٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: پێویستە بە بیروڕای جیاوازەوە یەكتری قبوڵ بكەین

سەرچاوە: KDP.info

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی، لە وتارێكیدا ڕایگەیاند كە پارتی یەكەمین قوتابخانەی هۆشیاربوونی نەتەوایەتی بووە، هاوكات لەمەڕ پێوەندییە كانی پارتی لەگەڵ حزبە سیاسییەكاندا گووتی ئێمە دەست درێژدەكەین بۆ هێزە سیاسیەكانی كوردستانی عێراق بە دەسەڵاتدا و بەبێ لایەن و بەئۆپۆزسیۆنەوە، كە یەكریزی ئێمە زامنی ئەو ئەزموونە و دەستكەوتەكانی قوربانیەكانی میللەتەكەی ئێمەیە، پێویستە یەكتری قبوڵ بكەین.

دەقی وتارەكەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی فازڵ میرانی، لە ئاهەنگی یادی 67ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا:


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەرێز سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
بەرێز كاك كۆسرەت جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری یەكەمی ئەمینداری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
بەرێز د.ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

بەرێزان سكرتێر و نوێنەرانی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان و پارچەكانی تر.

ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرە بەرێزەكان و نوێنەرانی سەندیكاكان، میوانانی بەرێز زۆر بە گەرمی بە ناوی سەرۆك و سەركردایەتیی پارتیمانەوە بەخێرهاتنی تەواوی ئێوەی بەرێز دەكەین و خۆشحاڵ و سەرفرازتان كردین بە ئامادەبوونتان لە یادی 67ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان.

زۆر سوپاستان دەكەین و هیوادارین ئەمشەو شەوێكی خۆشتان هەبێت لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ ئەو ئاهەنگەی كە بەم بۆنەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەرێزتان ڕەخساندویەتی.

هەروەها سەرفرازم پیرۆزبایەكی گەرم لە جەنابی سەرۆك (سەرۆكی پارتیمان) بكەم بە بۆنەی ڕۆژی لەدایكبوونی بەڕێزیانەوە پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانی سەركردایەتیی پارتی و لق و لیژنە و ناوچە و ڕێكخراوەكان و ئەندامان و لایەنگران و خێزانی شەهیدەكانی پارتیمان بكەین بەم بۆنە پیرۆزەوە.

ئومێدەوارین لەم یادەوە بەردەوام بین لەسەر ئەو پرۆژە و بیرۆكەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا خەمخۆری بووە و قوربانی لە پێناویدا داوە و، سەرهەوراز و سەرنشێوی لە پێناویدا بینیوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێبازە بەردەوام بێت بۆ دامەزراندنی كیانێكی سیاسی نەتەوایەتی بۆ میللەتەكەمان و، بەرقەراركردنی ژیانی ئاسوودەیی و ئاسایشی جڤاكی و خزمەتكردن لە ڕێگای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست بۆ ئەوەی ژیانی تەبایی و پێكەوەژیان هەموو نەتەوەكانی كوردستان بە كورد و توركمان و عەرەب و ئاشوری و كلدان و بە هەموو تائیفەكانییەوە بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و ئەرمەن و سابییەكانەوە پێكەوە هەر وەكو جاران ئەو پێكەوەژیانەی كە بارزانی نەمر بەردی بناغەی داناوە پارێزەری بوو، ئەمڕۆش كەوتۆتە ئەستۆی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا.
بەڕێزان بۆ ئەوەی زۆر لە وەختی بەڕێزتان نەگرم، هەر ئەوەندە دەلێم 67 ساڵ لەمەوبەر بێنینە بەرچاوی خۆمان ئەو گۆڕانكاریانەی لەو كاتەوە تا ئێستا كراوە لەباری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و كوردستان و هەموو پارچەكانی كوردستان لەگەڵ ئەمڕۆ بەراوردی بكەینەوە، پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بارزانی نەمر كە ئەتوانم بڵێم یەكەمین قوتابخانەی هۆشیاربوونی نەتەوایەتی بوو، چ ڕۆڵێكی هەبووە لەو كاتەوە تا ئێستا لە هەموو بوارەكان و لە هەموو قۆناغەكاندا، هەڵبەتە ئەو قوتابخانەیە بۆ ئەو مامۆستایەی ژیر و هەموو كورد كە ڕازی بوو كە مامۆستای بێت.

