پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان پیرۆزبایی گەرم لە هەموو موسڵمانی كوردستان و جیهان دەكەین و هیواردارین هاتنەوەی ئەم جەژنە پیرۆزە بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە بۆ هەموومان و خوای گەورە بەرەكەتی خۆی بەسەر گەلەكەمان و وڵاتماندا ببارێنێ و بمانخاتە بەر رەحمەتی خۆی.
لەم بۆنەیەدا بە شێوەیەكی تایبەت پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی رێی رزگاری كوردستان دەكەین و یادی رۆڵەكانیان بەرزوبەڕێز رادەگرین و ستایشی قوربانیدانیان دەكەین كە لە سایەیدا بەم رۆژی ئازادی و پێشكەوتنە گەیشتووین و بەڵێنیان بۆ دووپات دەكەینەوە كە برەو بە هەنگاوەكانی بونیاتنان و گەشەكردنی وڵات و دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بدەین و تواناكانمان تەرخان بكەین كە دۆزی رەوای گەلەكەمان بە شێوەیەكی ئاشتییانە بگەیەنینە كەناری چارەسەر و ئارامی.
پیرۆزبایی گەرممان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی و هیوادارین خوای گەورە پشت وپەنای بەڕێزیان بێ لە راپەڕاندنی ئەركەكانی كە ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئاستی بەدیهێنانی ئاواتە ستراتیژییەكانی نەتەوە و نیشتمان.
پیرۆزبایی گەرم لە جەنابی مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراقی فیدڕاڵ و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان_ی هاوپەیمانمان دەكەین و ئومێدەوارین بەساغ و سەلامەتی بگەرێتەوە ناومان و بەشداری خێر و خۆشی گەلەكەمان بكات.
پیرۆزبایی لە سەرۆكایەتی و ئەندامانی بەرێزی پەرلەمان و رێزدار نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و تەواوی كابینە بەڕێزەكەیان لە حكومەتی هەرێم و، لە هەموو دەرەجەداران و كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ و پیشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەین كە لەپێناوی ئارامیەمان شەونخونی دەكێشن و ژیان و كامەرانی هەموومان دەپارێزن.
پیرۆزباییمان بۆ گەلی كوردمان لە رۆژئاوای وڵات و بۆ كوردستانیان و هەموو لایەنە سیاسییەكان لە هەرێم و پارچەكانی دیكەی كوردستان و ئومێدەوارین بە هەوڵ و كۆششی هەموومان كۆنگرەی نەتەوەیی لە پێناوی داڕشتنی بەرنامە و تێڕوانینی ستراتیجی نەتەوەییمان سەركەوتوو بێ و بتوانێ یەكڕیزی گەلەكەمان لەم هەلومەرجە پڕ لە تەحەدیاتەی ناوچەكە و لەبەرمبەر گۆڕانكارییە دراماتیكییەكاندا بپارێزێ و تۆكمەتری بكات.
جەژنی رەمەزان لە هەموو ئەندامان و كادیران و لایەنگرانی پارتیمان پیرۆزە و خوای گەورە پشت و پەنای گەلەكەمان بێ لە رێگای گەیشتن بە ئاواتە رەواكانی.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان




