٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: ئێمە هەموومان بەشدار بووین لە درو ستكردنی‌ ئەم ئەزموونە و دەبێت پێكەوە بیپارێزین

سەرچاوە: Hewler

سكرتێری‌ مەكتەبی‌ سیاسیی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەڕێز فازڵ میرانی، لە چاوپێكەوتنێكی‌ تایبەتی‌ "شار"ـدا كە كۆتایی هەفتەی رابردوو ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەكات كە پێیوایە ئێستا كەشێكی‌ لەبار نییە بۆ بەڕێوەچوونی‌ هەڵبژاردنەكان ‌و سەبارەت بە دروستبوونی‌ بارگرژییەكانیش دەڵێت "هەردوو لایەنی‌ دەسەڵات ‌و ئۆپۆزسیۆن لێی‌ بەرپرسیارین".

ئەوەندەی‌ پەیوەندی‌ بە مەسەلەی‌ هەمواركردنەوەی‌ دەستوورەوە هەیە میرانی‌ دەڵێت "پەیامەكەی‌ سەرۆك روونە و تەفسیر هەڵناگرێت، دەستوور گەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان و هەموار دەكرێتەوە".

لەبارەی‌ ئەو تۆمەتانەی‌ ئاڕاستەی‌ پارتی‌ دەكرێن لەسەر "ساختەكاری‌" میرانی‌ دەڵێت "ئەگەر كەسێك خۆی‌ تەزویرچی‌ نەبێت بە پارتی‌ ناڵێت تەزویر دەكات"، هاوكات ئەوەش رەت دەكاتەوە لەناو پارتیدا باڵی‌ جیاواز هەبێت.

* لەم چەند رۆژەدا قسەی‌ زۆر لەسەر ئەگەری‌ دواخستنی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان دەكرێت، پێتوایە ئەو هەڵبژاردنە لە كاتی‌ خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟

- پارتی‌ بە تەواوی‌ پشتگیریی‌ ئەوە دەكات كە هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان لە كاتی‌ خۆیدا ئەنجام بدرێت، تەنانەت پێمان باش بوو هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكانیش هەمان كات بەڕێوە بچێت، بەڵام دیارە ئەوە تەنها بە دڵی‌ ئێمە و پێخۆشبوونی‌ ئێمە نییە، بەڵكو پەیوەندی‌ بە هاوبەشەكانی‌ ئێمە لە هەردوو لایەنی‌ دەسەڵات ‌و ئۆپۆزسیۆن هەیە، لە رووی‌ تەكنیكیشەوە پەیوەندی‌ بە كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، پاش ئەوەی‌ تیروپشك بۆ ژمارەی‌ قەوارە بەشداربووەكان كرا، بە بۆچوونی‌ من ئیتر پرۆسەی‌ هەڵبژاردن لە كاتی‌ خۆیدا بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە دەنگۆی‌ ئەوەش هەیە كە دوا بخرێت بۆ مانگی‌ تشرینی‌ دووەم، ئەمەشیان هەر قسەیە و نەبووەتە كردار.

* ئەو گرژییەی‌ ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە، یارمەتیی‌ ئەوە دەدات هەڵبژاردنێكی‌ بێ كێشە بەڕێوە بچێت؟

- پێشتریش چەند جارێك گوتوومە رای‌ من وابوو كە لەم دۆخە دەروونییەی‌ هێزە سیاسییەكان‌ و خەڵكدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، تەنانەت كاك كۆسرەت ـیش لەوەدا پشتگیریی‌ دەكردم، ئەمڕۆ خەڵك كەوتووەتە كەشێكەوە هەر كەر دوو كەس پێكەوە قسە دەكەن یەكسەر بە بێ‌ هۆ تووڕە دەبن، ئێمە وەكو دەسەڵات ‌و ئۆپۆزسیۆن دەكرێت كەشێك بخوڵقێنین كە رووبەڕوو‌ لەگەڵ‌ یەك قسە بكەین نەك هەموو لێدوان‌ و وەڵامدانەوەكانمان بگاتە میدیاكان‌ و ناوی‌ یەكتر بزڕێنین خوا نەخواستە.

مام جەلال یادی‌ بەخێر هەمیشە دەیگوت پارتی‌ پێپسییە و یەكێتی‌ سێڤن ئەپە، هەرچی‌ بانگەشەیەك یەكێتی‌ بۆ خۆی‌ دەیكات مافی‌ خۆیەتی‌، بەڵام نەڵێت شێرپەنجە لە پارتی‌ دروست دەبێت، ئەمە بنەمایەكە لە هەموو دنیای‌ مەدەنی‌ وایە، ئەوەی‌ گرنگە ئێمە بتوانین یەكتر قبوڵ‌ بكەین، ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێمە لە مەریخ نەهاتووە و ئێمەش لە تەنزانیاوە نەهاتووین، هەموومان كورد و كوردستانین ‌و خەڵكی‌ ئەم وڵاتەین ‌و چارەنووسمان پێكەوەیە.

