پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی كۆچی دوایی هەڤاڵ فەلەكەدین كاكەیی

مەرگی ناوادەی برا و هەڤاڵ و هاوسەنگەری دڵسۆزمان كاكە فەلەكەدین كاكەیی كۆستێكی گەورە و هەواڵێكی دڵتەزێن و پڕخەم و پەژارە بوو. كۆچی هەڤاڵ فەلەكەدین لە دەستدانی سەركردە و سیاسەتوانێكی ژیر و هۆشیار وتێكۆشەرێكی ماندونەناس و بڕواپۆڵایینی پارتی و رێبازی بارزانی و روناكبیرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو كە زەحمەتە ئەو بۆشاییەی بەجێیهێشت پڕبكرێتەوە.
كاك فەلەك وەك نوسەر و رۆشنبیرێكی هەستكردوو بە مەینەتی و ئازارەكانی گەلەكەی هەر لە تەمەنی لاوییەوە خۆی و قەڵەم و بیر و هۆشی خستە خزمەتی دۆزی رەوای میللەتەكەی و رێبازی خەبات و پێشمەرگایەتی هەڵبژارد و تا دوایین هەناسەش بۆ چركەیەك لەو رێبازە لاینەدا و بووە نمونەی نوسەر و روناكبیری هاوسەنگەری گەل و بووە سیمبول بۆ رۆشنبیرانی نەوەكانی دوای خۆی.
جیگەی شانازییەكی گەورەیە بۆ ئێمەی پارتی كە ئەو روناكبیرە گەورە و بە قەدرەی گەلەكەمان قاڵبووی خەبات و قوتابخانەی كوردایەتی و رێبازی بارزانی بوو، لەگەڵ ئەو رێباز و قوتابخانەیە هاتە گۆڕەپانی خەبات و بۆ دواجاریش هەرلە ناو هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی ئەو رێبازەدا گیانی سپارد .
كاكە فەلەك لەو سەركردە و هەڤاڵانەی پارتی بوو كە هەمیشە لە هەموان نزیك و تا بڵێی خاكەسار و نزیك لە جەماوەر بوو، تەوازوع و گیانفیدایی پێشمەرگەیەكی سادە و ساكاری كوردستان خەسڵەت و سیمای ئەو پیاوە تێكۆشەرە بوو، ئەو لە هەموو قۆناغەكانی خەبات، لە هەوراز و نشێودا، لە سەركەوتن و نوشوستدا هەردەم لە ئاسۆی رونی دەڕوانی و ئومێدی بە سەركەوتن و رەوایی دۆزی گەلەكەی هەرگیزا و هەرگیز لەق نەبوو، نوسەر و رۆژنامەنووس و بیرمەندێكی بە بڕشت و ماندونەناس بوو، تا دوایین رۆژەكانی ژیانی لە نوسین و چالاكی و بەخششی فیكری نەكەوت و رانەوەستا.
هەڤاڵ فەلەكەدین بە شایستەیی و لێوەشاوەیی لە كادیرێكی سەرەتاییەوە قۆناغ بە قۆناغ و پلە بە پلەی ئەركی پارتایەتی بە ئەستۆوە گرت و چەندجار بە متمانەی هاودەنگانەی كادیرانی پارتی ئەرك و شەرەفی ئەندامێتی سەركردایەتی وەرگرت و بەوپەڕی لەخۆبوردووی ئەركەكانی خۆی بەڕێوە برد. لە داڕشتنی سیاسەت و هەڵوێستەكانی پارتیدا هەمیشە خاوەن را و راوێژ و دەسپێشخەری و بیری نوێ و روئیای نوێخوازانە بوو، لە پاڵ ئەركە سیاسییەكەیدا بە هەمان گوڕو تین و كارزانییەوە ئەركی روناكبیرانەی خۆی لە خزمەتی كولتوری نەتەوەكەیدا بەرَیوەدەبرد. وێڕای توانای رۆشنبیرانەی بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی رۆشنبیری وەكوو وەزیرێكی لێهاتوو، هەروەها قەڵەم و هۆشیاری و بیری رۆشنی ئەو پیاوە نەك لەسەر ئاستی ئەم پارچەیەی كوردستان بەڵكو لە سەر ئاستی كوردستانی كەورە و عێراق و وڵاتانی عەرەب و دۆستانی كوردیش ناسراو و جێی تەقدیر و ستایش بوو. كەسایەتیەك بوو لەسەر هەموو ئاستەكان دیار و ناسراو .
داخی گرانمان مەرگ مەودای نەدا هەڤاڵ فەلەك زیاتر لەناوماندا بمێنێتەوەو ئێمە و كۆڕی روناكبیران و لاوانی رۆشنبیری كوردستان زیاتر لە فیكر و نوسینی ئەو مرۆڤە مەزنە سوودمەندتر بین ز
لە ماڵئاوای كاكە فەلەكەدینی هەڤاڵ و هاوسەنگەر و خۆشەویستی هەمواندا هەر ئەوەندەمان لەدەست دێت هەزاران دروود بۆ رەوانی شادی بنێرین و تەنیاش بەوە دڵنەوایی خۆمان بدەینەوە كە شوكور بۆ خوا كاكە فەلەك ژیانی بەجێنەهێشت تابەچاوی خۆی بەرهەمی خەبات و بەری ئەو تێكۆشان و گیانفیداییەی بینی كەهەموو ژیانی تێدا سەرف كرد، لە كوردستانێكی ئازاد و لە نێو گەلەكەی خۆیدا سەری نایەوە، ئەو گەلە وەفادارەی بە جیازوازی بیروباوەڕی سیاسی و ئاڕاستەی فیكری هەمووان بۆی نیگەران و خەمبارو پەرۆشن
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی كاكە فەلەك و تێكڕای شەهیدانی كورد و كوردستان
مەكەتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
1-8-2013




