بۆ توركیا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە دەست دا؟
لەڤەنت گۆلتەكین
دەسەڵاتی ئاكەپە بە هۆی ئەوە سیاسەتانەی كە لە سێ ساڵەی یەكەمی دەسەڵاتی خۆیدا پەیڕەوی كردن لە تەنیا لە ناوخۆی توركیا بەڵكو لە نێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تۆزێك توانی جێگایەك بۆ خۆی بكاتەوە. بە تایبەتی سیاسەتی ئاكەپە لە بەرابمەر وڵاتانی عەرەبی دەراوسێ توركیا بوو بە هۆكاری زۆرتر نزیك بوونەوەی ئەو وڵاتانە لە توركیا و بۆ سەرمایەی عەرەبیش توركیا ببوو ناوەندێكی زۆر باش و سەرنجڕاكێش و ئەو گەشتیارە عەرەبانە كە سەردانی وڵاتانی رۆژئاواییان دەكرد، مەسیری خۆیانیان گۆڕا و دەستیان بە سەردانی توركیا كرد. بە گشتی توركیا بۆ وڵاتانی عەرەبی دەراوسێ توركیا و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببوو ناوەندێكی دڵگیر. عەرەبەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی ئەم سیاسەتانەی ئاكەپەدا وردە وردە دەستیان بە كڕین ماڵ و مڵك لە توركیا كرد و پێشووی هاوینی خۆیانیان لە توركیا تێدەپەڕاند. بێگۆمان ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر باش بوو بۆ توركیا بەڵام بەداخەوە كە بە هۆی سیاسەتی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئاكەپەیەوە دەبینین كە رەوتی رووداو و پێشهاتەكان گۆڕاوە و توركیا وەكو رابردوو ناوەندێكی دڵگیر نییە بۆ وڵاتانی عەرەبی. هاووڵاتییە عەرەبەكان وردە وردە دەستیان بە دەر كردنی سەرمایەی خۆیان لە توركیا كردووە و ئەو ماڵ و مڵكانەی كە پێشتر كڕیبوویان دەستیان بە فرۆشتنیان كردووە و رێژەی ئەو گەشتیارە عەرەبانە كە ساڵانە سەردانی توركیا دەكەن دابەزینێكی یەكجار زۆری بە خۆیەوە بینیوە. ئایا هۆكاری ئەم هەموو گۆڕانكارییانە چییە؟ ئایا دەسەڵاتی ئاكەپە كە وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ سەر رێبازێكی كڵاسیك نایەوێ كە توركیا ببێتە ناوەندێك بۆ راكێشانی سەرنجی عەرەبەكان؟
ئەو سەردەمانەی كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان داوای لە ئەخەوانەكانی میسر دەكرد كە سیاسەتێكی سكۆلار و سەردەمییانە پەیڕەو بكەن، سەردەمێك بوو كە پەیوەندی نێوان توركیا و عەرەبەكان لە ئاستی هەرە بەهێزی خۆیدا بوو. بەڵام ئێستە بە هۆی گۆڕانكارییەكانی نێو سیاسەتی ئاكەپە و نزیك بوونەوەی ئاكەپە لە سیاسەتێكی موحافێزەكاری دینییەوە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و وڵاتانی عەرەبیش وردە وردە روویان لە لاواز بوون كردووە. بێگۆمان ئەم لاواز بوونە تەنیا لە بواری پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵات یا سیستەمە سیاسییەكاندا نییە بەڵكو گەلانی عەرەبیش وردە وردە لە گەلی توركیا دوور دەكەونەوە.
بۆ ئەوەی باش بزانم كە ئایا بە راستی گەلانی عەرەب وردە وردە لە توركیا و گەلی تورك خۆیان دوور دەخەنەوە سەردانی یەكێك لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەكەم كرد. ئەوەی من لەم سەردانەدا بینیم باوەر ناكەم دەسەڵاتی موحافێزەكاری ئاكەپە بتوانێت خەیاڵی بكات.