من لەگەڵ‌ ئەوەدام هەڵبژاردن لە كەشێكی‌ ئارامتر بەڕێوە بچێت‌ و میللەتی‌ خۆمان ئارام بكەینەوە، خەڵك كە ئەزموونی‌ وڵاتانی‌ دەوروبەر دەبینێت‌ لە توونس‌ و میسر و یەمەن ‌و سووریا هەمووی‌ نیگەران دەبێت ‌و لە ئایندەی‌ خۆی‌ دەترسێت، بە تایبەتی‌ ئێمەی‌ كورد كە دەردەسەریی‌ زۆرمان بینیوە.

دواخستنی‌ ماوەی‌ هەڵبژاردنەكان ناچێتە ژێر ئەو بۆچوونەی‌ ئۆپۆزسیۆنەوە كە دەڵێت ئەمە هەوڵێكە بۆ بەردەوامیی‌ حوكمڕانی ‌‌و درێژەدان بە گەندەڵی‌، پێم باشە هەموو هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی‌ یەك دوو ساڵ‌ دوا بخرێت، ئەمە بۆچوونی‌ تایبەتی‌ خۆم بووە نەك بۆچوونی‌ حیزب، بەڵام دواجار رای‌ حیزب دەخوات، ئێستاش كە بڕیار دراوە من پابەندم پێوەی‌، مەگەر لایەنە سیاسییەكان سبەی‌ بۆ خۆیان كۆببنەوە و بسازێن لەسەر ئەوەی‌ هەڵبژاردن دوا بخرێت، مادام بڕیار دراوە من لەگەڵ‌ ئەوەدام تا زوو بكرێت باشترە و وەك فارس دەڵێت یەك بار مەسرەف بێت ‌و هەردوو هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان‌ و پەرلەمان پێكەوە بەڕێوە بچن.

* بەڵام گەرەنتی‌ چییە دوو ساڵی‌ تریش ئەم گرژییە دەڕەوێتەوە؟

- گەرەنتی‌ خۆمان پەیدای‌ دەكەین، كێشەكە میللەت نییە و هێزە سیاسییەكانە، ئێمە زۆر جار سازانی‌ نیشتمانی‌ تێكەڵ‌ دەكەین بە سازانی‌ سیاسی ‌‌و روونی‌ ناكەینەوە كام جۆرە لە سازانمان دەوێت، سازانی‌ نیشتمانی‌ روونە كە بۆ هەر مەسەلەیەك ئەنجامدانی‌ راپرسییە، وەك ئەوەی‌ دەگوترێت سازانی‌ نیشتمانی‌ لەسەر دەستوور بكرێت مانای‌ ئەوەیە راپرسی‌ بكرێت‌ و میللەت رای‌ لەسەر بدات، بەڵام سازانی‌ سیاسی‌ ئەوەیە هێزە سیاسییەكان خۆیان لەسەری‌ رێك دەكەون، راستە هەریەك لەو حیزبانە بنكەی‌ جەماوەری‌ خۆیان هەیە، بەڵام دیسانەوە بە هەموومانەوە ناتوانین بڵێین سازانی‌ نیشتمانیمان دروست كردووە، هێشتا بەشێك لە میللەت ماوە لایەنگری‌ هیچ لایەكمان نییە.

* ئەوەی‌ مەسعود بارزانی‌ لە پەیامەكەیدا باسی‌ كرد كام جۆرە لە سازانە؟

- بە بۆچوونی‌ من سازانی‌ سیاسییە، سازانی‌ نیشتمانی‌ ئەوە بوو كاك مەسعود یەكەم جار باسی‌ كرد كە گوتی‌ دەبێت دەستوور بچێتەوە لای‌ میللەت، ئەوەی‌ سەرۆكیش راستتر بوو، من دەزانم دەتەوێت بگەیتە ئەو پرسیارەی‌ ئایا دەستوور دەگەڕێتەوە پەرلەمان یان نا؟

* فەرموو..
- لە رووی‌ لۆژیك ‌و یاساوە باس دەكەم، جەنابی‌ سەرۆك هەر زووتر ناردوویەتی‌ بۆ پەرلەمان، لەو كاتەی‌ نامەی‌ نووسی بۆ پەرلەمان ‌و سەرۆكی‌ فراكسیۆنەكان گفتوگۆیان لەسەری‌ كرد، لەم بێنەو بەردەیەدا لایەنەكان یەكتر ئیستیفزاز دەكەن، هەندێك دەڵێن تەنها دەبێت هەر لە پەرلەمانەوە هەموار بكرێت.

