سكرتێری مهكتهبی سیاسی پێشوازی له مهتران بشار متی ورده كرد

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدین فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە مەتران (بشار متی وردە) مەترانی ئەبارشیەتی كلدانی لە هەولێر و شاندی یاوەری كرد.
لە دانیشتنێكدا فازل میرانی وێڕای زۆر بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان پوختەیەك لەسەر بارودۆخی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان و خۆئامادەكردنی هێزو قەبارە سیاسیەكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە 21/9/2013 ئەنجام بدرێت خستەروو.
هەروەها میرانی ئاماژەی بەوەدا كە بیرۆكەی دیموكراتیەت پرۆسەیەكە پێویستی بە پێشەوەچوون و تێگەیشتن هەیەو پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە رۆژی دامەزراندنی دیموكراتیەت و مافی مرۆڤ و مافی هەموو نەتەوەكان لە پەیرەو و پرۆگرامی پارتی دا جیگیر بووەو پراكتیكیان كردووە.
دیسان میرانی دوپاتی كرد كە رێزگرتن و بەرگری كردن لە نەتەوەكانی كوردستان لە قوتابخانەی بارزانی نەمر فێربووینەو بووەتە میراتێك بۆ سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
هەروەها میرانی دوپاتی كرد كە سەركردایەتی سیاسی پارتی ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی هەر هاوكارییەك بۆ ئەبراشیەی كلدانی لە هەولێر.
لە لای خۆیەوە مەتران (بشار متی وردە) مەترانی ئەبراشیەی كلدانی لە هەولێر وێرای سوپاسی م. س پارتی بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی پارتی كرد بۆ سەقامگیری ئەمنی و ئاسایش و قوڵ تر كردنی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان.
هەروەها ئاماژەی بە ئەوەدا كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی باش و سەركەوتووی پێكەوە ژیانی ئایین و ئایینزاكان و تەنیا جێگایە لە عێراق كە ئایینەكانی تر دەتوانێ بە ئازادی و سەربەستی بژین و رێورەسمی ئایینی خۆیان بەجێ بگەیەنن.




