
پارتی لە دهۆك
سكرتێری مەكتەبی سیاسی دووپاتیكردەوە پارتی پارێزەری فرەلایەنییە و لە وجوودی هیچ كەسێك ناترسێت بە تایبەتی لە دهۆك و لە جەماوەریی حزبە ئیسلامییەكان و نیشانیدا تا ئەوان بە مەسەلەی نەتەوایەتی و پێكەوەژیان هەبێت ئەوا لێیان ناترسیت و گوتی : ئێمە كوردین و كوردستانین و هاوبەشییەكانمان لە جیاوازییەكانمان زیاترن و دەتوانین ئەو هاوبەشییانە بكەینە بنەمایەك بۆ لەیەك نزیكبوونەوەمان و بە تەسەوری من پێویستە هەموولایەكمان هەوڵی ئەوە بدەین شەڕ ڕوونەدات بەتایبەتی لە بابەتی ئەوەی لە زاخۆ ڕوویدا چونكە هەردوولایەنی پارتی و یەكگرتوو كەوتنە هەڵە.
دوا نەخستنی هەڵبژاردن
میراتی لە كۆتاییدا نیشانیدا پارتی لەسەر وادەی هەڵبژاردن مكوڕ بوو چونكە ئەگەر وای نەكردبوایە دەبوایە دیسان تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێت، نیشانیدا بۆچوونێك هەبوو بەوەی هەڵبژاردن بەهیچ شێوەیەك نەكرێت و پارتیش بەرژەوەندیی خەڵك لەلای ئەو پلە یەكە بەتایبەتی بە بوونی كوشتن و بڕین و ناسەقامگیری لە دەورووبەری كوردستان و كوردستانیش ئاوا سەقامگیرە.