بە بۆچوونی‌ من هەمواركردن هەر هەمواركردنە جا لە پەرلەمانەوە بێت یان لە دەرەوەی‌ پەرلەمان، من بەشبەحاڵی‌ خۆم تەواو پابەندم بە رای‌ سەرۆكی‌ خۆم‌ و حیزبی‌ خۆم، بەڵام گفتوگۆیەك دەكەم لەگەڵ‌ ئەوانەی‌ دەڵێن هەموار لە دەرەوەی‌ پەرلەمان بكرێت نەك ناو پەرلەمان، پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی‌ یاسادانانە و لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردراوە، ئەگەر دەستوورمان هەموار كرد‌ و ئەندامانی‌ سەركردایەتیی‌ حیزبەكان لە دەرەوەی‌ پەرلەمان لەسەری‌ رێك كەوتن، چی‌ روو دەدات؟

من رێزم هەیە بۆ كۆنگرەی‌ حیزبەكانی‌ خۆمان، بەڵام ئەو كۆنگرانە بەقەد دەنگدانی‌ میللەت شەرعییەتی‌ نییە، لە دەرەوەش هەموار بكرێت دەبێت جارێكی‌ تر بچێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەر ئێمە بەبیانوو نەبین لە یەكتر دەگەینە ئەنجام، هێشتا هیچ نەبووە ئێخەی‌ یەكتر دەگرین دەبێت هەموار لەم ژوورە بكرێت‌ و لەوەی‌ تر نەكرێت، گرنگ ئەوەیە بگەینە ئەنجام، بەداخەوە مەسەلە یاسا نییە، بەڵكو سیاسەتە لە نێوانی‌ ئێمە كە پێمان دەڵێن دەسەڵات لەگەڵ‌ ئۆپۆزسیۆن، هەقە ئێمە چاو لە یەكتر سوور نەكەینەوە، ئێمە باسی‌ پێشكەوتن ‌و دیموكراتی‌ دەكەین، بەڵام هەق نادەین بە بەرامبەر و دەمانەوێت هەموو كەس بە چاوی‌ ئێمە تەماشای‌ مەلەسەكان بكات.

* كێ‌ لەم حاڵەتە بەرپرسیارە؟

- هەموومان بەرپرسیارین، ئەوەی‌ بڵێت من بەرپرسیار نیم رادەكات، یەكەم جار ئێمەی‌ حوكمڕان، چونكە ناكرێت هەرچییەك لە ئۆپۆزسیۆنەوە هات ئێمە رەتی‌ بكەینەوە، خۆ ئەوان دوژمنی‌ ئێمە نین، دوێنێ‌ سەركردایەتیی‌ یەكێتی‌ بووە ئەمڕۆ گۆڕانە، یان دوێنێ‌ پارتی‌ بووە ئەمڕۆ یەكێتییە، دوێنێ‌ من‌ و عەلی‌ باپیر و حیزبی‌ شیوعی‌ لە یەك سەنگەردا بووین‌ و ناكرێت ئەمڕۆ یەكتری‌ رەت بكەینەوە، هەمیشە دەڵێم خاڵە هاوبەشەكانی‌ ئێمە لە كوردستان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە لە جیاوازییەكانمان زیاترە، ئێمە هەموومان كوردین بەشدار بووین لە دروستكردنی‌ ئەم ئەزموونە و دەبێت پێكەوە بیپارێزین، راستە جیاوازیی‌ سیاسیمان هەیە، بەڵام مانای‌ ئەوە نییە یەكتر رەت بكەینەوە، ئەگەر تۆ دەتەوێت دەسەڵاتم لێ وەربگریتەوە، فەرموو با بچینە هەڵبژاردن، لۆژیك قبوڵ‌ ناكات هەریەكەمان بڵێین ئەوەی‌ ئێمە دەیڵێین راستە، بەداخەوە لە دانوستانی‌ نێوان دەسەڵات‌ و ئۆپۆزسیۆن ئەم لۆژیكە غائیبە.