یەكەمین هەنگاوی نا بۆ پێناسەكردنی میللەتەكەمان و بە میللەتی ناساند ،وە ڕێگەی گرتەبەر بۆ ئەوەی چۆن میكانیزمێك پەیدا بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەمە، لەبەر ئەوەی لەو كاتەوەی كە بیرمان بێت لە ئەو پیلانەی كە كۆماری مهاباد سەرۆكی نەمرمان بەشداریەكی گەورەی تێدا كرد، وەسیلەی نێودەوڵەتی جەنابیان بۆ سۆڤیەتی ئەو كات و گەڕانەوەی بۆ عێراق و گۆڕینی ڕژێمی لە عێراق و پەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول، ئەو شۆڕشە مەزنەی كە بۆ یەكەمین جار بە ئومێدی ئەوەی كورستانی ئێمەی ئازیز لەخانەقینەوە بۆ زاخۆ یەك پارچە و یەك شیعار و یەك دروشم بووە.

سەركەوتنەكانی شۆڕشی ئەیلول و تۆماركردنی بەیاننامەی 11ـی ئازار و بۆ جاری یەكەم ئۆتۆنۆمی، قۆناغەكانی دوای ئەو نسكۆی 1975، و سەرهەڵدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حكوومەتی هەرێم و، تا ئێستا لە گۆرانكاری ڕژێمی عێراق، پارتی لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا كە كاتێك بە تەنیا سەركردە بووە و كاتێكیش لەگەڵ هێزەكانی كوردستان بووە دەتوانین ڕۆڵی پارتی لەبەرچاو بگرین كە چ ڕۆڵێكی بینیوە لەم 67ـساڵدا.

ئێستاش لە 67ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان، ئێمە هەر ئەوەی ئەخەینە ڕوو كە خەباتمان كردووە و هەر خەبات دەكەین لەپێناو ئاشتی و ئازادی و دیموكراتیدا، خەباتمان كردووە لە پێناوی پێكەوەژیان، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كاتەی ناوی بووە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارتی دیموركراتی كوردیەوە، بووە جێگەی خەبات بۆ نەتەوەکانی دیكەش لەكوردستاندا، ئاشوری و كلدان و توركمان و موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی لە هەموو دەزگاكانی پارتی و سەركردایەتیی جێگەیان هەبووە، ئەمەیش دەستكردی ئێمە نییە بەڵكو لە بارزانی نەمرمان وەرگرتووە، كە ئەمڕۆش لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموو نەتەوەكانی كوردستان لە ناو ڕیزی پارتی جێگەیان هەیە، كە ئەمەیش وایكردووە پارتی هەوڵ بدات لە دەستووری كوردستان و دەستووری عێراق مافی ئەو نەتەوانە بپارێزرێت و پێكەوە بژین، هەر وەكو بووین و لە ئایندەشدا هەر وادەبین.

هەروەها ئێمە دەست درێژ دەكەین بۆ هێزە سیاسییەكانی كوردستانی عێراق بە دەسەڵات و بەبێ لایەن و بە ئۆپۆزسیۆنەوە كە یەكڕیزی ئێمە زامنی ئەو ئەزموونە و دەستكەوتەكانی قوربانیەكانی میللەتەكەی ئێمەیە، پێویستە یەكتری قبوڵ بكەین بە بیروڕای جیاوازیش و دەستی دیالۆكیش درێژ بكەین بە بوونی جیاوازیەكانیش و، ناكرێت سەنگەر لەیەكتری بگرین و یەكتری قبول نەكەین، چونكە ئەوە سیفەتی ئەو سەردەمە نییە و خیلافی دیموكراتیەتە.

هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات بەرەو هەڵبژاردنێكی خاوێن لە وادەی خۆیدا و لە دوای هەڵبژاردنەكانیش دیسان یەكڕیزی كورد لە كوردستانی عێراق بپارێزێن و پێویستی زیاترمان بە یەكتری دەبێت بۆ ئەوەی بەردەوامبوونی حكوومەتی هەرێم بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان بەڵام هەوڵ بدەین حكوومەت بكەینە حكوومەتی هاووڵاتیان لەو كوردستانەدا.

