سەناریۆكانی لێبووردن لە ئوجەلانەوە بۆ ئیلكەر باشبۆغ
نووسەر: موراد یەتكین
ئایا ئەگەری دەر كردنی لێبووردن بۆ ئەرگەنەكون و كەجەكە هەیە؟ هاوكات لەگەڵ دۆزی ئەرگەنەكون و ئاشكرا بوونی بریارەكانی دادگا لە سەر گیراوانی ئەم دۆزە سەناریۆی دەركردنی لێبووردن بۆ ئوجەلانیش دووبارە بوونەوە بابەتی گفتووگۆ. ئاگاداری ئەوەم كە نووساندنی ناوی ئیلكەر باشبۆغ و عەبدوڵلا ئوجەلان پێكەوە چەندە شتێكی ناشیرینە، بەڵام بەداخەوە كە بارودۆخی ئەمرۆی توركیا وای كردووە كە ناوی ئەم دوو كەسە پێكەوە بهێنرێت.
سێ رۆژ لەمەوبەر 26مین سەرۆك ئەركانی گشتی سوپای توركیا ئیلكەر باشبۆغ بە تاوانی ئەندام بوون لە ئەرگەنەكون و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی توركیا، وەكو سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە) عەبدوڵڵا ئوجەلان لە لایەن دادگایەوە بە سزای زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم كراوە. باشبۆغ لە چوارچێوەی ئیفادەی ئەندامی پێشووی پەكەكە شەمدین ساقیق ( كە پێشتر دەستی راستی ئوجەلان بوو لە كاتی دەست پێكردنی یەكەمین قۆناغی ئاشتەواییدا 33 سەربازی بێ چەكی گوللەباران كردبوو و بەمجۆرە كۆتایی بە یەكەمین قۆناغی ئاشتەوایی هێنابوو) لە لایەن دادگایەوە مەحكووم كراوە. شەمزین ساقیق لە ئیفادە نهێنییەكانی خۆیدا بە دادگای رایگەیاندووە كە سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا لەگەڵ چەندین ژەنەراڵی دیكەدا هەوڵیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی پارتی داد و گەشە پێدان داوە و دادگای سزای گرانی ژمارە 13ی ئەستەنبۆڵیش لە سەر بنەمای ئەم ئیفادانەدا سەرۆك ئەركانی سوپای توركیای مەحكووم كردووە.
با زۆر دوور نەچین و باسی بابەتی سەرنج راكێش بكەین. ئوجەلان سەرەتا بە سزای ئیعدام مەحكووم كرابوو و بەڵام دواتر بە هۆی دەستوەردانەكانی ئەمریكا و ئەورووپایەوە ئەم سزایە كەم كرایەوە و كرا بە سزای زیندانی هەتا هەتایی. لێرەدا ئەو پرسەی كە دەكەوێتە مێشكی مرۆڤەوە ئەوەیە كە ئایا ئەگەر هێشتا لە توركیا سزای ئیعدام هەبوایا ئەوا كەسێك بێجگە لە ئاڵپ ئەرسەلان ئەرەسلان كە بانگەشەی ئەوە كرابێت بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ بەشداری لە رێكخراوێكی چەكداری كردووە9 یا ئەو 19 كەسە كە لە پێنجی شۆباتدا سزای زیندانی هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو ئیعدام دەكران؟ باشە بۆ رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا لە بەرامبەر ئەو كەسانە كە لە پلانی كوشتنی ئاقین بیرداڵ، رووداوی سووسوورلووك و كۆشتنی هەرانت دینكدا بەشدارییان كردووە و هێشتاكە هەر لە نێو كۆمەڵگەدان و دادگا هیچ جۆرە بریارێكی دژی ئەوانی دەر نەكردووە، بێدەنگە بەڵام لە بەرامبەر سزادانی ئیلكەر باشبۆغ كۆمەڵگە تووڕەیە. بێجگە لە خانەوادەی وەلی كۆچەك هیچ كەسێكی دیكە ناپرسێت كە وەلی كۆچەك بۆچی دادگایی دەكرێت و بە سزای زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم دەكرێت.
چەند رۆژێك بەر لە ئاشكرا بوونی بریارەكانی دادگای سزای گرانی ژمارە 13 سەبارەت بە دۆزی ئەرگەنەكون، لە ئەنقەرە باسی چۆنیەتی ئازاد كردنی سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵلا ئوجەلان دەكرا و هەندێك كەس و لایەن بانگەشەی دەركردنی لێبووردنیان بۆ ئوجەلان دەكرد و هەندێك كەسی دیكەیش ئاماژەیان بەوە دەدا كە ئازاد كردنی ئوجەلان تەنیا لە رێگای ئاشتی كۆمەڵایەتییەوە دەبێت. دواتر بریارەكانی دادگا ئاشكرا كران و ئێستە ئەنقەرە پێكەوە باسی چۆنیەتی دەر كردنی لێبووردن بۆ ئوجەلان و ئیلكەر باشبۆغ و گیراوەكانی دیكەی دۆزی ئەرگەنەكون دەكات. جێگری پێشووی بەرپرسی میت جەواد ئونەیش لە رێكەوتی 4ی كانوونی دووەمی ساڵی 2013دا لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ رۆژنامەی رادیكاڵ ئاماژەی بەوە كردبوو كە بارودۆخی توركیا ئەوەندە گۆڕانكاری بە سەردا دێت كە دەوڵەت و حكوومەت ناچار دەبن تا پێكەوە بۆ ئەرگەنەكون و پەكەكە یاسای لێبووردن دەربكەن.
سەرچاوە: رادیكاڵ