* بەڵام ئێستا وەڵامی‌ روونم دەست نەكەوت، دەستوور دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان ‌و هەموار دەكرێتەوە یان نا؟

- ناوەڕۆكی‌ پەیامەكەی‌ سەرۆك رۆشنە و هیچ لێكدانەوە هەڵناگرێت، كە دەقەكە هەبێت بۆچی‌ لێكدانەوەی‌ بۆ بكرێت، لە كاتێكدا ئیجتیهاد دەكرێت كە دەقێك نەبێت، بەڵام هەموو ئەو زانیارییانە لە دەقی‌ پەیامەكەی‌ سەرۆك‌ و لە یاساكەی‌ پەرلەمان‌ و رێككەوتنی‌ یەكێتی‌‌ و پارتی‌ لە رۆژی‌ 29ـی‌ حوزەیران ئاماژەی‌ پێكراوە، من دەڵێم دەستوور گەڕاوەتەوە و جەنابی‌ سەرۆك بە زاری‌ خۆی‌ گوتی‌ هەموار دەكرێتەوە، بەداخەوە ئەمە بیانووی‌ سیاسییە، بەشێكی‌ پەیوەندی‌ هەیە بەوەی‌ بەرەوپیری‌ هەڵبژاردن دەچین، لە كاتێكدا مەسەلەیەك لە ئێمە و لە هەڵبژاردنیش گرنگتر هەیە كە ئەویش ئاسایشی‌ جڤاكی‌ ئێمە و نەڕشتنی‌ خوێنی‌ گەنجی‌ كوردە‌ و پێكەوەژیانی‌ كوردستانییەكانە.

* بەڵام گوتەبێژی‌ پارتی‌ قسە‌ی‌ پێچەوانەی‌ ئەمەی‌ ئێوە دەكات؟

- پێموایە ئەمە بەشێكی‌ پەیوەندی‌ بە كاردانەوە هەیە لە نێوان گوتەبێژی‌ حیزبەكان، برادەرانی‌ یەكێتی‌ دواجار بە ڕەسمی‌ ئەو مەسەلەیەیان بڕاندەوە و گوتیان رێككەوتننەكە مەوجودە، ئێمە وەك پارتی‌ نە دەتوانین قسەیەك لە دەرەوەی‌ پەیامەكەی‌ سەرۆك بكەین‌ و نە قسەیەكمان هەیە لەسەر ئەو یاسایەی‌ پەرلەمان بە زۆرینە دەنگی‌ لەسەر داوە كە هەندێك بە كودەتا ناوی‌ دەبەن، وەكو پارتی ‌‌و یەكێتیش ناتوانین لە دەرەوەی‌ رێككەوتنەكەی‌ 29ـی‌ حوزەیرانیش قسە بكەین.

* بەو پێیەی‌ باسی‌ رێككەوتنەكەی‌ 30ـی‌ حوزەیرانتان كرد كە لایەنی‌ بەرامبەر بە كودەتا ناوی‌ دەبات، سەرۆكی‌ هەرێم لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراوە چۆن پەرلەمان مافی‌ هەیە ماوەكەی‌ درێژ بكاتەوە؟

- من پرسیارەكە دەگۆڕم، مادام ئەوان ئەوەندە گرنگی‌ بە مافی‌ خەڵك دەدەن، بۆچی‌ ئەم مافە لە خەڵك دەسەننەوە و دەیبەنە ناو پەرلەمان، خەڵك سەرۆكی‌ بۆ خۆی‌ هەڵبژاردووە ئەگەر هەڵبژاردنەكەی‌ راستە یان ناڕاست ناكرێت ئەو مافەی‌ لێ بسەنیتەوە و بیدەیت بە 111 كەس، پەرلەمان بۆیە وایكرد تا بۆشاییەكی‌ دەستووری‌، ئیداری‌ دروست نەبێت، پەیامەكەی‌ جەنابی‌ سەرۆك وەڵامە بۆ ئەو خەڵكە، ئەو دەڵێت من دوو ساڵم ناوێت ئەم بەرپرسیارێتییە‌ بە من دراوە لەلایەن خەڵكەوە من تەحەمولی‌ دەكەم هەتا پەرلەمانی‌ نوێ‌ هەڵدەبژێردرێت ‌و ئەو یاسایانە دەردەكات ‌و دەستوور هەموار بكاتەوە و یاسایەكی‌ روون هەبێت بۆ سەرۆكایەتیی‌ هەرێم، ئەم خەڵكە بەبەلاش‌ خۆیان ماندوو كردووە لەسەر شتێك كە نییە، ئێمە وەك پارتی‌ پێمان خۆشە دەستوورێك دەربچێت كە لانیكەم لە سەروو لەسەدا حەفتای‌ خەڵك دەنگی‌ پێبدات، نەنگییە بۆ ئێمەی‌ كورد كە تا ئێستا دەستوورمان نییە، چونكە تا دەستوورمان نەبێت ناچار دەبین پابەند بین بە ئەلف تا یای‌ دەستووری‌ عێراقەوە ئەگەر پێمان خۆش بێت یان ناخۆش بێت، بەڵام بەم دەستوورە دەتوانین لە هەندێ‌ لەو بەندانەی‌ دەستووری‌ عێراق خۆمان پایەگیر بكەین كە لە دەستووری‌ عێراق بۆ ئێمە باش نییە.