چونكە عەرەبەكان توركیایەكیان دەوێ كە دیموكرات، ئازادیخواز بێت و تیادا مسڵمانیەتی سەردەمییانە هەبێت نە مسڵمانیەتی و ئائینداری كڵاسێك. وكو چون لە رابردوودا باوباپیرانمان هەر نووسراوێكی عەرەبییان دەدۆزییەوە وایان دەزانی قورئانە و ماچیان دەكرد و هەڵیان دەگرت، برایانی موحافێزەكاری ئاكەپەیش وا دەزانن كە هەر عەرەبێك مسڵمان ئیسلامییە. ئەمە لە كاتێكدایە كە شتێكی بەمجۆرە لە وڵاتانی عەرەبیدا هەبوونی نییە. دەسەڵاتی ئاكەپە وا بیر دەكاتەوە كە زۆربەی هەرە زۆری پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عەرەبی شەیدای ژیانێكی ئاینی و مسڵمانگەری موحافێزەكارن بۆیە وای دەزانی كە ئەگەر دەست بە پەیڕەو كردنی سیاسەتی موحافێزەكاری ئاینی بكات ئەوا زیاتر دەتوانێت سەرنجی كۆمەڵگەی عەرەبی بۆ لای خۆی رابكێشێت. بەڵام ئایا راستی بەمجۆرەیە؟
لە بیرم ناچێت كە لە دوبەی كۆمپانیایەكی توركی بروشۆر و كاتالۆگەكانی خۆی بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاو دەكردەوە و هیچ هاووڵاتییەكی عەرەبی ئەو وڵاتە سەیری ئەو كاتالۆگانەی نەدەكرد چونكە بە زمانی ئینگلیزی چاپی نەكردبوون. لە چەندین وڵاتی عەرەبی وەكو دوبەی، كوەیت و قەتەردا مەرجێك هەیە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانت و ئەو مەرجەیش ئەوەیە كە دەبێت كاتالۆگی كۆمپانیاكەت بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاو بكەیەوە. ئەمە نیشانەی شەیدا بوونی عەرەبە بۆ كلتوور و ژیانی رۆژئاوایی. سەیری لەندەن بكەین بووەتە وەكو شارێكی عەرەبی.
ئەو عەرەبانە كە تا ساڵێك بەر لە ئێستە لە نێو كۆڵانەكانی ئەستەنبۆڵدا بوون، ئەمرۆ مەسیری خۆیانیان گۆڕاوە و روویان لە لەندەن و چەندین شاری دیكەی رۆژئاوایی كردووە. بۆیە چەندە توركیا بەرەو ئیسلامی كڵاسیكی بگەڕێتەوە ئەوا ئەو عەرەبانە كە پێمان وایە مسڵمان و ئیسلامین لە توركیا دوور دەكەونەوە. چونكە ئەوان لەم جۆرە ژیانە بێزار بوونە و دەیانەوێ هەناسەیەكی ئاسوودە هەڵمژن. ئەو شتەی بۆ عەرەبەكان گرنگ و خاوەن نرخە ئەوەیە كە لەگەڵ نرخ و پیوانەكانی كلتووری رۆژئاواییدا لە نێو ژیانێكی باش و ئارامدا بن، بۆیە سەرەتا وایان دەزانی كە توركیا وڵاتێكی مسڵمانە بەڵام وڵاتێكی سەردەمییانە و دیموكراتیكە، دواتر كە راستییەكانیان بۆ روون بوونەوە وردە وردە لە توركیا دوور كەوتنەوە. لە كاتێكدا كە دەسەڵاتی ئاكەپە ویستی بە بەكار هێنانی رێباز، زمان و ئاینپەرەستییەكی كڵاسیك خۆی نزیكی كۆمەڵگەی عەرەبی بكاتەوە، كۆمەڵگەی عەرەبی دەستی بە بەكار هێنانی رێبازێكی نوێ سەردەمییانە كرد بۆیە ناكۆكی كەوتە نێوان سیاسەتی توركیا و رێبازی كۆمەڵگەی عەرەبییەوە و ئەمەیش یەكێك لە هۆكاری سەرەكییەكانی لە دەست دانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن توركیاوە.
سەرچاوە. بوگۆن




