میسر پێویستی بە منداڵێکە..!!!!!
غازی حەسەن
کە مرۆڤ بەوردی دیقەتی رووداوەکانی میسر دەدات، هەست دەکات کێشەکان بە خێرایی و دراماتیکی بەرێوەدەچن، بەشێکی زۆری دونیا چاوی خستۆتە سەر مسیر و دوارۆژی ئەو وڵاتە. ئەمەریکا سەرەتا ویستی لە گەڵ ئیخوان موسلمین هاوکاری بکات، ئەمە سیاسەتی دەرەوەی پارتی دیموکراتە لەئەمەریکا. ئەوان هێزی نەرم و چارەسەری دیبلۆماسی و سەرکردایەتی لە دووڕای کێشەکان دەکەن. واتە راستەوخۆ دەست لە کاروباری وڵاتەکان و ئاراستەی رووداوەکان وەرنادەن. ئەوروپا هەمان شتی لە میسر کرد. دەرفەتێکی گرینگ بۆ ئیخوان موسلمین لە مێژووی پتر لە هەشتا ساڵەیان هاتە دی، بەڵام نەیانتوانی بیخۆن. هەروەها ئەم سیاسەتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ دەرفەتدان بە ئیسلامییەکان لەمەڕ حکووم کردن نیشانیان دا، فەشەلی هێنا، وەکو چۆن ئیسلامییەکان فەشەلیان هێنا، یا فەشەلیان پێهێنرا، چونکە ئەنجامەکەی یەک شتە، ئەویش تێنەگەیشتنە لە ئیدارەکردن و سەرکردایەتی کردنی وڵات.
گرینگ هێشتە میسر مانشیت و هەواڵی سەرەکی رۆژنامە عەرەبی و جیهانیەکانە.. هەر رۆژەی چیرۆک و باسێکی نوێ دەربارەی ئەم وڵاتە بڵاودەکرێتەوە. رۆژنامەی ئەندپێندنتی بەریتانی لە بابەتێکی خۆیدا دەربارەی منداڵێکی تەمەن دوانزدە ساڵەی میسری بەناوی عەلی ئەحمەد دەنووسێت "جێگەی سەرسامییە لە دیدارێکی پێگەی ئەخبار ئەو منداڵە میسرییە رەخنە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەربازی و سەرۆکی دوورخراوە مورسی و ئیخوان موسلمین و گەندەلیی و کێشەکانی دەستوری نوێ دەگرێت" . ئینجا دەڵێت "ئەحمەد سیاسی و چالاکوان نییە و شرۆڤەکاری ستراتیژی و رۆژنامەنووس و بیرمەندیش نییە، ئەو تەنیا منداڵێکی دوانزدە ساڵانە، هەستێکی قووڵی سیاسی هەیە، کە لەسەرووی تەمەنیەتی و لە دیدارێکدا ئەم منداڵە لەکاتی خۆپیشاندان درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت من لێرەم بۆ ئەوەی میسر نەکرێتە کەلوپەلێک بەدەست تەنیا کەسێکەوە.. هەروەها دژی ئەوەم دەستور بخرێتە ژێر کۆنترۆلی تاکە حزبێکەوە، ئێمە لە حکوومەتی سەربازی دەرباز نەبووین تاکو دەسەڵاتێكی سیۆکراتی فاشیانە جێگەی بگرێتەوە".
| دەرفەتێکی گرینگ بۆ ئیخوان موسلمین لە مێژووی پتر لە هەشتا ساڵەیان هاتە دی، بەڵام نەیانتوانی بیخۆن |
کاتێک لێی دەپرسن میسر پێویستی بە گۆڕان هەیە، ئەحمەدیش دەڵێت لە کامە راونگەوە "سیاسی یا کۆمەڵایەتی". رۆژنامەکە دەڵێت "ئارەزوو دەکەم و دەڵێم لێگەڕین با ئەحمەد وڵات بەرێوە ببات، یاخود لێی فێربن بەمجۆرە بیربکەنەوە"
کەواتە مەسەلەکە لێرەیە ئەگەر ئیخوان موسلمین راوێژیان بە عەلی ئەحمەد بکردبایە، رەنگ بوو زۆر سەرکەوتوو دەبوون لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی وڵات، چونکە ئەم منداڵە لە نێو خۆپیشاندانەکان گەورە بووە و هەمیشە گوێی لە خەڵکە چی دەڵێن و باسی چی دەکەن و چٶن بیردەکەنەوە.. راستە هەتا دووبارەکردنەوەی ئەم قسانە بەمجۆرە وریایی و ژیریی دەوێت، بەڵام لە رۆژهەلآتدا دەیان و سەدان منداڵ هەیە لەئەنجامی بە سیاسی بوونی کۆمەڵگە و دواتر بە حزبی بوونی کۆمەڵگە تێکەڵی سیاسەت و رووداوە سیاسییەکان بوون.
منداڵی رۆژهەلآتی و منداڵی ئەفریقایی و منداڵی بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا بەشێوەیەکی نا سروشتی گەورە دەبن و تێکەڵی رووداوە گەرمەکانی کۆمەڵگاکانیان دەبن، منداڵ لەو شوێنانەی شەڕ و رکابەری سەربازی و سیاسی توندوتیژانەیان تێداباوە و پەرەی سەندووە، بوونەتە بەشێک لە رووداوە سیاسییەکان. هەندێکجار لە لایەن دەوڵەت یاخود رکابەری دەوڵەت لەبواری چەکداری و سەربازیش بەکار دەهێنرێن.
| منداڵی رۆژهەلآتی و منداڵی ئەفریقایی و منداڵی بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا بەشێوەیەکی نا سروشتی گەورە دەبن و تێکەڵی رووداوە گەرمەکانی کۆمەڵگاکانیان دەبن |
لە تورکیا دەیان منداڵ و گەنجی کوردی ژێر تەمەنی هەژدە ساڵی لە زیندانن، لە سوریا بە سەدان هەزار منداڵ لەئەنجامی شەڕ ئاوارە بوون و رووبەروی دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجە و ئازار بوونەوەتەوە لە میسر و لیبیا هەروەهایە. لەئەفریقاش دەمێکە بە هۆی شەڕ، منداڵ لە بواری سەربازی بەکاردەهێنرێت. لە هیندستان منداڵ زۆر بەخراپی لە کارپێکردن و دەستدرێژی سێکسی بە کاردەهێنرێن. منداڵەکانی ئەفغانستان کێشەیان یەکجار زۆرە.
ئەگەر سەیری خشتە و داتاکانی سەرجەم دونیا بکەین، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت لە زۆری شوێنی دونیا منداڵ زۆر بە خراپی مامەلەی لە گەڵ دەکرێت. بەڵام گرینگە منداڵێکی وەکو عەلی ئەحمەدی میسری ببینین، کە چٶن بیر دەکاتەوە و نەخشە رێگەی دەربازبوون لە قەیرانەکانی میسر دادەرێژێت و دونیا بینییەکی فراوانی هەیە بۆ چآرەسەر و دوارۆژی سیاسی لە وڵاتەکەیدا. بۆیە گرینگە هەندێکجار گوێ لە منداڵەکان بگرین و بزانین هەست و نەست و تێڕوانیان چییە.