* بەڵام ئێوەش رۆژی‌ 30ـی حوزەیران ئەو مافەتان لە خەڵك سەندەوە و داتانەوە بە پەرلەمان..

- ئێمە تا ئێستاش جیاوازیمان هەیە لەسەر شیكردنەوەی‌ دەقی‌ یاسای‌ سەرۆكایەتیی‌ هەرێم، ئایا ئەم دوو خولەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم كردوونی‌ ئەو دوو خولەن كە لە یاساكەدا هاتوون یان دوو خول لە دەنگدانی‌ راستەوخۆ؟ ئاخۆ یاسادانەر بەمەبەست وای كردووە یان هەر ئەوەندەی‌ لێ زانیوە یان بە رێكەوت وا دەرچووە، ئەوەیان من نایزانم، لە خەڵكی‌ گەورە قانوونزانم پرسیوە لە دەرەوەی‌ پارتی‌ گوتوویانە ئێمە ناتوانین حوكم بدەین‌ و نازانین مەبەستی‌ یاسادانەر چی‌ بووە، باشتر ئەوە بوو مادام ئەم شەڕەمان كرد پەرلەمان بە زۆرینە دەنگی‌ بدابایە بیگوتایە ئەوەی‌ كە هەژمار كراوە تەنها یەك خولە، بەڵام لەبەر ئەوەی‌ گرژییەكە گەورەتر نەبێت ئەوەمان نەكرد، خۆ دەمانتوانی‌ لە پەرلەمان بڕیار بدەین جارێكی‌ تر جەنابی‌ سەرۆك خۆی‌ هەڵبژێرێتەوە، هەر هەمان حاڵەت دەبوو و بێڕێزییەكی‌ تر لەگەڵ‌ دكتۆر ئەرسەلان دەكرا و دوو دەبەئاوی‌ تریان تێدەگرت، من پێموایە لێكتێنەگەیشتن هەیە، خەڵكێك دەڵێن ئەگەر سەرۆك لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەوا سیستەمی‌ پەرلەمانییە، ئەگەر لەلایەن خەڵكەوە بێت، ئەوا سیستەمی‌ سەرۆكایەتییە، شێوەی‌ هەڵبژاردنی‌ سەرۆك سیستەمی‌ حوكم دیاری‌ ناكات، لە ماددەی‌ یەكەمی‌ رەشنووسی‌ دەستووردا بە روونی‌ هاتووە كە سیستەم پەرلەمانییە، ئەگەر سیستەمی‌ سەرۆكایەتی‌ بێت دەبێت وەزیرەكان لەلایەن سەرۆكی‌ هەرێمەوە دابنرێن، ئەم هەڵایە كە دروست دەبێت بێبنەمایە.

لێمان دەپرسن كێ‌ موحاسەبەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم دەكات، ئەوە پێموایە چارەی‌ بۆ دەدۆزرێتەوە،‌ دەكرێت ئەنجوومەنێكی‌ پیرانمان هەبێت یان هەر دەستەیەكی‌ تر كە لە سەرۆك بپرسێتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەر چەند مانگ جارێك دە پەرلەمانتار یاداشتێك بنووسن‌ و سەرۆكی‌ هەرێم بۆ پەرلەمان بانگ بكەن وەڵا بۆینباخەكەی‌ سەوزە یان چووە لە ئیتالیا جلی‌ كڕیوە، دەبێت چارەسەری‌ بۆ بدۆزینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەر ئەوە نییە كە ئەوان داوای‌ دەكەن ‌و هەر رۆژێك بۆ پەرلەمان بانگی بكەین.

پێموایە ئەگەر ئیرادە هەبێت ئێمە و ئۆپۆزسیۆن دەتوانین دابنیشین‌ و بگەینە ئەنجامێك بۆ ئەو چارەسەرە، یاسای‌ سەرۆكایەتیی‌ هەرێم پێشتر كاك نەوشیروان بەشدار بووە تیایدا‌ و مامۆستا سەڵاحەدین‌ و مامۆستا عەلی‌ باپیر رازی‌ بوون لەسەری‌‌ و فراكسیۆنەكانیان دەنگیان پێداوە ‌و پیرۆزباییان لە سەرۆكی‌ هەرێم كردووە، بۆ ئەو كات یەكێكیان نەیانپرسی‌ باشە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان كێشەمان هەبوو لەگەڵ‌ ئەم سەرۆكە لە كوێ‌ لێی‌ بپرسینەوە، كەواتە هەموومان كەموكوڕیمان هەیە، ئێستاش ئالییەت زۆرە بۆ چارەسەری‌.

