سوریا بەرەو سیناریۆی رۆژی قیامەت
سەدات ئەرگین
بە هۆی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە سەرەڕای منداڵەكان ژمارەیەكی یەكجار زۆر هاووڵاتی مەدەنیش بوونە قوربانی و بە هۆی بەكار هێنانی چەكی كیمیاویشەوە فاجعەیەكی یەكجار گەورە رووی داوە و سوریایش بەرەو ئاقار و قەیرانێكەوە دەڕوات كە رزگاربوونی زۆر زەحمەتە .كۆمەڵكوژییە گشتییەكان لە دەورووبەری حەلەب كە لە ژێر كونترۆڵی ئوپوزسیونی سوریادایە رووی داوە و هێزەكانی رژیمیش لەم رۆژانەی دواییدا زۆر بە چڕی دەستیان بە بوردمان و تۆپباران كردنی ئەو ناوچانە كردووە و هەر كەسیش بە هۆی رابردووی رەش و كریارەكانی ئەم داواییەی ئەسەد و رژیمەكەی ئەسەد بە تاوانبار دەزانێت.
بەرپرسانی رژیمی شامیش ئاماژە بەوە دەكەن كە بە هیچ شێوەیەك دەستیان بۆ چەكی كیمیاوی نەبردووە و ئەو چەكانەیش كە بەكار هێنراوان چەكی ئوپوزسیونن. ئەم هێرشە كیمیاوییە دوای ئەوەی پێكهات كە رژیمی ئەسەد رێگای بە وەفدی نەتەوە یەكگرتووەكان دا تا سەردانی ئەو وڵاتە بكات و سەبارەت بە بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لە رابردوودا دەست بە لێكۆڵینەوە بكات. بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێش كە بۆ چی رژیمی ئەسەد لە كاتە ساتێكدا كە وەفدی نەتەوە یەكگرتووەكان هێشتا لە سوریایە و لە سەر بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لێكۆڵینەوە دەكات، دووبارە چەكی كیمیاوی بەكار دەهێنێت؟ لە لایەكی دیكەوە زۆربەی هەرە زۆری چاودێرانی بارودۆخی سوریا پێیان وایە كە لە سەردەمەدا كە رژیمی ئەسەد لە رووی سەربازییەوە توانیویەتی لە بەرامبەر ئوپوزسیونی ئەو وڵاتەدا دەستكەوتی باش بە دەستەوە بهێنێت هیچ پێویستی بە بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی نییە. ئەمە لە كاتێكدایە كە توركیا رازی بووە كە دان بەوەدا بنێت كە رژیمی ئەسەد چەكی كیمیاوی بەكار هێناوە.
بۆ ئاشكرا كردنی راستییەكان و بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەمووی ئەو لێدوانە جیاواز و دژ بە یەكانە ئەركی كۆمەڵگەی جیهانی و رێكخراو و وەفدەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان روون و ئاشكرایە، پێویستە رژیمی ئەسەد ئەگەر بڕوای بە خۆی هەیە و دەڵێت چەكی كیمیاویم بەكار نەهێناوە، زەمینە بۆ سەردانی وەفدی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەو ناوچانە كە دەگوترێت چەكی كیمیاوی تێیایاندا بەكار هاتووە خۆش بكات. دەگوترێت لە نێوان شوێنی مانەوەی وەفدی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەو شوێنانەی كە تێیایاندا چەكی كیمیاوی بەكار هێنراوە تەنیا 15 خۆلەیە، بەڵام رژیمی بەشار ئەسەد و بەرپرسانی رژیمی بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین كە زەمینە بۆ سەردانی ئەو وەفدە خۆش بكات و ئەمەیش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە مرۆڤ بەبێ شك و گومان بڵێت خۆدی رژیم چەكی كیمیاوی بەكار هێناوە. بێگومان رێگە نەدان بە وەفدی نەتەوەیەكگرتووەكان لە لایەن رژیمی ئەسەدەوە دەبێتە هۆكاری زۆرتر بوونی گوشارە نێو نەتەوەییەكان لە سەر ئەو رژیمە.
بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە سەردەمی ئێمەدا تاوانێكی زۆر گەورەیە دژ بە مرۆڤایەتی و نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەم تاوانە و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بەبێ سزا بمێننەوە، بەڵام بێ سزا هێشتنی ئەم جۆرە تاوانانە و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دەبێتە مەترسییەكی یەكجار زۆر لە سەر پاراستنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
پرسیار ئەوەیە كە ئەگەر هاتوو دەركەوت كە رژیمی بەشار ئەسەد چەكی كیمیاوی بەكار هێناوە ئایا كۆمەڵگەی جیهانی لە بەرامبەر بەشار ئەسەددا چە جۆرە رێوەشوێنێك دەگرێتە بەر؟ بەڵام بە هۆی پشتگیری كردنی رووسیا و چین لە رژیمی بەشار ئەسەد زەحمەتە كە نەتەوەیەكگرتووەكان بتوانێت بریارێكی گرنگ و پێویست لە بەرامبەر ئەم مەسەلەیەدا دەر بكات. بەڵام لە بەرامبەردا لێدوانەكانی بەرپرسانی فرانسە و ئەمریكا نیشانەی ئەوەن كە رەنگە لە دژی رژیمی ئەسەد تەڤگەڕێكی نێونەتەوەیی هەبێت و رەنگە بۆردمانێكی زۆر بەرفراوان لە دژی ئەو رژیمە لە داهاتوودا دەست پێ بكرێت. بەڵام بۆ دەستپێكردنی بۆردمان لە سوریا پێویستە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئوباما كە دەیەوێ خۆی لە ئاژاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوور بگرێت، دەست بە گۆڕانكارییەكی زۆر گرنگ لە نێو سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات.
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی سوریا بەهێز بوونی چەندین گرووپی توندڕەوی ئاینی نێو ئوپوزسیونی سوریایە. گرووپە توندڕەوەكانی سەر بە ئەلقاعێدە وەكو بەرەی ئەلنۆسرا كە لە خەڵك و ملیتانی بێگانە پێكهاتوونە وردە وردە لە نێو گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی سوریادا بەهێز بوونە و جێگایان بۆ خۆیان كردووتەوە، بۆیە وڵاتانی رۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریكایش لە بارودۆخی ئەمرۆدا زۆر ویستێكی ئەوەتۆیان نییە كە لە رووی چەك و لوجستیكییەوە هاوكاری ئوپوزسیونی سوریا بكەن. بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لە سوریا لە كاتێكدا دەستی پێكرد كە بەرەی ئەلنۆسرا لە باكووری سوریاوە و لە ناوچە كوردییەكاندا بە مەبەستی جێگر كردنی خۆی دەستی بە شەڕی بەرفراوان لە دژی پەیەدە كردووە و ئەو شەڕا هێشتا هەر بەردەوامە و سەرەڕای كۆژرانی ژمارەیەك زۆر لە هاووڵاتی كورد هاوكات بە هۆی ئەم هێرشانەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە هاووڵاتییانی كورد لە سوریا روویان لە كوردستانی عێراق كردووە.
لە كۆتاییدا سوریا وەكو دەراوسێ توركیا كە لەگەڵ توركیا خاوەن زیاتر لە 900 كیلومیترە سنووری هاوبەشە بووتە گۆڕەپانێك بۆ فەلاكەت و فاجعەی وەحشەتناكی جوراوجۆر لە دژی مرۆڤایەتی و مەزەندە دەكرێت كە لە داهاتوودا ئەم جۆرە فەلاكەتانە بەرفراوانتر بكرن و بەمجۆرە سوریا لە رۆژی قیامەتی خۆی نزیك دەبێتەوە و توركیایش هەوڵ بۆ پاراستنی خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەم رۆژە دەدات.
سەرچاوە: حوریەت