هەروەها بۆ ئەو بیرۆكەیە، سەرۆك بارزانی هەوڵ و كۆششی زۆری كردووە و، هەمیشە دەرگای بەكراوەیی جێهێشتووە بۆ هەموو دیالۆگێک بۆ هەموو هێزەكان كە بە بیروڕایی جیاوازیشەوە داخلی دیالۆگ بین و، هەموو كێشەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكەین.

ئەمڕۆ لە عێراقیش پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی داوە و هەوڵیش دەدات و، سەرۆك بارزانیش ڕۆڵێكی بەرچاوی بینیوە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستان كە ئەو قەیرانەی كە عێراق تێیكوتووە بە تایبەت ئەمن و ئاسایشی عێراق كە ئێمە لە كوردستانی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانین بۆ خوشك و برایانی ئێمە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە دەستی تیرۆرستان دەكوژرێن.

بەڕێزان ئێمە بەردەوام دەبین بۆ هەوڵدان بۆ دیموكراسیكردنی جڤات، چونكە دیدی ئێمەی پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن دیموكراتیەت نییە، بەڵكو كاتێك دیموكراسیەت دەبێت كە جڤات دیموكراسی بێت بۆ ئەوەی كە لەم جڤاتە هەڵبكەوێت خۆی بەخۆی بەشێوەیەكی سروشتی دیموكراتی دەبێت و ئەو كاتەی كە جڤات دیكوراسی بوو مافی مرۆڤ و منداڵ و ئافرەت دەپارێزرێت و ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵیش دەپارێزرێت، هەر كەس مومارەسەی مافی خۆی دەكات بەڵام ئەركەكانی خۆشی جێبەجێ بكات، چونكە ئەرك و ماف نابێت لە یەكتری جیا بكرێنەوە و، نابێت ئەوەی دیكە یەكێكی دیكە بسرێتەوە.

بەداخەوە ئێمە کە ئەم یادە دەكەینەوە، كۆمەڵێك سەركردە و ئینسانی لێهاتووی پارتیمان لەناوماندا نین، یەكەمیان مامۆستای بەڕێز كاك حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووی پارتیمان و برای بەرێز و هەڤاڵی تێكۆشەر و قەڵەم تیژ و بیرمەند و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەگەری كوردستان و عێراق كاك فەلەكەددین كاكەیی و هەروەها كادری عەسكەری و لێهاتوو و پیاوی ڕۆژە تەنگانەكان كاك نادر هەورامی لەناوماندا نین، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان قوتابخانەیەكی دێرینە قوتابخانەی بارزانی نەمرە، بەسەدان حەبیب و فەلەك و نادر و خەڵكی تر تێیدا پەروەردە بووە و، بەردەوام دەبێت لە كاروانی خەباتدا.

لە كۆتاییدا پێم باشە دووبارە تەئكید بكەم هەموومان یادەكانی یەكتر پیرۆز بكەینەوە و دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر و، بێ شك لەبیرمان نەچووە و لەبیرمان ناچێت و لەبەرچاومانە كە لە یەكێك لە یادەكانی پارتیمان جەنابی فەخامەتی سەرۆك مام جەلال وتاری خوێندەوە لە جیاتی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیوای چاكبوونەوەی بۆ دەخوازین و هیوامان وابوو ئەمساڵیش وتارەكەی لەجیاتی ئێمە بخوێندبایەوە.

بەو بۆنەیەوە ئێمە دوعاخوازین چاك بێتەوە و، تەئكید لەسەر هاوپەیمانی و ئیتفاقی ستراتیژی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەینەوە و، ئەم ئیتفاقیەیش داخراو نییە و پێمان باشە دەرگایەكی كراوە بێت و بنكەیەكی فراوان بێ بۆ دیالۆگ لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان، چونكە ئەگەر لەناو ماڵی خۆمان یەكڕیزی دروست نەكەین، ڕەنگە نەتوانین بچین یارمەتی خەڵكانی دیكە بدەین كە پێویستیان پێیە.

دووبارە بەخێرهاتنتان دەكەین و سوپاستان دەكەین و یادی 67ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان لەهەموو سەركردایەتی و هاڤاڵان و دۆستانمان پیرۆز دەكەین.

بژی كورد بژی كوردستان بژی ئێوەی بەرێز، زۆر سوپاس

هەواڵی پەیوەندیدار