* ئەگەر لەسەر هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوو گفتوگۆ بكەین، بێگومان پارتی‌ لێكدانەوە و شیكاری‌ خۆی‌ كردووە، پێگەی‌ ئێوە لە هەڵبژاردنی‌ داهاتوو لە كوێدا دەبێت؟

- پێگەی‌ ئێمە لەنێو ویژدان‌ و دەروونی‌ خەڵكدا دەبێت، من لەگەڵ‌ ئەوەدا نیم كەس پێشبینی‌ بكات، ئێمە حیزبێكین تەمەنمان گەیشتووەتە 66 ساڵ‌‌ و ئەزموون‌ و توانا و بنكەی‌ جەماوەریمان هەیە، لە نسكۆی‌ 75 بەقەد شەش حیزب جەماوەر لەگەڵ‌ ئێمە هاتەوە بۆ ئێران بێئەوەی‌ بزانێت بۆ كوێ‌ دەچێت، ئەم پارتییە ئەم هەموو ساڵە ئامادەیی‌ نەكردبێت هەڵەیەكی‌ گەورەیە، بەڵێ حیسابی‌ وردی‌ خۆمان دەكەین، تموحمان هەیە و دەمانەوێت پێی‌ بگەین، خەڵكیش هۆشیارە و دەزانێت پارتی‌ چی‌ كردووە، دواجار بڕیاری‌ میللەتە و ئەوەی‌ میللەت بیدات بە ئێمە، پێی‌ رازین.

* بەڵام خۆ پێشبینیی‌ خۆتان هەیە بۆ ریزبەندی‌ی هێزەكان؟

- ئەو سیاسییەی‌ رێزی‌ خۆی‌ بگرێت ئەو پێشبینییە ناكات، چونكە ئەوە پەیوەستە بە ئیرادەی‌ خەڵكەوە، زۆر جار برادەرانی‌ ئۆپۆزسیۆن دەڵێن خەڵك دەڕژێنینە سەر شەقام، من پێم گوتوون بۆ خەڵك ئاوە بیڕێژن؟ نە ئێمە بە ناوی‌ خەڵك قسە دەكەین نە ئەوانیش وابكەن، بێگومان لە دەروونی‌ خۆمدا شتێك هەیە بەس نایڵێم، من ئەگەر بڵێم پارتی‌ یەكەم و یەكێتی‌ دووەمە، ئەوە جۆرێكە لە برینداركردنی‌ لایەنی‌ بەرامبەر، ئێمە وەك پارتی‌ پێشبینیمان وایە پاش هەڵبژاردن هەموومان زیاتر لە جاران پێویستمان بە یەكتر هەیە، من تەمەننا دەكەم دوای‌ هەڵبژاردن حكوومەتێك دروست بكەین هەموومان تیایدا بەشدار بین.

* بە ڕای‌ تۆ پاش ئەم هەڵبژاردنە هێزێك دروست دەبێت بتوانێت زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ پێك بهێنێت؟

- بە بۆچوونی‌ من نەخێر ‌و ئەمە بەم نزیكانە روو نادات، چونكە میللەتی‌ كوردستان فێری‌ فرەحیزبی‌ بووە و بە دیموكراتانە دەنگ بە هەر لایەنێك دەدات كە خۆی‌ دەیەوێت.

* زۆربەی‌ لایەنەكان پارتی‌ بە ئەنجامدانی‌ ساختەكاری‌ لە هەڵبژاردندا تۆمەتبار دەكەن، بۆچوونی‌ ئێوە چییە؟

- پێموایە ئەگەر كەسێك خۆی‌ تەزویرچی‌ نەبێت، بە پارتی‌ ناڵێت تەزویر دەكات، تەمەننا دەكەم هیچ لایەنێك پەنا بۆ تەزویر نەبات، پارتی‌ لە ساڵی‌ 1946 هەتا ئێستا هەر بەرەو هەڵكشان چووە، دوا هەڵبژاردن كە پەرلەمانی‌ بەغدا پارتی‌ بەقەد هەموو هێزە كوردییەكان ‌و زیاتریش كورسیمان هێناوە.

* تەنانەت بەشێك لە یەكێتیی‌ هاوپەیمانیشتان هەمان بۆچوونی‌ لەسەر ئێوە هەیە؟

- هەندێك جار كەسێك لە شایی‌ نازانێت دەڵێت زەوییەكە‌ خوارەوە، ئەوەی‌ سەركەوتوو نابێت بیانوو دەدۆزێتەوە، تەنانەت برادەرێكی‌ یەكێتی‌ گوتی‌ پارتی‌ لەگەڵ‌ چین هەڵبژاردن بكات پارتی‌ دەیباتەوە، حیزبەكەی‌ ئێمە هەرگیز پەنا بۆ ساختەكاری‌ نابات، مەسەلەكە ئەوەیە لە هونەری‌ هەڵبژاردن دەزانین، ئێمە بەو قسانە قەڵس نابین، تەنها بەوە قەڵس دەبین كە ئاسایشی‌ نەتەوەییمان بكەوێتە مەترسی‌‌ و تیرۆر بەربێتە گیانی‌ نەتەوەكەمان.

* ئێستا زیاتر لە جاران قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە لەناو پارتیدا كێشە و ناكۆكیی‌ گەورە هەیە، ئاستی‌ ئەو ناكۆكیانە لە كوێدایە؟

- رەحمەت لە مردووی‌ ئێوە، بابم هەمیشە پێی دەگوتم كوڕم وەكو خۆت بە وەك خەڵك مەبە، خەڵكێك دەیانەوێت پارتی‌ وەك ئەوان بێت، بەس ئەوە روونادات، ئێمە لەسەر بنەمایەكی‌ مەركەزی‌ دیموكراتی‌ كار دەكەین، پارتی‌ تا ئەوەندە رای‌ جیاوازی‌ تێدایە كە نەبێتە فەوزا، چونكە ئەگەر بەرەو ئەوە بڕوات مەركەزییەتەكە كۆنتڕۆڵی‌ دەكات، رێز لە مەرجەعییەتی‌ خۆمان دەگرین بەس نەك بەو رادەیەی‌ بگاتە ئاستی‌ دیكتاتۆرییەت، ئێمە تەنها مەرجەعییەتێكی‌ حیزبیمان نییە، بەڵكو مەرجەعییەتی‌ نەتەوەییمان هەیە، مەرجەعییەتی‌ ئێمە ماڵی‌ بارزانە، دوێنێ‌ ماڵی‌ بارزانی‌ مەرجەعییەتی‌ هەموومان بووە، ئەمڕۆ مەرجەعییەتی‌ تۆ نییە، بەڵام مەرجەعییەتی‌ منە ‌و پەیوەستم پێوەی‌، كاك نەوشیروان چەندین وتاری‌ نووسی لەسەر بنەماڵە، ئێمە لەوەتی‌ چاومان كردووەتەوە‌ لەگەڵ‌ ئەم بنەماڵەیەداین ‌و پێمان عەیب نییە، خیلافاتی‌ ناو پارتی‌ لەلای‌ ئەو مەرجەعییەتە چارەسەر دەبێت، بۆچوونی‌ جیاوازمان هەیە، ئەو كێشەیە ناگاتە ئەوەی‌ من‌ و ئەو لەیەك بترازێین، مەرجەعییەتێك هەیە گوێی‌ هەردووكمان دەگرێت دەڵێت ئەوە حەدی‌ ئێوەیە.

* ئەی‌ ئەگەر خیلافەكە لەناو مەرجەعییەتەكە بوو، بۆ نموونە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە ناكۆكی‌ لە نێوان نێچیر‌ڤان بارزانی‌‌ و مەسروور بارزانی ـدا هەیە؟

- كاك نێچیر‌ڤان‌ و كاك مەسروور هەردووكیان پێیان خۆشە سەرۆك بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بێت، هەردووكیان پێیان خۆشە پارتی‌ براوە بێت، هەردووكیان پێیان خۆشە نێچیر‌ڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكوومەت بێت، هەردووكیان پێیان خۆشە خزمەتگوزاریی‌ باش پێشكەشی خەڵك بكرێت، كەواتە لە مەسەلە جەوهەرییەكاندا خیلاف نییە، هەندێ‌ خەڵك تەنها حوكم لەسەر ڕووكاری‌ دەرەوە دەدەن.

* بەڵام بۆ زۆر كەس روون بووەتەوە كە ئێستا پارتی‌ دوو باڵی‌ جیاوازی‌ تێدایە؟

- پارتی‌ ئەگەر باڵی‌ هەبێت دەمێك بوو فڕی‌ بوو، هەر حیزبێك باڵ‌ باڵێنەی‌ تێدا بێت دواجار بەشێكی‌ دەفڕێت، بەڵام ئێمە كەسمان لێ‌ نەفڕیوە، یەكێتی‌ باڵ‌ باڵێنی‌ هەبوو دواجار بەشێكیان فڕین ‌و بوونە گۆڕان.

* بەر لەوەی‌ پارتی‌ ناوی‌ كاندیدەكانی‌ پێشكەش بكات، دەنگۆی‌ ئەوە هەبوو كە ئێوە سەرۆكی‌ لیستەكە بن، بەڵام دواجار بە هۆی‌ ئەوەی‌ لەسەر یەكێك لە باڵەكان حیساب بوون، ناوی‌ ئێوە لابرا؟

- ئەمە هیچ وانییە، لەلای‌ ئێمە یەك بنەما هەیە جەنابی‌ سەرۆك گەر بە من بڵێت لە سەرەوەی‌ لیست بە یان لە خوارەوە یان هەر لە لیستدا مەبە، ئێمە دەڵێین قوربان ئەمر دەكەیت، چونكە ئێمە وەها پەروەردە كراوین‌ و هەر ئەمە نهێنیی‌ بەردەوامیی‌ پارتییە‌ و سەرووی‌ ئێمەش تەقدیری‌ ئەو ئیلتیزامە دەكات.

* كەوابوو مەسعود بارزانی‌ پێی‌ باش نەبوو تۆ سەرۆكی‌ لیستەكە بیت؟

- ناوی‌ من هەر پێشنیازكراو نەبوو، یەكەمجار كاك نێچیر‌ڤان پێشنیاز كرابوو، بەڵام رۆژی‌ تەسلیمكردنەوەی‌ كاك نێچیر‌ڤان لێرە نەبوو، جەنابی‌ سەرۆكیش پێی باش بوو كاك جەمال مورتكە وەكو پێشمەرگەیەكی‌ قارەمان كە ئێستا خاوەن پێداویستیی‌ تایبەتە لە سەرەوەی‌ لیستەكە بێت، ئەمەش هونەرێكی‌ هەڵبژاردنە، لەوانەیە قازانج بكەین‌ و رەنگە خوانەكردە زەرەری‌ لێبكەین، ئێمە قارەمانێكی‌ خۆمان خستووەتە سەرەوەی‌ لیستەكە كە ئەمە شتێكی‌ باشە لە پارتیدا، جەمال مورتكە لە كام لە ئێمە كەمترە؟
* ئەگەر بێینە سەر پەیوەندیتان لەگەڵ‌ لایەنەكانی‌ ئۆپۆزسیۆن، هەموومان دەزانین ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی‌ كوردستان بەسەر دوو لایەنی‌ ئیسلامی ‌‌و عیلمانی‌ دابەش بووە، لەگەڵ‌ ئەوەی‌ پارتی‌ لە رووی‌ بیروباوەڕەوە لە عیلمانییەكان نزیكە، بەڵام لە رووی‌ پەیوەندییەوە نزیكی‌ ئیسلامییەكانن، هۆكاری‌ ئەوە چییە؟

- ئێمە و گۆڕان لە مەسەلەی‌ عیلمانی‌ هاوبەشیمان زیاترە، بەڵام حیزبە ئیسلامییەكان خۆیان لە ئێمە بە نزیك گرتووە و گۆڕان خۆی‌ بە دوور گرتووە، ئەو باكگراوەندە ئایینییەی‌ پارتی‌ هەیەتی‌ یارمەتیی‌ دەدات لە هێزە ئیسلامییەكان نزیك بین، سەرۆكی‌ گۆڕان شمشێری‌ بۆ ئێمە هەڵگرتووە، بەڵام برادەرانی‌ ئیسلامی‌ بەو شێوەیە نین بە تایبەتی‌ برا یەكگرتووەكان، ئیسلامەتی‌ لەناو پارتی‌ رەگوڕیشەی‌ خۆی‌ هەیە‌ و ئەمە لە ئیسلامییەكان نزیكمان دەكاتەوە.

* زۆر لایەن قسە لەسەر لاوازبوونی‌ یەكێتی‌ دەكەن، پارتی‌ بیری‌ لەوە نەكردووەتەوە بەدیلێكی‌ لە یەكێتی‌ بەهێزتر بكاتە هاوپەیمانی‌ خۆی‌؟

- ئێمە هەرچەند بگەڕێین هەر یەكێتی‌ دەدۆزینەوە، بەدیلی‌ ئێمە لە بەرامبەر یەكێتی هەر یەكێتییە، تا ئەوكاتەی‌ یەكێتی‌ حەز بكات، بەڵام ئەمە مانای‌ ئەوە نییە ئەم دوو لایەنە دەرگامان داخستووە، ئەو رێككەوتننامە ستراتیژییە خەڵكی‌ تر دەتوانن بە فراوا‌نكردنییەوە بێنە ناوی ‌‌و ببێتە رێككەوتنێكی‌ نیشتمانی‌، هەموومان دەزانین یەكێتی‌ هێزێك نییە بتوێتەوە، چونكە دامەزراوە و ئاسایش‌ و پۆلیسی‌ خۆی‌ هەیە، ماكینەیەكی‌ راگەیاندنی‌ هەیە كە مرۆڤ حەسوودیی‌ پێدەبات، ئەم چەند مانگەی‌ مام جەلال نەخۆش بووە یەكێتیی‌ ناو یەكێتی‌ لە هەموو كات بەهێزتر بووە ‌و ئێمەش پشتیان پێدەگرین.

هەواڵی پەیوەندیدار